ژنە دلێرەکەی پیرە هەولێرێ بەم وتەیە چی پێ وتین؟
کوشتن واتە لێسەندنەوەی گیانە لە مرۆڤێک، کە لە دوای ئەو پڕۆسەیە بە چەند ڕۆژ و مانگێک لە ئێسک و پروسک بەولاوە هیچی نامێنێتەوە. کوشتنیش لە سزا یان تۆڵەی کارێکی خراپ یان تاوانێک دژ بە یاسا و ڕێساکانی سیستەم و ڕژێم و کۆمەڵگایەک، لە دونیای مۆدێرنەدا هەڵگیراوە. چونکە کەس نابێت بکوژرێت لە پای هیچ تاوانێک، بەڵکو دەکرێت بۆ هەتایە زیندانی بکرێت.
بەڵام لە سیستەمە تۆتالیتاری و فاشی ڕەفتار و تاکڕەوەکان نەک هەر کار بە سزای کوشتن دەکرێت، بەڵکو لە سەر بچووکترین هەڵوێست و دەربڕینێک دەکرێ مرۆڤ بکوژرێت. لە کوردستانیش پڕۆسەی کوشتن وەکو سزای سیاسی، هێندەی بۆ بێدەنگ کردن و چاوترساندن و خەفەکردنی کۆمەڵگایە هێندە بۆ لێسەندنەوەی گیانی ئەو تاکانە نیە کە بەڕێکەوت بەرئەم حەملەیە ئەکەون.
ئەمڕۆ لە خۆپیشاندانی گەڕەکی باداوای هەولێر، تاکە ڕستەیەکی ژنە دلێرەکەی هەولێر سەرنجی ڕاکێشام لە کۆی پڕۆسەی خۆپیشاندانەکە و داپۆشینە میدیاییەکەی لە تەلەفزیۆن و سۆسیال میدیادا، زیاتر لە هەر شتێک ئەو ڕستەیەی ناونیشانەکە بوو.
ئەگەرچی خودی هۆکاری ناڕەزاییەتییەکە و پرۆسەکەش کردەیەکی زۆر ئاساییە و ئەکرێ ڕوو بدات لە زۆر کونجی ئەم جیهانە. بە هەر هۆکارێکی کەم تەرخەمی و گەندەڵی و نادادی بێت، حکومەتێک یان ئیدارەی شارێک خۆی لە دابین کردنی ئاوی چەند گەڕەکێکی هەژار نشین دەدزێتەوە و خەڵکی ئەو شوێنەش دێنە سەر شەقام و ناڕەزایی دەردەبڕن و هێزی سەر بە دەسەڵات کامێرای میدیاکاران دەشکێنن و هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدەن. بەڵام لە کۆی ئەو پەیامانەی لەم خۆپیشاندانەدا بە گوێماندا درا تاکە پەیام بەلای منەوە گرنگ و سەرنج ڕاکێش بوو ئەو ڕستەیەی ناونیشانی ئەم وتارە بوو؛ وەرن من بکوژن لە بری عالەمێ...
هەر بە شیکردنەوەیەکی سەرزارەکی خودی ئەم پەیامە کورت و ڕوونە، دەگەینە چەند ئەنجامێک، کە ئەمانەن:-
١/هەولێر بە زەبر بەڕێوە دەبرێ و ئەشێ لە سەر بچووکترین ناڕەزایی بکوژرێی. ئەو ژنە پێی وتین ڕەنگە دوای ئەم هەرایە بکوژرێم، بەس لێگەڕێن با قسەی ئەو خەڵکەتان بۆ بکەم.
٢/کوشتن واتا بەخشینی بەنرخترین شتی مرۆڤ کە گیانە ناکرێ لە ڕێگەی داواکردنی کەم ئاوی ببەخشرێ و چەندین لاو و گەنجی هەولێری بۆ بکرێتە قوربانی، بۆیە ئەو ژنە وتی وەرن من بکوژن، من چی دی کارێکم بە گیانی خۆم نەماوە.
٣/هەولێر بە مەنجەڵە بوخار دەچێت، کە سەری توندکراوە و ساڵەهایە لە سەر ئاگر دانراوە و جێگەی هیچ هەناسە دانێکی بۆ نەکراوەتەوە. چونکە کردەی وتن و دەربڕین لە باشترین حاڵەت دەنگ بڕینی بە دوادا دێت؟ ئەکرێ بە هۆی کەم ئاوی، کەم کارەبایی، یان خراپی هەر خزمەتگوزارییەکی تریشەوە بێت، لە هەناسەدانێکدا هەولێرییەکان پەیامی سیاسی گەورە گەورە لە گەروویانەوە دەرپەڕێت و تەشەنە بسێنێت و پایەکانی دەسەڵات لەق بکات یان گڕ تێبەردات. هەر چۆن لە تونس دورخستنەوەی عەرەبانەی کاسبی محەمەد بولعزێزی لە شوێنێکی گشتیدا، دواتر خۆسوتاندنی، بە ڕوخانی ڕژێمەکە کۆتایی هات.
٤/هەر لە بەر ئەو خاڵەی سێیەمیشە کە دەسەڵات لە هەولێر بۆ هەر ناڕەزایی و خۆپیشاندان و دەنگ هەڵبڕینێک گورج بە خۆ و چەک بە دەستانی هێزی ناوخۆ و بەڵتەجییە مەدەنییەکانی حزب، بە تەشەنووجێکی گەورەوە دەکەونە نێو خەڵکی ومیدیاکاران، هەوڵ دەدەن لە کپکردنی ناڕەزایی، لە وەختێکی پێوانەییدا و ئاگری ناڕەزاییەتییەکە خامۆش دەکەنەوە بەر لەوەی دارستانی دەسەڵات بسووتێنێ.
٥/هەڵسوکەوتی دەسەڵات لە هەولێر بەرانبەر بە ناڕەزایی و میدیاکاران، بەو تەشەنووجەوە بە واتای ئەوە دێت کە دەسەڵات خۆی و جەماوەریش باش دەناسێت. هەم ئەزانێت خۆی گەندەڵ و فاشیل و هیچ لە بارا نەبوو و مایەپووچە، هەم باشیش ئەزانێت کە جگە لە دارودەستەی حزب نەبێت، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی، ناڕازین و لە هەلی تەقینەوە ئەگەڕێن.
٦/ ئێستا تەمووز و سبەی ئابە، ئەم دەسەڵاتە دارستانێکی وشک هەڵاتووە لە ئەوجی وشکەساڵی و قات و قڕی خۆیدایە، ئەمڕۆ نا سبەی بە چەخماخەیەکی بچووک گڕی تێبەردەبێت.
جا ئەمڕۆ پێرەژن بڵێ وەرن ئەمن بکوژن لە بری عالەمێ، ئەو دەم عالەم هەموو دێنە شەقام و داوای خوێنی ڕژاوی هەمووان لەم دەسەڵاتە ئەکەن.