کورد لە زیندانی سیاسییەوە بۆ زیندانییەوانی سیاسی

دلێر محەمەد

لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و لە سەروبەندی 31 ئابدا، ڕووی دەمی گلەیی لە ئەمریکا ئەوە بوو، کە لە هێرشی هێزەکانی گاردی کۆماری سەددام بۆ سەر هەولێر بێ هەڵوێست بووە. ڕەنگە هیچ وەڵامێک لەوە ڕاستتر و ئاسانتر نەبووبێت بۆئەمریکییەک لە ئاست وەها گلەییەک، کە بڵێت جا ئەوان تا دوێنی داوای ئازادییان ئەکرد لە دەستی سەددام، لە دوای سێ ساڵ لە ئازاد بوون بەربوونە گیانی یەکدی و دوژمنەکەی دوێنێیان هێنایە سەر یەکتری، ئیدی ئەمریکا چی بکات؟ جۆن پۆلتنیش ئەڵێ ئەگەر تورکیا کێشەی پەکەکەی بۆ یەکلایی نەکرێتەوە لە پلان Aدا ئەوا لە پلان Bدا کورد بەردەداتە گیانی یەکتری بۆ نارشرین کردنیان و ڕەوایەتی دان بە شەڕەکەیان دژی پەکەکە و ڕۆژئاوا. ئەم دوو نموونەیەم بۆ ئەوە هێناوەتە گۆڕێ تا هەم وێنەیەک نیشان بدەم کە چۆن خودی قوربانی ئەگۆڕێ بۆ ستەمکارێک و کەسیش بەزەیی پێدا نەیەتەوە و ئاوهاش دەکرێت لە مەسەلەی زیندانیانی بادینانیشدا هەمان قوربانی جاران ببێ بەستەمکارێک کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەزەیی بە دەسەڵاتەکەیدا نەیەتەوە لە هەر ئەگەرێکی لە نێوچووندا. بۆیە نەدەبوو هەرگیز مارانگاز ببێ بە هاوڕێی مار و دار بە لقی خۆی یارمەتی تەور بدات بۆ بڕینەوەی خۆی، بەڵام کورد کەی لە پەند و عیبرەتی پێشینان گەیشتووە؟

ڕەنگە هیچ شتێک هێندەی ئەوە جێگەی داخ نەبێت بۆ کورد و دۆستانی کورد و چاودێرانی ناوخۆ و بیانی دۆزی کورد، کە کورد ئەمڕۆ و دوای سی ساڵ لە خۆبەڕێوەبردن، دەستی سورە بە خوێنی ڕۆڵەی خۆی، دەستی ڕەشە بە هۆی زیندانی کردنی ڕۆڵەی خۆی بە هۆکاری سیاسی و ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین. هێزگەلێکی دەسەڵاتداری ئەمڕۆ لە کوردستان کە خۆیان بە درێژایی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان، بە هۆکاری سیاسی و لە پێناو ئازادی لێیان لە سێدارە درابێت، لێیان تەعزیب و زیندانی کرابێت، شەرم نیە ئەمڕۆ خۆی زیندانیەوان بێت بە سەر ڕۆڵەی خۆی بە هەمان ئەو هۆکارانە؟ 

تۆ ئەی کورد، چاوەڕوانی چ بەزەییەکی نێودەوڵەتیت، لە کاتێکدا خۆت بە ناشرینترین شێوە ئازاری ڕۆڵەی خۆت ئەدەیت و نیو ئەوەندەی بەعس ڕاستگۆ نیت لە داوەری کردنی ڕۆڵەکانی خۆت؟ چونکە زۆربەی ئەو کوردانەی لە زیندانەکانی بەعس لە سێدارە دەدران و حوکم دەدران لە ڕاستیدا سیاسی بوون و دژ بە بەعس چالاک بوون و دروشمی ڕوخاندنی بەعسیان هەڵکردبوو، کە بەڕای من جوامێر و بەهەڵوێستی کۆمەڵگای کوردی ئەو کاتە بوون. بەڵام تۆ ئەی دەسەڵاتی کوردی، کە تا دوێنی خۆت تینووی ئازادی بووی. بەڵام ئەمڕۆ هەر خۆت، ئەو ڕۆڵانەی خۆت کە بە تاوانی تیرۆر و سیاسی دەیانکوژیت و حوکمیان دەدەی لە ڕەخنە و داواکاری ژیانێکی باشتر هیچ کات داوای ڕووخانیان نەکردووە و تۆیان نەگۆڕیوەتەوە بە هیچ کام لە دوژمنانی چوار دەور. ناکرێ جیاوازییەک بکەیت لە نێوان ئەوەی تۆ دژ بە بەعس ئەتکرد لە گەڵ ئەوەی ڕۆڵەکانت ئەمڕۆ لە گەڵ تۆدا دەیکەن. بەراوردێک بکە بزانە کامتان ستەمکارترن؟

لەو ڕۆژەوەی جەمسەرەکانی ئەم دەسەڵاتی کوردییە کەوتنە ململانێی خوێناوی یەکتری و سنورکێشان و جیاکردنەوەی زۆن، ئیتر پڕۆسەی بە حزبی کردنی دام و دەزگا و دادگا و دار و بەردی ئەم وڵاتە هەڵکشا تاوەکو ئەمڕۆ کە گەیشتۆتە لوتکە. بەمەش یەک دونیا پێناسەیان له سەر کاغەز و لە سەر زەوی ئاوەژووکردەوە. ئاسایشی تاکی کوردیان گۆڕی بە ئاسایشی تاکی حزبی. ئاسایشی شاریان گۆڕی بە ئاسایشی بارەگا و بنکەکانی حزب و سەرۆک و سەرکردە و بەرژەوەندییەکانیان. کاتێک هەر لایەکیش حزبی خۆی بە ڕاسترین و پاکترین و کوردترین زانی ئەوا ئاسایشی حزبیشیان لە جێگەی ئاسایشی نەتەوە و وڵات دانا. 

بۆیە لێرە بە دواوە ئەوەی لە دەرەوەی حزبە واتا لە دەرەوەی نەتەوەیە و ناحەز و دوژمنە. کەواتا ئاسایش و پۆلیسە حزبییە پڕ لە ئەندامەکانی حزب، تاکە کاریان ئەوە دەبێت کە ئاسایشی حزب و ئەندامان و بەرژەوەندییەکانیان لەوانەی دەرەوەی حزب بپارێزن. دادگاکانیش کە پڕن لە ئەندامانی حزب تاکە کاریان ئەوە دەبێت کە (بێتاوانانی حزب و سەرکردەو ئەندامانی حزبی!!) لە تاوانبارانی دەرەوەی حزب بپارێزن.  بەم پرۆسە دوور و درێژە ئاڵۆزەش تۆی زیندانی سیاسی جاران بووی بە زیندانەوانی سیاسی ئێستا و هەرچی لە دەرەوەی حزبە لە سەر پەتێکی باریکە و ئەگەری بوون بە تاوانبار و بە زیندانی سیاسی زۆر ئاسانە.

ئێوەش ئەی ئەوانەی دەرەوەی حزب و هاوڵاتیانی بێ لایەن و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، چالاکوانی مەدەنی، یان بەوێنەی سەردەمی بەعس ئیمزا بکەن بۆ حزب بۆ ئەوەی بەر نەفرەتی ئاسایش و پۆلیس و دادگای حزب نەکەون یاخود بێدەنگی لە ئاستی هەر شتێک هەڵبژێرن (خۆ لە سەردەمی بەعسیش بێدەنگیت هەڵبژاردایە، بە شێوەیەک لە شێوەکان پارێزراو بووی). دەنا ئەوەی ڕازی نیە و ڕەخنە دەگرێ یان ڕۆژنامەنووسی ئازاد و چالاکوانی مەدەنییە چاوەڕوان بێت یان له شەقامدا پەلامار بدرێ و بکوژرێت، یاخود بە ناوی گروپی تیرۆریستی و تێکدەر سزای یاسایی بە سەردا بسەپێنرێت. 

کورد ئەڵێت هەتا ئەم بایه لەو کونەوە بێت ئەمە حاڵمان ئەبێت!! هەتا ئاسایش و دژەتیرۆر و دەزگای هەوڵگری و دادگاکان حزبی بن، ئێمەش هەر زیندانی سیاسیین. گەر چاوێکیش بە  پلەبەندی هەڕەمەکەی ماسلۆMASLOWدا بخشێنین دەبینین، لە دوای دابینکردنی هەناسە و خۆراک و پیداویستییە فیسیۆلۆژییەکان، پێداویستی ئەمن و ئاسایش لە پلەی دووهەم دێت. ئەپرسم ئاخۆ کەس لە سەردەمی بەعسدا برسی بوو؟ ئەدی ئێمە بەعسمان بۆ ڕووخاند؟ ئایا ئەگەر ئێستا زۆرینەی خەڵکی لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە هەم برسی بیت و  هەم ئاسایشیشی لە مەترسیدا بێت، تۆ بڵێی ئەم دەسەڵاتە و خەڵکیش هێشتا نەزانن هەنگاوی داهاتوویان ئەبێت چی بێت!؟ دەنا دەسەڵات سەرەڕای برسێتی و نەهامەتی، ئاسایشی خەڵکیش بخەیتە مەترسییەوە هەق وایە چارەنووسی بەعس و بڕێکیش خراپترت هەمیشە لە بەرچاو بێت.

12/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر