هەولێرو سلێمانی كوردان رادەستی ئێران و توركیا دەكەن

سەرتپ جەوهەر
بێهزاد خوسرەویی شەوی 31ی ئاب كاتژمێر 10 لەسلێمانیەوە رادەستی ئێران كراوە

خێزانەكەی 10 رۆژ مۆڵەتدراون تا سلێمانی جێبهێڵن، سبەی تەواو دەبێت

ئەم دەسەڵاتدارێتیەی هەرێم لەبری بەخشینی هیوا، بۆتە زامنی دامركاندنەوەی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی پارچەكانی دیكە

دەسەڵاتداران، خەونی هەزاران ساڵی كوردیان خستۆتە تورەگەیەك و بەموچەی یەك مانگی دەگۆڕنەوە

"حكومڕانیی هەرێم، باشترین گرەنتیە بۆ رێگریكردن لەهەر خەون و خواستێكی كورد بۆ گەیشتن بەرزگاریی نیشتیمانیی. باشترین گرەنتیە بۆ داگیركەران كە ئیدی كوردستان سەربەخۆ نابێت و نابێتە دەوڵەت"

بەدڵنیاییەوە رزگاربوونی باشور تەنها جێی ئومێدی كورد لەم پارچەیە نەبوو، بەڵكو ئومێدێكی زۆری دایە هەموو پارچەكانی دیكەو تروسكاییەكی هیوابەخش بوو بۆ بەرەو رزگاریی نیشتیمانیی، بەڵام ئەفسوس! بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەماوەی زیاتر لە 30 ساڵی رابردوو خەونی ئێمەو ئەوانیشی لەباربرد. ئەم دەسەڵاتدارێتیەو دەسەڵاتدارانی، بوونەتە لەمپەرو رێگرێكی گەورە لەبەردەم خەون و ئامانجی هەموو كورد لەهەموو دونیا.

ئەم دەسەڵاتدارێتیە بۆ ئێمە، رێگرێكی گەورەیە بۆ گەیشتن بەژیانێكی كەرامەتمەندانەو ئاسودە، هەروەك لەمپەڕێكی گەورەو سەختیشەبۆ گەیشتن بەخەونی رزگاری نیشتیمانیی، مخابن ئەوەی هەشبوو لەباریان برد. خەونی هەزاران ساڵیان خستۆتە تورەگەیەك و بەموچەی یەك مانگی فەرمانبەرانی دەگۆڕنەوە.

هاوكات ئەم دەسەڵاتدارێتیەی هەرێم لەبری بەخشینی هیواو ئومێد بەپارچەكانی دیكە، بۆتە زامنی  دامركاندنەوەی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی پارچەكانی دیكە، لەوە واوەتر لەبری پاراستن و پارێزگاریكردن لێیان، ئێستا رۆڵەكانیان لەسەردەستی ئەم دەسەڵاتدارێتیەی هەرێم لەهەولێرو سلێمانی رادەستی ئێران و توركیا دەكرێتەوە.

ئەم دەسەڵاتدارێتیەی ئێستای هەرێم، ئێستا باشترین گرەنتیە بۆ رێگریكردن لەهەر خەون و خواستێكی كورد بۆ گەیشتن بەرزگاریی نیشتیمانیی. باشترین گرەنتیە بۆ داگیركەران كە ئیدی كوردستان سەربەخۆ نابێت و نابێتە دەوڵەت. لەلایەك خەڵكەكەیان برسی و زەلیل چارەڕەشكردووە بەهۆی خراپی حوكمڕانیەكەیان، لەلایەكی دیكە هەموو بەرژەوەندی گەلی كوردیان لەبەرژەوندی بنەماڵەو خودی حوكمڕانەكان كۆكردۆتەوە. لەپێناوی مانەوەی خۆیان و بنەماڵەكانیان، هەموو كورد دەكەنە قوربانیی.

چەند جارێك لەبارەی رادەستكردنی كوردانی باكور بەدەوڵەتی توركیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێرم نوسیوە، پێدەچێت ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی سلێمانیش ئاسایی بێت. بەپێی بەڵگەنامەكانی بەردەستن لەهەولێرەوە بەردەوام هاوڵاتیانی باكور لەژێر ناوی تاوانی جینائی رادەستی دەوڵەتی تورك دەكرێتەوە. كونسڵخانەی توركیا لەهەولێر بەتۆمەتی جیاواز داوای رادەستكردنەوەی ئەو كوردانە دەكات كەلەهەولێرن و وەك پەنابەر روویان لێرە كردووە. دەبێ‌ پرسیار لەدادگاكانی هەولێر بكەین تائێستا بڕیاری رادەستكردنی چەند كەسیان داوە بەدەوڵەتی توركیا؟ بێگومان وڵامەكەیان هەموومان توشی شۆك دەكات. ئەمە سەرباری راگوێزانی دەیان پەنابەری كوردی باكور لەهەولێرو دهۆك بۆ رۆژئاوای كوردستان یاخود سلێمانی. (یەكێك لەبەڵگەكانی دادگای هەولێر هاوپێچی ئەم وتارەیە)

بەداخەوە ئەوەی لەهەولێر روودەدات، بەهەمانشێوە لەسلێمانیش دەگوزەرێت. بەپێی سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو و نزیك. رۆژی 17ی ئاب (بێهزاد خوسرەویی) پەنابەرێكی كورد، خەڵكی شاری سەقز، لەدایكبوونی 1986 هاوڕێ لەگەڵ تۆفیق (تەوفیق) ناوێك كە پێدەچێت نوێنەری حزبی دیموكرات بوبێت، دەچنە ئاسایشی كوردسات لەسلێمانی، لەوێ‌ بیهرۆز دەستگیردەكرێت، بەڵام دیار نییە بەچ تۆمەتێك دەستگیریان كردووە. بەڵام بەبێ دادگاییكردن یان سەنەدێكی یاسایی، دوای دوو هەفتەیەك رۆژی 31ی ئاب سەعات 10ی شەو بێهزاد خوسرەوی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سلێمانیی رادەستی ئێران دەكرێت. خانەوادەكەیشی كە (خوشك و براو دایكیەیتی) لەسلێمانین مۆڵەتی 10رۆژیان پێدراوە سلێمانی بەجێبهێڵن.

دواتر لەئیتلاعاتی سنە بەتەلەفۆن هەواڵ دەدرێتە برا بچوكەكەی بێهرۆز كە ناوبراو لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە بەتۆمەتی سیخوڕیكردن رادەستی ئێران كراوە. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیە برا بچوكەكەی بڕوا ناكات كە بێهرۆز لەلای ئیتلاعات بێت، لەوێ‌ رێ دەدەن تەنها چەند چركەیەك قسە لەگەڵ براكەی بكات و بەگریانەوە پێی دەڵێت "تكایە فریام بكەون".

تێبینی: بەڵگەی تەواو و ورد لەبارەی ئەو زانیارییانەوە بەردەستن، بەڵام ناكرێت بڵاوبكرێتەوە.

09/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر