خۆشی بۆ یەکەمەکان و ئازاریش بۆ ئەوانی تر

دلێر محەمەد
هیچ دایک و باوکێک شک نابەم لە دونیادا، کە ئەگەر نەوەکەی سەرکەوتوو بێ لە خوێندن، یان هەر بوارێکی دیکەدا، حەزنەکات وێنەی لە سەر سنگی خۆی هەڵنەواسێ و جاڕ بۆ ئەو سەرکەوتنە نەدات! مەگەر زۆر بێ باک  بێت یان کێشەیەکی هەبێت یاخود باوەڕی بە بەچاوەوەبوون هەبێت. هەتا ئێرە ئەمە بابەتێکی ئاسایی و تا ڕادەیەکیش پەسەندە. هەواڵی یەکەمەکانی قۆناغی کۆتایی خوێندن، ئەو بابەتەیە  کە ساڵانێکە لەم مانگەدا،  میدیا بە گشتی و سۆشیاڵ میدیا بە تایبەتی دەتەنێت.  

بەڵام ئەوەی تەواو نا پەسەند و نادادپەروەرییە کە، تەواوی حکومەت و پەروەردە و میدیای بەرپرس، دونیای کورد بە وێنە و لێدوان و شانازی یەکەمەکانەوە خەریک بکات. من تێدەگەم کە نانی سۆشیال میدیا، لە قوڕگی تەنانەت بێ بایەخترین هەواڵدا پەیدا دەبێت. بۆیە زۆربەیان دەبنە میدیای نابەرپرس. بەڵام دەکرێ هەموو ئەوانی دیکەش بۆ سواڵی لایک و کۆمێنت هەمان ڕێچکە بگرنەبەر؟

 لە میدیا بگەڕێ ئاخۆ دەکرێ تەنانەت قوتابخانە و حکومەت و دەزگای پەروەردەش لە هەمووان خراپتر هەڵپەی بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە لە هەواڵانە بدات؟ 

پرسیارێک کە زۆر سادە و ڕوون و ئاشکرایە و وەڵامەکەشی زۆر سانا بە نەخێرە! ئەکرێ هەرچی قوتابی هەیە لە وڵاتێکدا لە یەکەمەکان بن؟ 

ئەی ئاخۆ ئەگەر هەندێک پرسیاری دیکە بیر لێبکەینەوە، دەگەینە چ بارێکی تراژیدی لە بیرکردنەوە و تێفکرین و تێڕوانین بۆ ئایندە؟ 
ئاخۆ چوون بۆ قوتابخانە و بڕینی قۆناغەکانی خوێندن تا کۆتا ساڵ، لە پێناو ململانێ و کێشمەکێشە بۆ بە دەست هێنانی پلەی یەکەمی؟ یان دانانی جۆرێک لە پێوەر و ئەزموون و پلەبەندی کردنی خوێندکاران لە کۆتا قۆناغدا، بۆ ئەوەیە کە توانا و سەلیقە و بەهرە و ئارەزووە جیاوازەکان جیابکرێنەوە؟ ئاخر ئەگەر هەموو کۆمەڵگا ببەن بە دکتۆر و ئەندازیار و پاڕێزەر، کێ ببێ بە پەرستار و فەرمانبەر و ژمێریار و دەرگاوان و هونەرمەند و کارگوزار و ...هتد؟ 

بەڕای من پەروەردەیەک نەتوانێ ڕێز و حورمەتی هەموو پیشە و کار و فەرمانەکان یەکسان بکات، هەق وایە دەرگاکەی دابخات و بڕواتە ماڵەوە. چونکە ئەوە پەروەردە نیە و هیچ بنەمایەکی پێداگۆگی نازانێ و پیادە نەکردووە. ئەگەر پەروەردە پەروەردە بێ، ئەبێ لەوە تێبگات کە ئێمەی مرۆڤ جیاوازین، تیاماندایە لە ماتماتیک زیرەکین و تیاشماندایە فەنتازیای نووسین و ئەدەبیاتمان تیا زاڵە. تیاماندایە گیانی یارمەتی و خزمەتگووزاریمان تێدا بەرزە،  تیاشماندایە حەزمان لە کار و پیشەی دەست و تەکنیکییە، ئیتر بەم جۆرە. کەواتا کاری پەروەردە نیە بێت کەسانێک بە بایەخ و ئەوانی دیکە بێ بایەخ نیشانی کۆمەڵگا بدات. بەڵکو کاری پەروەردە ئەوەیە بە کۆمەڵگا و خوێندکاران و کەسوکاری خوێندکارانیش بڵێ: هەموو پلە و نمرە و توانا و مرۆڤێک جێگەی ڕێزە و کۆمەڵگا پێویستی بە هەمووانە.
کارگوزار و پزیشک و مامۆستا و شاعیر و گۆرانیبێژ و فەرمانبەر و پۆلیس و ...هتد، وەکو یەک خێزان یەکتر تەواودەکەن و بێ یەکتری کاری هیچ لایەک تەواو و مەیسەر نابێت.

لە ڕۆژانی پێشوو لە دانیشتنێکدا کەوتین بە سەر هەواڵی یەکەمەکان لە میدیاکانەوە. وا ڕێککەوت لەو دانیشتنەدا دووانمان کەسوکارمان هەبوون کە خوێندکاری دوا قۆناغمان شک ئەبرد. بەر لەوەی دەست بنێین بە دوگمە سەوزەکەدا بۆ زەنگ لێدان، پەیجی سۆشیال میدیای کەس و کار گەڕاین. یەکێک لە دانیشتووان هەڵیدایێ و وتی: ئەرک مەکێشن ئەگەر لە یەکەمەکان بوونایە ئێستا دەیانکردە پۆستێک لە فیس بووکدا! من ڕاستەوخۆ چوومە لاشە و بیری ئەو خوێندکارانەوە کە لە یەکەمەکان نین. بە بەرخۆمەوە وتم خۆزگەم بەوان نەبێت. ئاخۆ لەو تەمەنە هەژدە بەهارەدا، ئەبێ ئەوانەی ڕێژەی پەنجا و شەست و حەفتا و هەشتایان بە دەست هێناوە لە چ دۆخێکی نارامی دەروونی و جەستەییدا ئەژین؟ ئاخۆ تەنها بە هۆی هەواڵەکانی ئەم ڕۆژانەوە چەند باوک و دایک و فەرزەند کەوتوونەتە کێشە و دەمەقاڵێ و شەڕی توندەوە؟ ئاخۆ چەند دایک و باوک کەوتوونەتە سەرزەنشتی یەکتری و تۆمەت بەخشینەوە بە کەمتەرخەمی لە ڕێنمایی و چاودێری خوێندنی مناڵەکانیان؟ ئاخۆ چەند قوتابی بووە نموونە تانەلێدان و سەرزەنشت و بە دەبەنگ و تەمەڵ و بێ بەهرە و بێ توانا، لە پای ئەوەی کە نەبووە بە یەکەم؟ ئاخۆ چەند ئاژاوە و چەند  جیابوونەوە و چەند توند و تیژی خێزانی لە بەر تیشکی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانەدا سەریان هەڵدا بێ لەم ڕۆژانەدا؟ 

لە کۆتاییدا ئەپرسم ئاخۆ کێ بەرپرسە لە ڕاستکردنەوەی ئەم خواروخێچییانە؟ میدیا، حکومەت یان خوێندکار و خێزانەکانیان؟ یاخود لەم بوارەشدا وەکو زۆربەی بوارەکانی دیکە پێویست ناکات لە دەرگای حکومەت بدەین، چونکە کەس لە ماڵ نیە!


23/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر