لێرەدا ستۆپ‌

دلێر محەمەد

ڕۆژگارێک بوو هیچ لایەن و کەسێک نەیدەوێرا لە گەڵ یەکێتی تێکی بدات لە بەر دەمی لۆژیک و بە بەڵگەی ڕاگەیاندنەکەی.

 ڕۆژگارێکیش هیچ کەس و لایەنێک نەیدەوێرا لە گەڵ گۆڕان تێکی بدات لە بەر تۆپببارانی سەختی تۆپخانەی ڕەخنەگرانەی ڕاگەیاندنەکەی. 

درێخ ئەمێستا ئەم دوو حزبە کە خاوەنی ئەم شارە و ئیدارەکانین نەک ناتوانن بەرگری لە خۆشیان بکەن بەرانبەر پارتی، بگرە هێڤیدارێک هەموویانی خستۆتە کون. 

وا دیارە هێڤیدار ئەزانێ کوێتان دێشێت دەنا یەک تۆسقاڵ لە حزبەکەی هێڤیدار‌پاکتربن، بێ دەنگیتان نەدەکرد، ئەگەر نا ئەوە ئێوە و ئەوەش‌ هێڤیدار.

من سەیرم لێ دێت هێڤیدارێک کە من دڵنیام هەرچی بکات بۆ حزبەکەی دژ بە دوو (نەیارە سیاسیە دەستەمۆی پلە و پارە و پۆست) ەکەی پارتی مافی خۆیەتی و هێشتا بارتەقای ئەو ئیمتیازاتە نیە کە کاک هێڤیداری لەو ڕاگەیاندن کارەوە کە لە هەر لێدوانێکیدا دەیان جوملەی ناموفیدی دەدرکاند، کرد بەم کەسە بەلیغ و ناتیقە سوپەرتەی پارتی  ناو پارلەمان و بەردەم دەیان مایکی کەناڵەکان.

هەتا ئێرە کێشە نابینم و سیاسەتکردن دەبینم بەڵام هێڤیدارێک بێت کار بگەیێنێتە ئەوەی ناڕاستەوخۆ تانە لە قوربانی و خەباتی چوار پێنچ دەیەی کۆتایی ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و کەرکووک و شارباژێر و ڕاپەڕین و تا دەگاتە دەشتی کۆیە و هەولێریش بدات ئەمە هەقی لە سەر وەستان و هەڵوێستی توند وەرگرتنە. چونکە وا دیارە هێڤیدار تەنها یادەوەری هەشتاکانی ژێر سایەی بەعسی شاری دهۆکی لە یادە و شتێکی دی لە بارەی خەباتی شار و شاخی ئەو دەڤەرانە نەبیستووە! لە دوای ڕاپەڕینیش جگە لەو ئەدەبیاتەی حزبەکەی (کە لە نسکۆ کۆتایی دێت و بە قیادەی موقتە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە حازر خۆری بەر سێبەری دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕین)، بە دوای هیچ ئەدەبیاتی حزبەکانی وەکو یەکێتی و سۆسیالیست و شوعی و بزوتنەوە و پاسۆک و ...هتد نەگەڕاوە. تا تێبگات چ قوربانییەکی گەورە و مەزن لە دوای نسکۆوە دراوە تا گەیشتووە بەو ڕاپەڕینەی کە دواجار حزبەکەی هێڤیداری کرد بە ژمارە یەک و خاوەن نەوتی هەرێم. 
من تێناگەم لەم هەموو قەڵەمە حزبییەی یەکێتی و گۆڕان و حزبەکانی دیکەش، لەم هەموو مووچەخۆر و کادیرانی حزبەکانی زۆنی سەوز‌نیلی و ڕاگەیاندنەکانیان کەسێک نیە بە هێڤیدارێک بڵێت ستۆپ کاکە ستۆپ. 

من پێت دەڵێم بەڵێ زۆرترین شەهیدان و زۆرترین ئەنفال و زۆرترین زیندانی سیاسی و زۆرترین قوربانی لەم دەڤەرەیە.
 بەڵێ زۆرترین پەککەوتە و زۆرترین کەم ئەندامی سەنگەر لەم دەڤەرەیە. هەر ئەم ژمارە زۆرەی قوربانی دانی ئەم دەڤەرەیە کە حزبەکەی هێڤیداری کردووە بە خاوەنی ئەو نەوتەی کەس نازانێ ڕەنگەکەی چۆنە!؟ بۆیە ئەو داهاتەی لە نەوت و گومرکی هەموو کوردستان کۆدەبێتەوە دەبێت بە یەکسانی دابەشی سەر خەڵکی بکرێت. ئەمە ئەگەر زۆری قوربانی لە دەڤەری سلێمانی لای تۆ وا بێت کە لە داهاتی نەوتی ژێر دەستی پارتی بێبەش بکرێن!؟ تۆ بڵێی نەوتەکەش ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا بێت و بووبێت بە پارتی وا کاک هێڤیدار ئەو هەموو قوربانییە هەواڵە بە گومرکێکی کەمی دزراوی دەڤەری سلێمانی بکات!؟

یاخود بەو پێیەی هێڤیدار بێت ئیتر با کەس قوربانی نەدات بۆ کوردستان و خۆ لە شەهید بوون و کەم ئەندام بوون و زیندانی بپارێزێت لە پێناو وڵاتەکەی تا نەبێت بە بار بە سەر داهات و نەوتەکەی هێڤیدارەوە.

10/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر