هەمواركردنەوەی دەستور لەنێوان رێككەوتن لەگەڵ سەدرو لێدوانەكەی هۆشیار زێباریی -دا

سەرتپ جەوهەر

كاك هۆشیار پیاوێكی لەسەرخۆو هێمنە، ماوەیەكی درێژ وەزیری دەرەوەی عیراق بووە. دڵنیام سیاسەكی بەئەزموونە، بەڵام تێنەگەیشتم ئەو دەیەوێت دەستوری عیراق هەمواربكرێت یان نا؟ چونكە لەو رێككەوتنەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە كاك هۆشیار زێباریی نوێنەرایەتی كردووە گوایە هەر ئەویش ئیمزای لەسەركردووە، لەبڕگەی چوارەم بەڕوونی هاتووە كە "كاردەكەن لەپێناو پێشنیاركردنی هەمواركردنەوەی دەستور لەپەرلەمان بەپێی رێوشوێنی دەستوریی و پێویستیەكانی لەماوەی ساڵێكدا" واتە هەردولا رێككەوتوون پێشنیاری گۆڕینی دەستور بخرێتەڕوو. لەهەمانكاتدا لەچاوپێكەوتنێكی دوو رۆژ بەرلەئێستا لە تەلفزیۆنی بی بی سی بەروونی دەڵێت نەخێر بۆ دەستورێكی نوێ‌ بۆ عیراق؟.

 

بۆیە هەقی خۆمانە بپرسین بزانین كامەیە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان. لەلایەك لەرێككەوتنەكەیدا لەگەڵ سەدر رێككەوتوون پێشنیاری گۆڕین یان هەمواری دەستور بكەن، لەلایەكی دیكە لەلێدوانی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەستورێكی نوێدا نین!.

 

سەرنج:

 

ماوەی چەند ساڵێكە هەوڵێكی زۆر لەبەغدا هەیە بۆ گۆڕینی دەستوری عیراق بەتایبەت لەلایەن قەومیەكانی شیعەو سوننە. یەكێك لەو گروپانەی كە زۆر توندڕەون و تێگەیشتنیان بۆ دۆزی كوردو هێزی پێشمەرگەو ئایندەی كوردستان خراپە، گروپی سەدرە كە هەم بیركردنەوەیان لەدەمارگیریی قەومیی عەرەبی و ئیسلامیی سەرچاوەی گرتووە، هەمیش دەیانەوێ‌ شەقام بارگاویی بكەن بەناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر كوردو سواری شەپۆلی ناڕەزایی بن لەدژی كورد.

 

لەماوەی رابردوو، پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، رێككەوتنێكیان لەگەڵ ئەو گروپەدا كردووە كەچەند بڕگەيەك لەخۆدەگرێت. یەكێك لەو بڕگانە هەوڵدانە بۆ هەمواركردنەوەی دەستور، كە ئەمە زۆر خراپە و مەترسیەكی گەورە بۆ قەوارەی هەرێم دروستدەكات، بەتایبەت دەستوری عیراق لەدۆخێكدا نوسراوەتەوە كورد توانیویەتی زۆر ماف و ئیستحقاقی نەتەوەیی تێدا بچەسپێنێت.



22/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر