لە پێشبینییەکەی پلاسخارت نزیک دەبینەوە

سەرتپ جەوهەر
بەر لەدوو مانگ جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعیراق بەڕوونی وتی: «وامەزانن ھەرێمی کوردستان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە. 

سەرباری رەخنەگرتن و ھەندێک سەرنجی جیاواز لەلایەن بەشێک لە لێپرسراوانی ھەرێمەوە، بەڵام جێی خۆی بوو ھەمووان ھەڵوێستەی لەسەر بکەن، چونکە ئەم قسەیەی پلاسخارت لە خۆڕا نەھاتبوو، بەڵکو گریمانەکانی داھاتوو ئەگەری دۆخێکی نوێ یاخود بارودۆخێکی جیاواز لەعیراق دەخەنەڕوو کە رەنگە پێویست بکات بڕیاربەدەستانی کورد لە ھەموو کات زیاتر بە ھەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

ھێشتا دیار نییە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت یان نا، بەڵام لەھەموو ئەگەرێکدا دۆخی بەغدا گۆڕانێکی نوێ بەخۆیەوە دەبینیت کە جیاوازە لە رابردوو.

ئەو مشتومڕەی ئێستا ھەیە لەسەر دوو پرسی گرنگە، یەکەمیان پرسی ھەڵبژاردن و ھەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی لە دەستوەردانی سیاسی و ساختەکاریی، دووەمیشیان پرسی کشانەوەی ئەمریکایە لە عیراق کە پێدەچێت جددی بێت و چیتر واشنتۆن ئەو خەرجییە زۆرە لە مانەوەی لە عیراقدا نەکات.

ھەردوو پرس گرێدراوی یەکترن و کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر باری ئەمنی و ژیان لە عیراقدا ھەیە.

سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن، ھێشتا روون نییە لەوادەی خۆیدا دەکرێت یان نا، بەڵام ھەموو ئەو ئاماژانەی ئێستا بەردەستن پێمان دەڵێت: بێگەرد و بێ دەستێوەرنەدان نابێت، بەڵکو جموجۆڵی گروپ و میلیشیاکان لەماوەی رابردوودا ئاماژەی روونن بۆ زەمینەیەکی نالەبار بۆ ھەڵبژاردن. ئینجا ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ئەوا ئەنجامەکەی مشتومڕی زۆر بەدوای خۆیدا دەھێنێت و ئەگەر ھەڵبژاردن نەکرێت ئەوا کێ دەڵێت جارێکی دیکە ھەڵبژاردن دەکرێت؟ چونکە ئێستا کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن ئامادەیە و ھیچ بیانوویەک نییە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکە! ئەوەش مانای ئەوەیە باری ئەمنی عیراق لە خراپەوە بەرەو خراپتر ھەڵدەکشێت، نەک ھەڵبژاردن بەڵکو کۆی پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

پرسی دووەم کە باسێکی جدییە و گرێدراوی دۆخی ناوخۆی ھەرێمەکەیە، پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکایە لە عیراق. رەنگە بەغدا بیەوێت لە رێگەی رێکەوتنێکی نوێوە گرەنتی لە ئەمریکا وەربگرێت کە عیراق وەک ئەفغانستان بەجێنەھیڵێت و لانیکەم لە دەستوەردانی دەرەکی دەیپارێزێت، لە بەرامبەردا ئەمریکاش دەیەوێت چیدی ئەو خەرجییە لە عیراقدا نەکات کە نزیکەی ٢٠ ساڵە دەیپارێزێت و توانایەکی گەورەی لە عیراق خەرجکردووە، بەڵام لەبری سەقامگیریی، ئێستا دەستوەردانی دەرەکی زیاتر بووە.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە، کورد لە کوێی ئەو رووداوانە و ئەگەری گۆڕانەکانی ناوچەکە و عیراقدایە؟ لە ھەردوو حاڵەتدا کورد لەناوەندی رووداوەکاندایە، بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، لەماوەی زیاتر لە٢٠ ساڵی رابردوودا بەو شێوەیە خراپ نەبووە.

لێکەوتەی پرس کە ئێستا لە ناوەندی سیاسی عیراقدا مشتومڕی لەسەر دەکرێت، تێکچوونی باری ئەمنییە، کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر ببێتە ئاژاوەی ناوخۆ یاخود دەستێوەردانی دەرەکی، ئەوا کورد نزیک دەبێتەوە لە رووداوەکان و پریشکی بەردەکەوێت، بەڵام پێناچێت کورد نەک ئامادەبێت، بەڵکو تائێستا ئەوەی لێمانەوە دیارە، ھیچ ئەجێندایەکی ھاوبەش یان پلانێک یان کۆبوونەوەیەکیش نەکراوە تا تەگبیرێک بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان بکرێت! بۆیە ناچار بگەڕێینەوە سەر ئەو قسەیەی پلاسخارت کە وتی: "وامەزانن ھەرێمی کوردستان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە"

29/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر