كورد و 25ی ئۆكتۆبەر لە بەغدا

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم



بڕیارە هەینی داهاتوو (25 ئۆكتۆبەر) گوڕی دوەەمی خۆپیشاندەنەكانی بەغدا و شارەكانی باشووری عیراق دەستپێبكاتەوە ، وەك درێژەپێدەری گەڕی یەكەمی خۆپیشاندانەكانی 1ی ئۆكتۆبەر ، كە نزیكەی 150 كوژراو و هەزاران برینداری لێكەوتەوە .

 
خۆپیشاندەران داوای ئەنجامدانی چاكسازی لە سستمی سیاسی و باشتركردنی گوزەرانی گشتیی هاوڵأتیانیان كرد ، بەڵام لەگەڵ توندكردنی ڕووبەڕووبونەوەكانی نێوان هێزەكانی سەر بە حكومەت و خۆپیشاندەران ، داخوازییەكان پەرەیان سەند بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و گۆِرینی سستمی سیاسی و هەمواركردنی دەستوور .

 
ئێمەی كورد لە هەرێمی كوردستاندا چەند پرسیارێكمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە لە دەستپێكی گەڕی دووەمی خۆپیشاندانەكاندا رۆژی هەینی داهاتوو 25ی ئۆكتۆبەر :

 
- ئایا دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی عیراق گۆڕینی سستمی سیاسی وهەمواركردنی دەستووری عیراق لەبەرژەوەندیمانە ؟؟ 

 
- ئایا بە داهاتنی هەر گۆڕانكارییەك لەسەر ئاستی عیراق ، ئێمەی هاوڵأتیانی هەرێم چ چارەنوسێكمان دەبێت ، چ پشك و پریشكێكمان بەر دەكەوێت ؟؟

 
- ئایا بێ‌ دەنگی وسەیركردنی ڕووداوەكان لە هەرێمەوە بە بێ‌ دەنگی ئەمانپارێزێت لە گۆڕانكارییەكانی داهاتوو یان ئەمانكات بە قوربانیی ؟؟

 
ئەم پرسیارانە وەڵامی جۆراوجۆر و جیاواز هەڵدەگرن لای هاوڵاتیانی هەرێم ، بەڵام گرنگترین پرسیار كە پێویستی بە وڵامێكی یەكگرتووە ، ئەمەیە : ( ئەوانەی ئێستا لە بەغدان، لە پلە و پۆستە جیاجیاكانیانەوە بە ناوی ئێمەوە نیشتەجێ‌ بوون ، ئایا لە ئاستی پێشهات و ڕووداوەكاندان ؟؟ ) 

 
من دڵنیام نوێنەرە نیشتەجێكانمان لە بەغدا بێ‌ ئاگان لە چارەنوسی گۆڕانكارییەكان ، بەڵكو شەڕی مان ونەمان لەسەر هێشتنەوەی ئەو سستمە سیاسییەی ئێستای عیراق ئەكەن ، لەسەر هیچ نەبێت ، شەڕ لەسەر هێشتنەوەی پۆستەكانیان ئەكەن .

 
 پێویستە خۆمان ، وەك هاوڵاتیانی كوردستان هەڵوێستمان هەبێت ، با پشتگیری خۆپیشاندەرانی بەغدا بین لە گۆڕینی سستمێكی ستەمكاری چواردە ساڵە ، سستمێكی (بە ناو فیدرالی) دەرچوویەكی كوردی زانكۆ وپەیمانگاكانی سلێمانی وهەولێر و دهۆك تیایدا دانەمزرابێ‌ ، بازرگان و وەبەرهێنێكی هەرێم  كارێكی بۆ تیانەكرابێت ؟ جوتیارێك خێری لە ڕەنجی بەرهەمەكانی تیا نەبینیبێت ، سستمێك تاپۆكراوی سەر چەند دەموچاوێكی دوبارەبوو بێت ، بەناوی كوردەوە .

 

22/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر