کالیگۆلاکان خەون دەبینن بە مانگەوە، خەڵکیش بەمووچەی مانگانە!

دلێر محەمەد



ئەبێت تێبگەن کە هاتنە سەر شەقامی خەڵک و بەردە فڕکێی مناڵ و گەنج و سوتاندنی بارەگاکانتان لە خۆڕانیە.


 ئەبێت بزانن گەر خۆتان و کوڕ  کچتان و دار و دەستەتان لە کۆشک و تەلار و لە گوندی ئەڵمانی و شوقەکانی زەکەریا بژین و خانووی تەجاوزیش بە سەر هەژارێکی بێ خانوو بڕووخێنن، ڕەوا نیە!


 گەر ئێوە خاوەن مەعمەل و پاڵاوگە و بیرە نەوت و زانکۆی ئەهلی و قوتابخانەی تایبەتی و کۆگای دەرمان و چی و چی دیکە بن و مووچەی مانگانەی مامۆستا و فەرمانبەر بە ڕەوا نەبینن و عەرەبانەی دەستگیڕ بسووتێنن، ڕەوا نیە!


گەر ئێوە بە سواری جاگوار و لاندرۆڤەر ئێوارانێ بە سنوقی  پڕ لە شیڤاز و دەمپڵەوە ڕوو لە باخەکانتان بکەن لە سیتەک و شەقڵاوە و داواش لە مامۆستا و فەرمانبەر بکەن دان بە خۆدا بگرن و بە خۆدا بچنەوە، دیسان ئەمەش ڕەوا نیە!


 گەر ئێوە چی و چی دیکەتان کرد و برد و هەموو شتێکیشتان لە خەلکی کرد، ڕەوا نیە!


ئەمانە مشتێکن لە خوارێک سەروەت و سامان و ئیمتیازات بە تەنها بۆ خۆتانتان قۆرخکردووە و بۆ کاسبکار و مووچەداریش برسێتی و نەداری و سواڵکردن و خۆکوشتن بمێنێتەوە، ناو ئەنێن چی؟


نادادپەروەری! نادادپەروەرییەک لە پاش هەموو ئەمانە وەک شێرکۆ بێکەس لە قەسیدەی ئێستا کچێک نشتیمانمەدا دەڵێ نشتیمانێک لە شێوەی پیاوە کەتە زلە گەندەڵە پیاوکوژەکە لە پاش ئەو هەموو ناز و نیعمەتە داوا ئەکات مانگی بۆ دابگرنە خوارەوە...


 بزانە و ئیتر تێبگە ئەمە سەرەتای ڕاپەڕینی دوای 30 ساڵ تکا و ڕجا و نزا و ئامۆژگاری و دان بە خۆدا گرتنە وا خەریکە لێی ئەڕژێت. بەڵام تۆی دەسەڵات لە بری پاکی و چاکی دونیایەکت لە گەندەڵی خولقاندووە. تۆ تەمەنت هێشتا نەگەیشتۆتەوە بە تەمەنی سەدامەکان و قەزافیەکان و موباڕەکەکان و سەددان و هەزاران جاری ئەوان گەندەڵیت کردووە. بەڵام هێندە چاو نەترسیت چارەنووسی هەموو ئەوانەت لە بیر کردووە. من وات دەبینم لەوان ناچیت و بەڵکو لە وێنەی کالیگۆلای ئیمبراتۆری ڕۆما ئەچیت کاتێ ڕۆمای پڕ کرد لە لاشە و خوێن، دوای ڕابواردن و ڕووتانەوەی گەلی ڕۆما و پڕکردنی گیرفانی خۆی هەڕ وەک ئێوە خەونی بەدەستهێنانی مانگی هەبوو، بەڵام کە کاسە پڕ بوو لێی رژا و خەڵک و بەشێک لە دار و دەستەی خۆی دواجار لێی ڕاپەڕی و بارتەقای ڕقی هەموو ئەو ستەمانە سی دانە خەنجەریان لە ورگی چەقاند. 


گەر تۆش خەونەکانت خەونی مانگ گرتن بن و چاوەڕێ مەکە لەوە زیاتر مووچەخۆریش خەون بە مووچەی سی ڕۆژ جارێک ببینن، چونکە گەر تۆ خۆت نەگۆڕیت دواجار وەک کالیگۆلا دینە سەر کۆشک و تەلارت و خۆیان دەتگۆڕن. 


هەر بۆیە بانگهێشت دەکەم بۆ سەیری شانۆیی کالیگۆلا لە سایتی یۆتوب کە لە نووسینی ئەڵبیرت کامۆیە، چونکە لە هاواری کوردیی باش نەگەیشتی بەڵکو لە هاواری کوشتنی کالیگۆلا تێبگەیت و تۆ بە خۆتدا بچیتەوە نەوەک میللەتی ڕەش و ڕووت.

10/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر