لێكەوتەی حوكمی میراتگران

سەرتپ جەوهەر
سەرتیپ جەوهەر هەموو ئەو سەركردەو فەرمانڕەوایانەی بوونە ئەستێرەی درەوشاوەی مێژووی مرۆڤایەتی و میللەتەكەیان، ئەو سەركردەو فەرمانڕەوایانەبوون كە میراتگریان نەبووە، ئینجا چ ژنیان نەهێنابێت یاخود بڕوایان بەعەقڵیەتی میراتگریی نەبووبێت دەستكەوتی زۆر گەورەیان چ بۆخۆیان یان كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەدەستهێناوە، یان لایەنیكەم بوونەتە ئەستێرەیەك بەردەوام دەدرەوشێنەوە، بەڵام ئەوانەی بەعەقلیەتی میراتگریی هەبووە، یاخود میراتگرانیان دەستیان بەسەر حوكمڕانیەكانیاندا گرتووە، جگە لەخراپی حوكمڕانیان، هاوكات زیانی گەورەیان بەمێژوو و سەروەتی مەعنەوی بەرلەخۆیان گەیاندووەو سەرئەنجام ناوناوبانگی باوانیان لەكەدار كردووە.

تەماشا بكەن محەمەد عەلی جەناح هاوڕێی گیانی بەگیانی غاندی بوو، لەیەك حزب بوون، بەڵام تەركی دونیای كردو وڵاتەكەی گەیاندە كەناری ئارام، بۆیە ئێستا هەموو گەلانی پاكستان لەخۆشەویستی و گەورەیی ئەو سەركردە مەزنە، نازناویان كردە (قائید ئەعزەم). هەر بەڕاستیش محەمەد جەناح، قائیدێكی عەزیم بوو. لینین، ژنی هەبوو (نەدێژدا یان نادیە) بەڵام میراتگری نەبوو. سەرباری تێبینی و سەرنج و تێبینی لەسەر ژیان و سیاسەت و بڕیارەكانی، بەڵام داینەمۆیەكی ئێجگار گەورەی گۆڕان بوو مێژووی روسیا. لینین ئێستا ئەستێرەیەكی جیهانییە. نەك مێژووی روسیا، بەڵكو كاریگەری زۆر گەورەی لەسەر مێژووی هەموو گەلان دروستكرد. سەركردەیەكی وەك عەبدوڵلا ئۆجالان یان ئاپۆ، چونكە میراتگریی نەبوو، حزبەكەی لەشەنگ و تاقەت بەردەوامبوو، ئێستا زیاتر لە 23 ساڵە لەزیندانە، كەچی توركیا بەبێ‌ چارەسەر یان هەر پرۆژەیەك بەبێ‌ ئۆجالان بخاتە بەرباس و گفتوگۆ، بگرە بەبێ‌ ئەو هیچ ناكرێت.

ئێستا ئۆجالان ئەستێرەیەكی درەوشاوەی مێژووە بمانەوێت یان نا، هاوڕابین لەگەڵ حزبەكەی یان نا، تازە ناوی چووە مێژووی گەلی كوردستان، بڕواناكەم كەسێكی دیكە لەباكور جێگەی بگرێتەوە. عەبدولكەریم قاسم كە ماوەی تەنها دوو ساڵ و چەند مانگێكی عیراقی كرد، لەوەزارەتی بەرگری دەخەوت و خوشكەكەی زۆربەی نیوەڕیان خواردنی بۆ دەبرد، كە كوشتیان چەند قروشێكی لەگیرفان بوو، تائێستاش جێ دەست و پەنجەی بەمێژووی نوێی عیراقەوە دیارە، پرۆژەكانی سەردەمی ئەو گۆڕانێكی ریشەیی لەعیراق دروستكرد، چونكە میراتگری نەبوو، گەندەڵیش نەبوو. لەعیراق ئێستاش پێی دەڵێن (زەعیم) ئێستاش رەحمەتی بۆ دەنێرن چونكە گەندەڵ نەبوو.

چێ‌ گیڤارا، ئەویش میراتگری نەبوو، لەئەرجەنتینەوە هاتە كوبا، لەكوباوە چووە ئەفریقا لەوێشەوە چووە پۆلیڤیا. ماركسیەكی رادیكاڵ بوو. سەرباری ئەوهەموو توانا ماددی و سەربازییەی بەردەستی، بەڵام چونكە میراتگری نەبوو، گەندەڵ نەبوو. لەهەموو ئەو شوێنانەی كە هەوڵی بەرپاكردنی شۆڕش و بزوتنەوەی بەرەنگاریی دژ بە ئیمریالزمی دەدا، خۆشیان دەویست، بۆیە دوای كوژرانی، چێ‌ گیڤارا بووە ئەستێرەیەكی درەوشاوە لەنێو میللەتان. بووە سیمبول و رەمزی بەرخۆدان و گیانفیدایی لەهەموو دونیا. وێنەو پەیكەری لەهەموو لەهەموو دونیا بڵاوە. لەمێژووی نوێی كوردستان، هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوەی سیاسی كوردستان دوولەت بوو بەهۆی جیاوازیی بۆچوون و تێگەیشتن بۆ حوكمڕانیی و حزبایەتی.

ئاراستەی یەكەم رێگەو مەبدەئی میراتگریی هەڵبژارد بۆ حزبایەتی و حوكمڕانیی و نەوە دوای نەوە دەسەڵاتی پێ دەسپێردرێت. ئاراستەی دووەمیش گوایە ئاراستەی دژە میراتگرین لەحوكمڕانیی و ژیانی حزبایەتی، بەڵام دوای شەست ساڵ، ئەوانەی دژی حوكمی میراتگریی بوون، حزبەكانیان رادەستی میراتگرانیان كرد. هەبوو لەدائیرەی تاپۆ حزبەكەی لەسەر كوڕو كچەكانی میراتگرانی تاپۆكرد، هەیش بوو میراتگرانی بەئینقیلاب دەستیان بەسەر حزبدا گرت.

ئێستا كوردستان دوای زیاتر لە شەست ساڵ ژیانی حزبایەتی و حوكمڕانیی، بەدەست میراتگری شۆڕشگێڕانی دوێنێیە، دوای زیاتر لە شەست ساڵ، بزوتنەوەی سیاسی رزگاریخوازی كوردستان، نەك سەركەوتوو نەبوو لەگەیاندنی قەزیەی قەومیی كورد بەكەناری ئارام، بگرە بزوتنەوەی علمانیی و چەپیش لەكوردستان نەك پاشەكشە، بەڵكو روبەرووی شكستێكی ئێجگار گەورەی بەسەرهات.

ئێستا ئەو بزوتنەوەیە لەچەند حزبێكەوە بووە بەچەند خێڵ و عەشیرەت و هۆزێك و هیچ پەیوەندییەكی بەژیانی مۆدرێنی حزبیی سەردەمیشەوە نەماوە. ئەوەی ئێستا لەكوردستان دەیبینین، لێكەوتەی حوكمی میراتگرانە، بزانین ئەنجامەكەی چی دەبێت..

27/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر