دیموكراسی لەنێوان مافی هەڵبژاردنی كاندیدو مافی كاروژیانێكی شەرەفمەندانە

هیوا عومەر
 
1  
رۆژانە زیاتر لە 12 كاتژمێر كاردەكەین، دوومانگە مووچەمان وەرنەگرتووە كۆپی گرێبەستی كاركردنمان لانیە،كارمان پاككردنەوەی نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە كرۆنایە، رازی نابن لە ژورێكی تایبەتیش نان بخۆین، دەڵێن: دەبێت لەناو توشبوانی كرۆنا نانبخۆن، زۆرئیشی تریشمان پێ‌ دەكەن كە ئیشی ئێمە نیە.
بەس مامۆستا ئاگەداربە، تكایە باكەس نەزانێت ئێمە ئەم زانیاریانەمان داوە بەتۆ و باسی ئەوەمانكردوووە دوومانگە مووچەمان وەرنەگرتووە، ئەگەرنا بیانومان پێدەگرن و لەكارەكەمان دەرمان دەكەن، خۆشت دەزانی ئەمرۆ هیچ كارێك نیە بیكەین بۆیە ئێمە ناچارین رۆژانە زیاتر لە 12كاتژمێر بە بڕی 500000دینار كاربكەین ئەویش ئەگەر وەریبگرین. كێ‌ باسی ئێمە دەكات، ئێمە لە ئاقارێكی دوورە دەستین، تەماشابكە هیچ دەبینیت، دڵنیابە ئەوانە هیچ حیسابێك بۆ ئێمە ناكەن. باشە ئێوە ئەندامن لەسەندیكای كرێكاران؟ نەخێر سەندیكای چی و پەرلەمان و حكومەتی چی ؟. بۆ  لەو شوێنانە باسی ئێمە دەكرێت !. لەوشوێنانە باسی شتی تر دەكرێت كە پەیوەندی بەسەفەقاتی خۆیانەوە هەیە نەك ئێمە . 

2
 ئەمە چیرۆكی ئەمرۆی زۆربەی كرێكاران و (19)كرێكاری خزمەتگوزاری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە كرۆنایە لە شاری هەولێر، كە نەخۆشخانەیەكی حكومییە.
 لە لایەك چاودێری تەندرستی باوكمم دەكرد لەونەخۆشخانەیە كە توشی نەخۆشی كرۆنابووە جار جارەش فرسەتم وەردەگرت و گفتوگۆم لەگەڵ كرێكارەكان دەكرد، ئەوە چیرۆكی رۆژانەی ژیانی ئەوانە، پەیوەندیم بە بەرێوەبەری نەخۆشخانەكەكرد، ئەو سەرەتا واتێگەیشت داواكاری تایبەتیم هەیە وەك هەندێك لەوانەی لەگەڵ نەخۆشەكان بوون، كاتێك باسی وەزعی كرێكارەكانم لەگەڵ كردەوە پێی سەیربوو، گوتی وەزعی ئەوانە وەك هەموو كرێكارەكانی نەخۆشخانەكانی هەولێرە ئەوانیش لەم دۆخە دەژین ودوومانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، دوای پەیوەندیم لەگەڵ هاورێیان حاجی جەمال و هەوراز، سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی خزمەتگوزاری هەولێریش هاتەسەرهێل، سەرۆكی سەندیكا گوتی لەم هەفتەیە هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین بزانین چیمان پێ‌ دەكرێت بەڵام كێشەی گەورەمان ئەوەیە هاورێ‌، كرێكارەكان زۆربەیان ناوێرن بێن سكاڵا بكەن لە ترسی ئەوەی خاوەنكار لەكارەكانیان دەریان نەكات !. 

 3
بڵاوبونەوەی بێكاری و خراپتربوونی ژینگەی كار  یەكێكە لە سیماكانی قەیرانی سەرمایەداری تازە بۆ مرۆڤایەتی دروستیكردووە، ئەوەیە دیموكراسی بۆرژوازی، زیاتر لە 12كاتژمێركارت پێ‌ دەكات و بە كەمترین كرێی كار هەندێك جار ئەوەشت پێ‌ نادات،زۆرجار ئەو كارەشەت دەست ناكەوێت لە بەرامبەرئەوەدا تۆ مافی سكاڵاكردنیشت نییە، مافی ئەوەشت نییە بڵیت ئەوەیە ژینگەی كارمان، بەڵام تۆ ئازادیت لە چوارساڵ جارێك لە نیوان چەند كاندیدێكی ناو یەك سیستەم دانەیەكیان هەڵبژێریت، بەوەدەوترێت بەشداری سیاسی، دیموكراسی لەگەڵەوە بۆ گەڵە ؟، بەڵام دۆخ و ئازادی باسكردنی ژینگەی كاری رۆژانەت بەم شێوەییە كە كرێكارەكانی نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر باسیانكرد؟

 بەم جۆرە حوكومرانیانە دەگوترێت( دەسەڵاتی گەل) لەم مۆدێلە لە حوكومرانی  سیاسەت بچوككراوەتەوە بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و ژوورە داخراوەكان، سیاسەت لەم شێوە حوكومرانییە دوورو نزیك پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەو كاری كرێكاران و ژینگەی كارمان نییە، سیاسەت وەك كاڵایەك پربە باڵای كەمینەیەك دووراوە، ئەو كەمینەیە ئەگەر تا دوێنی تەنیا خاوەنی هۆیەكانی بەرهەمهێنان بووبن ئەمرۆ هەوڵی خاوەنداریەتی و دەست بەسەرداگرتنی  هزری گشتی و فەزای گشتیش لە سیاسەت و ڕاگەیاندن و كۆمپانیاكان و دەزگاكانی بەرێوەبردنی وڵاتیش دەدەن بەسود وەرگرتن و بەكارهێنانی پێشكەوتنی پیشەسازی وتەكنەلۆژیای تازە و تەكنیكی سەردەم. كرێكار و زۆرینەی كۆمەڵگا بۆ ئەوەی هەر لەپەراوێزی بمێنێتەوە سیاسەتكردنیشیان لێدزراوە وەك ئەوانتیر. لێرەدا دیموكراسی تەنیا مافی هەڵبژاردنی كاندیدە دیاریكراوەكانی ناوسیستەمە، دوورونزیك پەیوندی بە دیموكراسیەتی  ژیانی رۆژانەی كرێكاران و ژینگەی كارمان نیە .

29/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر