هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێم ، بۆ هەڵبژاردنەوەی خولێكی نوێی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت بۆ هەرێم ، شان بە شانی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە حوزەیرانی 2021 دا ، پێویستییەكی گرنگی مانەوەی ژیان و وگوزەرانی هلوڵاتیانە .
بێگومان ئاسان نییە داوا لە بەشێكی زۆری ئەندامانی ئەم خولە پەرلەمان و وەزیرانی ئەم كابینە حكومییە بكەیت : كار بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن .. لەبەر ئەوەی داوایان لێئەكەیت رۆژی كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتەكانیان دیاری بكەن، بەڵام لە هەمان خول و كابینەدا كەسانێك هەن ، هەست بە گرنگی و پێویستی ئەو هەنگاوە ئەكەن ، لە پاڵ هەستكردنی زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بەوەی چیتر مانەوەی ئەم دۆخە ، بەم شێوەیەی ئێستا ، داڕمان و نەهامەتی گەورەتری بە دوادا دێت .
سەرەتا ، وەك هەنگاوی یەكەم ، پێویستە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەموار بكرێتەوە بە هاوشێوەی یاسای هەڵلژاردنەكانی عیراق و یەك بازنەیی لە هەرێمدا بگوڕدرێت بۆ ئەو 12 بازنەیەی بۆ هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم دانراوە لە یاسا عیراقییەكەدا .
هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە ، ململانێی نێوان دوو بەرەی نیشتمانپەروەری و بەرژەوەند خوازییە ، كێ لەگەڵە و كێ لە دژە ئەكەوێتە ڕوو ، لەبەر ئەوە داواكارم لە پەرلەمانتاران لەسەر ئاستی تاك تا فراكسیۆن هەڵوێستیان ڕابگەێنن لەبارەی دەربازبوون لەم قەیرانی حوكمڕانییە ، بە هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە.
هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ ، دەرفەتێكی باشە بۆ هەردوو لایەنی هاوكێشە لاسەنگەكەی دەسەڵاتی سیاسی و هاوڵاتیان لە ئێستای هەرێمدا ..
دەرفەتە بۆ دەسەڵاتی سیاسی كە هەنگاوێك بۆ وەستاندنی ئەم پرۆسە شكست خواردوەی حوكمڕانی ، بنێت.
دەرفەتە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ، سەرەتایەكی نوێ و نەخشەیەكی نوێی بۆ ژیان وگوزەرانیان دابڕێژنەوە لە سایەی دەسەڵاتێكی جیاوازدا .