لە بارەی دەستوور. پەیامێك بۆ كاك باڤڵ..

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

لە پێشوازیكردنی بەڕێزتان بۆ شاندێكی پەرلەمانی بەریتانیا بە سەرۆكایەتی گاری كێنت ، لە بارەی دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان ، فەرمووتانە : ((دەمانەوێت لە ڕێگای دەستوورەوە بنەماكانی دەوڵەتداریی و دیاریكردنی تایبەتمەندییەكانی دەسەڵاتەكان ڕێكبخەینەوە .. وهەموان لە چوارچێوەی دەستوورێكی گەلپەسەند ماف و ئەركەكانیان یەكسان بكرێت))

سەبارەت بە دەستوور، هەموان ئەو مەبەستەمان هەیە كە بەڕێزتان خستوتانەتە ڕوو ، بەڵام  دەستوور بابەتێكی ئاسایی نییە ، بە تایبەتی لەم هەرێمەی خۆماندا كە بەڕێزتان حوكمڕانی  سلێمانی ، گەرمیان ، ڕاپەرین ، هەڵەبجە و كۆیە-ن ، ئەم واقیعی حوكمڕانییە ئەركی پارێزگاریكردن لە (ڕەوایەتی) و (گەلپەسەند)ی ئەم سنوورە، لە ئەستۆی بەڕێزتان ئەنێت.

بەندە وەك هاوڵاتییەكی هەرێم ، دژی دانان و خستنە بەردەنگدانی دەستورێكم بۆ هەرێمی كوردستان لەم كاتەدا ، لەبەر ئەم هۆكارانە :
1 – بەشێكی ئەو كارانەی لە ئێستادا دەكرێن لەسەر (پرۆژەی دەستوور) پشت بە یاسای (ئامادەكردنی پرۆژەی دەستووری كوردستان – عیراق بۆ ڕاپرسی - ژمارە 4ی ساڵی 2015 ) ئەبەستێت ، ئەم یاسایە ، جگە لە هەڵە كردن لە ناولێنانەكەیدا كە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕیفراندۆم ،  ناوەڕۆكەكەشی بە بنەمای (سازان) داڕێژراوە  (بڕگەی دووەم ماددە 1 و بڕگەی چوارەم ماددە 2 و ماددە 7) ئەو سازانەی پێچەوانەی دیموكراتییە ، واتاپێچەوانەی ماددەكانی دەستووری عیراقە (خاڵی ب برگەی یەكەمی ماددە 2 و ماددە 5 و بڕگەی دووەمی ماددە 13 وماددە 120) لە دەستووری هەمیشەیی عیراق.

2 - (گەلپەسەند)ی بۆ دەستوور ، پێویستی بە پرۆسەیەكی دەنگدانی سەرتاسەرییە ، ڕیژەی دەنگدان تیایدا سەروو ڕێژەی ڕەها بێت ، نەك بە كەمتر لە ٣٠% تێپەڕێنرێت .

3 - (ڕەوایەتی) سەرەتایەكی پێویستە لە دارشتنی ڕەشنووسی دەستوور ، ئەو ڕەوایەتیە لە نوسینی ڕەشنووسەكەدا ، بە هەڵبژاردنی كەسە تایبەتمەند وپسپۆڕەكان دەست پێ‌ ئەكات ، بە هەڵبژاردنیان لە پرۆسەیەكی دنگدانی گشتیی سەرتاسەری ، لە ژێر ناوی (دەستەی دارشتنی دەستووری هەرێم ) نەك لە ڕێگای لیژنەیەكەوە كەس دەنگی پێنەداون ، لە لایەن پەرلەمانێكەوە دەستنیشانكراون كە بۆ ئەو مەبەستە هەڵنەبژێردرابێت .

4 - (مەرجی پێچەوانە نەبوونی پرۆژەی دەستووری هەرێم لەگەڵ دەستووری عیراق) بە شێوازی هەڵبژاردنی نوسەرانی دەستوور و ڕەوایەتی دان بە داڕشتنی ڕشنووسەكەی دەستپێئەكات ، نەك بە بەراورد كردنی واتای بڕگەكانی ڕەشنووسەكەی هەرێم بە واتای بڕگەكانی دەستووری عیراق.

5 - پێویستە (یاسای هەڵبژارن)ی بەركار لە هەرێم، هەمواربكرێتەوە بەر لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی (دەستەی دارشتنی دەستووری هەرێم) ، وئەمەش ئەركێكی ئاسان نییە بۆ ئەم خولە گیرخواردوەی پەرلەمانی هەرێم . 

بەڕێز كاك باڤڵ .. ئەتوانن بابەتی دەستتور بكەن بەو بابەتەی باستان لێ‌ كرددوە لەگەڵ شاندە بەریتانییەكە ، بە ڕچاوكردنی ئەم نووسینە ، ئەگەر نا دەستووری هەرێم ئەبێت بە بەڵگەنامەیەكی تری درێژەدان بە ناڕەوایەتی و خۆسەپاندنی حزبەكانی كوردستان بەسەر تەواوی هاوڵاتیانی هەرێم .

30/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر