بعد خراب السلیمانیە

دلێر محەمەد

یەکێتی دەمێکە هەولێری و بادینانییەکانی لە قەفەسدا وەک نێچیرێک بۆ شێرەکە بەجێهێشتووە. جا چۆنیان بپچڕێ بە کەڵبەکانی ئەیانپچڕێ. چونکە شێرەکەی ئەو بەر دەمێکە گوێی لە نەعرەتەیەکی شێرەکەی ئەم بەر نەبووە، جا بۆ نەخوا؟

 ئەمە وەکو خەڵک، بەڵام وەکو حزبیش یەکێتی و گۆڕان ئەندام و لایەنگریان لەو سنورەدا، بە دارا بدرێ یان بە بەرد دەربەست نایەن، بکرێن بە تیرۆریست و بە حەشیشەکێش زیندانیش بکرێن نەک لە سەری هەڵنادەنێ بگرە هێندەی چالاکوانێکی مەدەنی ناو سۆشیال میدیا خۆیانی پێوە خەریک ناکەن، بەڵام ئازان لە ژێر سایەی پارێزگارە گۆڕانەکە و دامودەزگا یەکێتییەکان بە فیکەیەکی کوڕی سەرۆک و کارتێکی سووری سەرۆک سێ شەقاوەی سەربازی لە زیندانەوە بە سەیارەی جێگر باشی و بە گەرەنتی بگەیێننە هەولێر.  هەر بۆیە باس لە سەر سلێمانییە لێرەدا، بۆ بێ کەسی کەرکووکییەکانیش ئەوە شانامەی گەرەکە. لێرە بە دواشەوە کە ئەڵێم سلێمانی مەبەستم گەرمیانیش و ڕاپەڕین و هەڵەبجە و سەرجەم ناوچەی زۆنی سەوز و نیلییە.

 ئەوەی پارتی لە سلێمانی ویستی بۆ ڕۆژێکیش سلێمانی بە گوێی نەکرد. لەوە بە دواش ئەوەی پارتی بەخشییە سلێمانی هەر خەم و هەر تەم بوو، هەم ئاگر و هەم بارانیش، و هەم تەرزە بوو هەم تۆفانیش.  ئەوەی ویستیبێتی و بۆشی نەکرابێ بە یەکێتی و گۆڕانی کردووە.  سلێمانی جەماوەرێکی زیندووی بە یەکێتی و دواتریش بە گۆڕان بەخشی بەڵام ئەوان بە مردوویی بردییانە بەردەمی پارتی. ئەوان هەرچی ئیرادە و حەز و خولیا و هونەر هەیە لەو شارەیان سەندەوە. سلێمانی ئازاد بوو، ئازادییان بەرتەسک کردەوە. سلێمانی جێگەی وشەی هەق و ڕەخنەگرتن بوو، وشەیان تێدا دایە بەر شەق و گوولە. یاسا لە سلێمانیدا سەروەر بوو پڕیان کرد‌ لە تاوانی بکەرنادیار و ئینتیحار. سلێمانی شاری ئازادی ژن و یەکسانی و نموونەی کرانەوە بوو، کریان بە شاری لەچک، ژن و کچانیشیان کرد بە مادەی خاوی خوتبەکان و بنێشتەخۆشەی سەر زمانی عبدولەتیفەکان. ئەگەر ئەولا گەندەڵ و ئەولا خۆسەپێن و ئەولا نەوت فرۆش بوو، ئەی ئێوە چیتان کردووە لە سلێمانیدا تا لەو نەچن؟هیچ!

مفەوەزێکی ئاسایشی ئەولا لە کۆیە ڕێگەی لە سکرتێر و لە قوشتەپەش لە سەرۆکی پارلەمان کرد، کامە بوو هەڵوێستی جێگیرتان؟ سلێمانی داوای کرد تیپ هەڵوەشێننەوە لەگەڵ پارتی وهەڵوێستتان هەبێت...! ئەوێ ڕۆژێ ئەولا وتی ڕێفراندۆم، هەموو سلێمانی وتی نەخێڕ بۆڕێفراندۆم لە ئێستادا، گوێتان نەگرت و بۆ سبەینێ بەر لەوان گەیشتنە سەر سندوقەکان. لە بری ئەوەی بڵێن نەخێر لە ئێستادا و تیپ هەڵوەشێننەوە لە گەڵ پارتی و هەڵوێستتان هەبێت...! لە هەر کارەساتێکی داگیرکاری، لە کوشتن و  گرتنی هەر ڕۆژنامەنووسێکی بێ تاوان، لە هەر ڕوداوێکی نەخوازراودا، سلێمانی دەنگی هەڵبڕیوە و خۆی پیشانداوە ئێوە لە شەقام بە شەق و فیشەک وەڵامتان داونەتەوە. ئێوە نەک ئامادەنەبوو تیپ‌ لەگەڵ ئەواندا هەڵبوەشێننەوە و بۆ جارێکیش گوێ لە سلێمانییەکەی خۆتان بگرن، بەڵکو هەمیشە پاشقولتان لە یەک گرتووە و بوون بە یاریزانی یەدەگی ئەولا.

هەر چی تەرزە و بارانی سیاسەتە لەم هەرێمەدا، لەم  سلێمانییەی دا، ئێوە بۆ ڕۆژێکیش نەبوون بە چەتری، بۆیە سلێمانیش وەک ئەحمەد شەماڵەکەی خۆی پێتان ئەڵێت:- (من لە پاش باران فەرەنجیم بۆچیە؟) کورد ئەڵێت:- (لە پاش تڕێ خەپشەی مڕێ)! زۆر گەڕام بە دوای چیرۆکی پشتی ئەم پەندە بەڵام شتێکی ئەوتۆم دەست نەکەوت. بەڵام پێ دەچێت بۆ ئەو دۆخە وترابێت کاتێک کەسێک لە مەجلیسێکدا بایەکی دەنگداری حەیابەرەی لێ بەربێتەوە و ئەنجا لە پاش بیستنی لە لایەن هەمووانەوە کاکی بالێبەربووەوە، بە نیاز بێت بە خەپشە و خشە و کۆکەکۆک دەنگی با لە بیری خەڵکی بباتەوە. ئەم رێکەوتنەی یەکێتی و گۆڕانیش لەوە ئەچێت، چونکە لە کاتێکدا ئیتیفاقییەی دەباشانتان لە بەینا بوو بە هەردوولاوە ژمارەی کورسی و جەماوەەکانتان زۆر لە پارتی زیاتر بوو کەمێکیش باقیتان ئەدایەوە، بەڵام بە پارتییەکانی ناو یەکێتی و ئیخوانەکانی ناو گۆڕان سەرتان خوارد و خەڵکیشتان دڵگران کرد وەک ئەو بایەی سەرەوە. ئێستاش کە پارتی بە تەنها هەردووکتان قووت ئەدات و باقیش ئەداتەوە، بە نیازن بەم خەپشە و کۆکەکۆکی یەکگرتنە مڕمان بکەن!؟ 

عەرەبیش ئەڵێت:- (بعد خراب البصرە) ئەگێڕنەوە لە سەردەمی عەباسییەکاندا زنجەکان کە خۆیان کۆیلە بوون و بۆ کارکردن چووبوونە بەسرە. لە پاشان ژمارەیان هێندە زۆر ئەبێت کە خەڵکی شارەکە لە هەقیان نایەن و تا دواجار هێز پەیدا ئەکەن و ئەکەونە وێزەی خەڵکی بەسرە. خەڵکیش هانا بۆ خەلیفە ئەهێنن لە بەغدا و خەلیفەش براکەی کە ناوی (الموفق)ە بە هێزێکەوە ئەنێرێت بۆ شەڕی زنجییەکان. لە پاش کێشمەکێش و کاولکاریەکی زۆر کە سەرجەمی شاری بەسرە ئەگرێتەوە، موەفەق ئەبێت و سەرکەوتن بە سەر زنجییەکان ڕائەگەیێنێت. بەڵام چۆن موەفەقێک!؟ ئیتر لەمەوە خەڵکی شاری بەسرە ئەڵێن لە پاش چی؟ وێرانبوونی بەسرە!

سلێمانی پێشتر شارێک لە جوانی ئێوە وێرانتان کرد، پێشەنگ بوو لە هونەر، شانۆ و گۆرانی و ڤیستیڤاڵی جۆراوجۆر ئێستا پێشەنگە لە زۆری ژمارەی سەلەفییە دەم شڕەکان و مەلهاکانی سەرچنار و هۆتێلەکان و ئایینزا توندڕەوەکان و مەڵبەندی شێخە خەنجەر وەشێنەکان. شاری ئارامی و دڵنەوایی هەمووان بوو و کرتان بە بێهیواترین شاری هەرێم و عێراق. کار گەیشتووە بەوەی هەر ڕۆژە ڕۆژنامەنووسێک، پارلەمانتارێک، نووسەرێکی ئەو بەر ئیهانەی بکات و ئێوەش کش و مات. تا ٢٠٠٣ سلێمانی لە گەشانەوە و پێشکەوتندا بوو، لە دوای ئەو کاتەوە ئێستاشی لە گەڵ بێت سلێمانی هەر شەستییە و خەو بە سەددییەوە ئەبینێت جا با وەزیرەکەی گۆڕان هەر بڵێ قیتار ڕائەکێشم. بۆیە منیش ئەڵێم لە کۆتاییدا موەفەق بوون لە یەک گرتن!؟ ئا بەڵام چۆن موەفەقێک بعد خراب السلیمانیە!

24/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر