لەبەر كورد.. واز لە پۆستی سەرۆك كۆمار بهێنن

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

لە چوار خولی حوكمڕانی پێشووی عیراقدا ، كورد پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت ، لەسەر بنەمای (دیموكراتی تەوافوقی) .لە دوو خولی یەكەمی ئەو پۆستە، سەرۆك كۆمار دەیزانی چی لەو پۆستە دەوێت و چی پێ‌ دەكات ، هەموان گەواهیی سەقامگیریی هەرێمی ئەو كاتە ئەدەن .

 لە دوو خولی دواتری ئەو پۆستە ، نەهامەتی ڕووی لە یەك بەیەكی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە كرد .. وئەو پۆستەی بەغدا جگە لە خاوەن پۆست ، كەڵكی بۆ كوردێك نەبوو ..

سەر لەنوێ‌ ، دوای هەڵبژاردنەكانی 10ی 10 ، هێزە براوەكان، بە عەقڵییەتی دوو خولی ڕابردوو لەبارەی پۆستی (سەرۆك كۆمار) ئەدوێن و بە ئیستیحقاقی كوردی ئەزانن لەسەر بنەمای (هاوبەشی سیاسی + دیموكراتی تەوافوقی).
لێرەدا ئەڵێم .. لەبەر كورد واز لەو پۆستە بهێنن و واز لە بنەمای (هاوبەشی سیاسی + دیموكراتی تەوافوقی) بهێنن وئەو دەرفەتەی بۆ كۆی لایەنەكانتان هاتۆتە پێش بقۆزنەوە بەم شێوەیە :
1 – دەست لە بنەمای (هاوبەشی سیاسی) هەڵبگرن و ببن بە (پێكهێنەری زۆرینەی بڕیاردەری پەرلەمانی) بە بەكار هێنانی ئەو كورسیانەی كورد (كە سەروو 60 كورسییە)  لەگەڵ 43 كورسییەكەی سوننەی حەلبوسی و 73 كورسییەكەی سەدر ، دەتوانن هاوپەیمانییەكی زۆرینەی پەرلەمانی سیاسی دروست بكەن ، ولە ناو پەرلەمانەوە بەشدار بن لە گۆڕینی هاوكێشەی بڕیاری یاسایی - سیاسی عیراق ، هەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تا پرسەكانی مووچە و بودجە و ناوچە دابڕێنراوەكان. ..
2 – ڕێككبكەون لەسەر وەرگرتنی پۆستێكی سیادی وەك (سەرۆكی پەرلەمان) لە پاڵ (زۆرینەی بڕیاردەری ناو پەرلەمان) ، سەرۆكایەتی پەرلەمان، باشتر بەرژەوەندی هاوڵاتیانی كوردستان لە ناوەوە ودەرەوەی هەرێم دەپارێزێت وەك لە وەرگرتنەوەی پۆستێكی تەشریفاتی وەك (سەرۆك كۆمار) .
ئاشكرا بووە لای یەك بەیەكی هاوڵاتیانی كورد ، چیتر پۆستی (سەرۆك كۆمار) هیچ لە واقعی ژیان و چارەنووسی ئەم گەلە بەش مەینەتە ناگۆڕێت ، چیتر شەڕی دەستەوئێخەی ناو پەرلەمانی عیراق بە لایەنێك و دوان ناكرێت ، چیتر ناوەندە نێودەوڵەتی و نەتەوەییەكان پاساو بۆ بێ‌ بەرنامەیی وپەرتەوازەیی كورد نادۆزنەوە ، چیتر ئەو ناوەندانە گوشار ناخەنە سەر بەغدا بۆ بەرژەوەندی چەند حزبێكی سیاسی پەرتەوازە لە هەرێمێكی نا یەكگرتوو ...
سەنگی مەحەككی دروستكردنی ئەو (كۆ –كوردیە) كە پێویستە بۆ  خۆڕێكخستن  لە گەڵ دوو لایەنی سەرەكی تری عیراقدا (سەدر + حەلبووسی) كەوتۆتە ئەستۆی (پارتی) ئەگەر بیەوێت  كورد ببێت بە (پێكهێنەر)ی زۆرینەی بڕیاردەری پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنی یەكەمەوە ، نابێت كات بكوژێت و بە جیا ببێت بە (هاوبەش)ی ئەو زۆرینەیەی لە نەیارانی كورد دروست ئەبێت . ئەو لە ئەستۆ گرتنەی (پارتی) بەندە بە وازهێنانی لە دروشمەكانی ( حزبی یەكەم و زۆرینە و مەرجەعییەت ..) و دڵنیادان وڕێككەوتن  لەگەڵ سەرجەم لایەنە كوردستانییەكانی تر ، بەوەشەوە كە 1 كورسی هێناوە.
بەڕێز (مەسعوود بەرزانی) لە دوا پەیامیدا دەڵێت : ((هیوادارم هەموو لایەنەكان بە یەكەوە و بۆ یەك ئامانجی هاوبەش و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كار بكەن)).
ئەو (بەرژەوەندییە باڵایانە) و ( بەرگریكردن لە ماف ودەستكەوتەكانی گەلی كوردستان) بە پێداگری نابێت لەسەر ئەوەی پۆستی (سەرۆك كۆمار) بۆ چ لایەنێكی سیاسی كورد بێت ،  یان چ وەزارەتێكی سیادی بەر لایەنێكی كورد ئەكەوێت ، ئەو (بەرژەوەندی و.. بەرگریكردنە..) سەرەتا بە دڵنیادان بە لایەنە سیاسییەكانی براوەكانی سلێمانی دێتە دی ، بە كۆكردنەوەیان بە بێ‌ جیاوازی ، بە بێ‌ ڕچاوكردنی ژمارەی كورسی و زۆرینە وكەمینە و قین و ڕقی پێشووتری ناو هەرێم ..بە دروستكردنی هاوپەیمانییەكی ( كۆ - كوردی) لە (پارتی و یەكێتی و نەوەی نوێ‌ و یەكگرتوو و كۆمەڵ) .
داواكارم ..لە ئێستاوە ، چاوتان بخەنە سەر ئەوەی كێ‌ ئەتوانێت ، بە درێژایی چوار ساڵی ئایندە ، ناوەڕۆكی یاسا و بڕیاڕ لە پەرلەمانی عیراق دابڕێژێت ، نەك چاوتان لەوە بێت كێ‌ دوا ئیمزا ئەخاتە سەر كاغەزەكەی .

12/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر