لە تۆفیقەوە بۆ فاروق، شەڕەکە بەردەوامە

دلێر محەمەد
فەلسەفە دوژمنی سەرسەختی ئەو دێڕانەیە کە بە خاڵێک کۆتاییان دێت. کاتێک ئایینزایەک، بانگخوازێک، سەرکردەیەک، بازرگانێک یاخود حزبێک، پەرستگایەک، کۆمپانیایەک، پەیامێک ئەدا بە گوێماندا و ئەڵێت خاڵێک دانێن و تەواو، ئەوا بزانن ئەمانە دوژمنی سەرسەختی گومان و پرسیارن. ئەوە بزانن ئەمانە خاوەنی دەقی لە چوارچێوە گیراو و بە پیرۆز کراون. ئەوە بزانن ئەمانە ژووری تاریک و هزری ناو مێشکی کڵۆم دراون. هەر کەسێکیش نوێنەری پرسیارەکان بێت و بیەوێ خاڵی دوای دێڕ و دەق و پەیامەکانیان ڕەش بکاتەوە و لە جێگەیاندا نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمان دابنێ، ئەیکەن بە تابوری پێنج و شەش و حەوت. ئەیکەن بە خائینی پلە یەکی خاک و وڵات.

ئەیکەن بە کافر و زەندیق و پسوولەی جەهەنەمی لە سەر ئەرزەوە بۆ ئەبڕن. 

خاڵی دوای دێڕ واتا قفڵی دەرگای دێڕەکە. بەڵام نیشانەی پرسیار و گوومان واتا کلیلی کردنەوەی دێڕەکان. بۆ نموونە ئەگەر یەکێ هاتوو وتی من سەرۆکی نەتەوەیی و ڕوحی ئێوەم وخاڵێکی دانا. ئەگەر یەکێ هاتوو وتی من خودا و خالیقی ئێوەم و خاڵێکی دانا. ئەگەر یەکێ هاتوو وتی من تەنها فریادڕەسی ئێوەم لە جەور و ستەم و خاڵێکی دانا. ئەوە بە مانای قفڵ دانە لە چاکسازی و ڕێکسازی و پێشڕەفتن.

مانای وەستانە لە سەر یەک جۆر بیرکردنەوە، یەک جۆر گێڕانەو و یەک کۆتایی. ئەوە خۆی خودی کۆتایی ئێمەیە. هەر کاتێکیش تۆفیق حەکیمێکی وەکو ئەوەی میسریان فاروق ڕەفیقێکی وەکو ئەوەی کوردستان، بێن لە وەڵامدا بپرسن، کێ ئەڵێ ئێوە سەرکردەن؟ کێ ئەڵێ ئێوە خودان؟ کێ ئەڵێ ئێوە فریاد ڕەسن؟ یاخود بە سەرە لەقێیەکەوه یان بە دەم داچەقانێکەوە بڵێن: ئێوە سەرۆک و خودا و فریادڕەسن!!! و همە همێکی بۆ بکەن. ئەوا بە هەزاران سەرۆک حزب و بازرگان و خودایان لێ ڕاست ئەبێتەوە بە خۆیان و جەیشێک لە کەناڵ و لایەنگر و بەندە و کۆیلە و قەڵەم فرۆش، بەر ئەبنە گیانی تۆفیقەکان و فارووقەکانی پرسیار و گوومان. جا یان ئەیانکووژن، یان بە کوشتیان ئەدەن وەکو عەبدولخالق مەعروفەکەی هەولێری کوردستان و فەرەج فودەکەی دەمیاتی میسر.

تۆفیق ئەلحەکیم نووسەر و ئەدیب و شانۆنووس و بیرکەرەوەی گەورەی میسری (١٨٩٨-١٩٨٧) یەکێک بوو لە جەنگاوەرە هەرە شەڕڤانە ئازاکانی فیکر و ئەدەب. ئەو لە هەموو دەرگا داخراوەکانی دەدا و دەستی بۆ هەموو سێوە حەرامەکان ئەبرد. ئەو هەرچ پەیام و دەقێکی بدیایە نیشانەیەکی پرسیار یان گوومانی ئەخستە سەر. لە چلەکانی سەددەی ڕابردوو شەڕێکی فکری لە گەڵ شێخی ئەزهەر شێخ ئەلمراغی بەڕێکرد. لە حەفتاکانیشدا بە هۆی کتێبێکییەوە لە ژێر ناوی "گەڕانەوەی هۆش" لە گەڵ چەپەکاندا کەوتە ململانێوە. لە ساڵی ١٩٨٣ توفیق ئەلحەکیم زنجیرەیەک وتار لە ڕۆژنامەی ئەهرامدا بڵاو ئەکاتەوە لە ژێر ناوی "گفت و گۆیەک لە گەڵ، وە بۆ خودا" کە وتارگەلێکی فەلسەفی قووڵ بوو، کە هەڵگری ڕەگەزی ڕوحانییەت بوو و مانای قووڵی پەیوەندی بەندە و خودای ئەخستە بەر نەشتەری پرسیار و گوومان. بە هۆی ئەم زنجیرە وتارەوە تۆفیق کەوتە بەر هێرشێکی دڕندانەی هەموو شێخەکان و شێح شەعراوی و لایەنگرانی بۆ سەر تۆفیق و تۆمەتبار کردنی بە کوفر و زەندەقە و لادەر و دەستدرێژی کردنە سەر سنورەکانی خودا.

ئەمڕۆش لە کوردستانێکدا کە پڕ پڕە لە بانگخوازی بێ فکر، لە ئیسلامی سیاسی بە پیلان، لە سەرکردە و حزبی تا بیناقاقا گەندەڵ، لە بازرگانی سیاسی و سیاسی بازرگان. پڕ پڕە لە یەک دونیا لە نووسەر و ڕۆشنبیر و خاوەن بڕوانامەی فەلی مووچەخۆر. لە پاڵ ئەم سەددان هەزارە کەسایەتی و بڕیاردەرە، قوفڵ لێدراوانەدا، چەند دەنگێکی ئازادی ڕام نەکراو هەیە کە پرسیاری جدیی و گوومانی گەوره گەورەیان هەیە. چەند دەستێکی کراوە هەیە لە دەرگای هەموو تابووەکان دەدەن. فارووق ڕەفیق یەکێکە لەو دەنگ و دەستانە، خەریکە بە هەموو ئەوانی دیکەوە، دەست و زمانی بشکێنن. ڕۆژێک هێرش دەکەنە سەر شێرزاد و ڕۆژێکی دی مەریوان و ڕۆژێکیش چۆمان و ئەمڕۆش فارووق، تا بۆ ئەبەد بە بێ فکر و بێ پرسیار و بێ گوومان، گوێ لە عەقڵی کڵۆم دراو و پەیامی لە چوارچێوەگیراو بگرین.

05/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر