پاڵاوگە نایاساییەكانی دانەخراون و كاری خۆیان دەكەن
رێژەی توشبوون بەشێرپەنجە لە 300% زیادیكردووە
ئێستا هەولێر یەكێكە لەپیستترین شارەكانی جیهان
جاران سلێمانی بەپلەی یەكەم دەهات لەتوشبووانی شێرپەنجە، ئێستا هەولێر یەكەمە
پێشتر لەرۆژێكدا 12 كەس تۆمار دەكران، ئێستا بووە بەسێ هەندە
200 پاڵاوگەی نایاسایی و 2 ملیۆن و نیو ئۆتۆمبێل و شەش هەزار مولیدە ژینگەی كوردستان پیسدەكەن
زۆرینەی ئەوانەی توشی نەخۆشی شیرپەنجە دەبن، دانیشتووی نزیك پاڵاوگەكانن
ئاو هەواو خاكی كوردستان ژەهراویی بوون و رێژەی توشبوونی رۆژانەی نەخۆشی شیرپەنجە لەماوەی 8 ساڵی رابردوو بەنزیكەی لە %300 زیادی كردووە. واتە ساڵی 2016 رۆژانە 12 توشبوو تۆماركراون، بەڵام ئێستا رۆژانە نزیكەی 50 كەسی توشبوو لەكوردستان تۆمار دەكرێت. زۆرینەی رەهای ئەوانەی توشی ئەو نەخۆشییە كوشندەیە دەبن دانیشتوانیی ئەو شوێنانەن كە نزیكی پاڵاوگە نایاسایی و ئەو كارگانەن كە پابەندی رێنمایی پاراستنی ژینگە نابن. سەرباری بوونی نزیكەی 200 پاڵاوگەی نایاسایی، هاوكات بەپێی ئاماری ناڕەسمیی 5500 مولیدەی گەڕەكەكان لەكوردستان هەیە جگە مولیدەی تایبەتی ماڵان و هۆتێل و خواردنگەو پرۆژە تایبەتییەكان.
ئەمە سەرباری نزیكەی دوو ملیۆن 500 هەزار ئۆتۆمبێل و سەدان كارگەی جیاواز كە پابەندی رێنماییەكانی ژینگە نابن.
بەر لەهەفتەیەك پارێزگاری هەولێر بڕیاری داخستنی هەموو پاڵاوگە نایاساییەكانی راگەیاند، بەڵام ئەمڕۆ دوای بەدواداچوون دەركەوت بڕیارەكە جێبەجێنەكراوەو پاڵاوگە نایاساییەكان وەكخۆیان كاردەكەن بەردەوامن لە ژەهراویكردنی ژینگەی كوردستان. بەپێی زانیاریی نزیكەی 200 پاڵاوگەی نایاسایی لەكوردستان هەیە، 138یان لەهەولێرەو 31یان لەدهۆكەو 26یشیان لە سلێمانیی.
بەپێی راپۆرتێكی (ئای كیو ئێر) بۆ ساڵی 2023 عیراق نۆیەمین وڵاتە لەپیسی ژینگە، لەعیراقیش هەولێر پیستترین شار تۆماركراوە. بەپێی توێژینەوەو ئاماری ساڵانەی رێژەی توشبوون بەنەخۆشییە مەترسیدارەكان بەتایبەتیش شێرپەنجە، ژینگەی كوردستان لەمەترسییەكی زۆر گەورەدایەو ئاو و هەواو خاكەكەی بەردەوامە لەپیسبونێكی مەترسیدار، بۆیە توشبوون بەنەخۆشیە مەترسیدارەكان لەماوەی 8 ساڵی رابردوو بەڕێژەی450 لەسەدا زیادی كردووە.
بەپێی توێژینەوە زانستیەكان، ئەو دوكەڵ و گازە ژەهراویانەی لەهەموو ئەو هۆكارانەی سەرەوە باسمانكردن بریتین لە یەكەم و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، گازی میتان، كبریتیدی هایدۆرجین، كبریت، ئۆكسیدی نایترۆجین و چەندین گازو ماددەی دیكەی ژەهراویی كە تێكەڵ ئاو و هەواو ژینگە دەبێت.
توێژینەوە زانستیەكان مەترسی خێرا زیادبوونی نەخۆشیە مەترسیدارەكان بەتایبەتیش شێرپەنجە بەروونی دەخەنەروو كە بەجۆرێك روو لەزیادبوونە، رەنگە لەچەند ساڵی داهاتوو هەموو ماڵێك نەخۆشێكی شێرپەنجەی هەبێت.
بەپێی ئاماری رەسمیی وەزارەتی تەندروستیی كوردستان لە 2014 (5058) توشبووی شێرپەنجە تۆماركراوە، بەڵام لە 2023 دا نزیكەی 10 هەزار كەس تۆماركراوە. بەپێی ئەو ئاماری ناڕەسمیی لە 2016 رۆژانە 12 توشبووی شێرپەنجە لەهەموو كوردستان تۆماركراوە، كەچی ئێستا رۆژانە نزیكەی 45 كەس تۆماردەكرێت، ئەگەر بەمشێوەیەش بەردەوام روو لەزیادبوون بێت ئەوا رۆژانە 100 كەس تۆماردەكرێت. بەپێی ئاماری رەسمیی وەزارەتی تەندروستیی لەژوار ساڵی رابردوو بەمشێوەیە توشبوون بەشێرپەنجە تۆماركراوە:
- ساڵی 2020 شەش هەزارو 380 حالەت.
- ساڵی 2021 حەوت هەزارو 900 حالەت.
- ساڵی 2022 نۆهەزارو 60 حالەت.
- ساڵی 2023 نۆهەزارو 911 حالەت.
بەپێی زانیاریی رەسمیی وەزارەتی تەندروستی كوردستان لەماوەی نزیكەی 10 ساڵی رابردوو تا كۆتایی 2023 نزیكەی 82 هەزار توشبووی شێر پەنجە لەكوردستان تۆماركراوە. لەكۆی گشتیی ئەو ژمارانەی توشی شیرپەنجە بوون، شاری سلێمانی رێژەی یەكەمی لێ تۆماركراوەو دووەم هەولێرەو سێیەم شاری دهۆك، بەڵام لەساڵی 2023 بەرزترین رێژەی توشبوون بەشێرپەنجە لەشاری هەولێر بووەو رێژەی 55%ی توشبووان لەوشارەبووەو سلێمانی 33%و دهۆكیش تەنها 12%.
بەپێی هەموو ئەو توێژینەوانەی دەكرێن هۆكاری سەرەكیی توشبوون بەو نەخۆشیە مەترسیدارانە، پیسبوونی ئاو و هەواو خاكی كوردستانە بەهۆی پاڵاوگەی نایاسایی و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و كارگەو مولیدە ئەهلیەكان كە رۆژانە 12 كاتژمێر بەگازۆیلی خراپ كاردەكەن و پابەند نین بەژینگەپارێزی، ئەوەی زۆر گرنگە لەیەكێك لەتوێژینەوەكان دەركەوتووە لەكۆی 50 كەسی توشبوو، 47كەسیان ماڵەكانیان نزیك ئەو پاڵاوگە نایاساییانەو كارگەكانە.
مەترسیدارترین هۆكاری پیسكردنی ژینگە لەكوردستان، ئەو پاڵاوگە نایاساییانەن كە بەرپرسانی حزبیی لەكوردستان بەبەرچاوی حكومەت دایانمەزراندوون و بەبێ گوێدانە هیچ پێوەرێك هەواو ئاو و خاكی كوردستان پیس دەكەن. ئەوەی جێی سەرنجە، حكومەتی هەرێم گوایە لەماوەی 9 ساڵی رابردوو ئەمە چوارەم جارە بڕیاری داخستنیان دەدات، كەچی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان نەوتی رەشیان پێدەفرۆشێت! ئەمەش خۆی لەخۆیدا خۆڵكردنە چاوی خەڵكە!
حكومەتی هەرێم خۆی لەداتاو زانیارییەكان لەبارەی كارگەو پاڵاوگە نایاساییەكان و رێژەی توشبوون بەنەخۆشی كوشندەی شێرپەنجەو پرسی پیسبوونی ژینگە دەدزێتەوە، چونكە هەموو ئەو كارە نایاساییانەی دەكرێن لەلایەن دەستڕۆیشتوو یان كەسە نزیكەكانی لێپرسراوانەوە دەكرێن. ئەوەی زۆر مەترسیدارە جگە لەتوشبوونی خەڵك بەنەخۆشی كوشندە، هاوكات ئەو كارگەو پاڵاوگانە هۆكاری سەرەكیی پیسبوونی هەواو ئاوی ژێر زەوی و خاك و ئاوی ئەو ناوچانەیە كە ئەو پرۆژە نایاساییانەی لێ دامەزرێنراوە.
حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان درۆ لەگەڵ خەڵك دەكەن، لەلایەك دەڵێن ئەو پاڵاوگانە نایاسایین و بڕیاری داخستنی دەدەن، لەلایەكی دیكە بەڕەسمیی نەوتی رەشیان پێدەفرۆشن ئەمەش بەڵگەی فێلكردن و هەوڵی خۆڵكردنە چاوی خەڵك دەدەن! چونكە ناكرێت لەحكومەت نەپرسین ئەرێ ئەگەر ئەو پاڵاوگانە نایاسایین چۆن لەماوەی 10 ساڵی رابردوو 4 جار بڕیاری داخستنیان دراوە كەچی داناخرێن؟! ئەگەر نایاسایین چۆن لەلایەن دەستڕۆیشتووان لەدەرەوەی هەموو پێوەرێكی ژینگەپارێزی دامەزرێنراون لەكاتێكدا ئەگەر هاوڵاتیەك لادیوارێك بەرزبكاتەوە پێی دەڕوخێنن؟!