لەگەڵ تارای بوکێنیدا

هاوژین زیبا


  دەبینن ئێوەش، باشترین رۆڵێک کە بۆ ژنان دیاری کرا بێت جیاواز لەو وێنە سێکسیی و رووکەشیانەی بۆی کێشراوە، رۆڵی دایکبوونی ژنە لە ئەدەبیاتی کوردیدا و بەتایبەت شیعری شاعیران. پاڵەوانەکەی ئەدەبی کوردیی ئەو دایکەیە کە هەموو بوونی لەوەدا پێناسەکراوە بۆ مێرد و منداڵەکانی دەژی، تەنانەت  بۆ منداڵەکانیشی دەمرێت. ژنی کورد کاتێک دەبێت بە دایک چاوەڕووانیی ئەو پاڵەوانە خەیاڵییەی لێدەکرێت کە بە ناچاریی دەبێت زۆران لەگەل هەموو چەرمەسەریی و کێشەکانی ژیانی خێزاندا بگرێت و شەڕەکەش نەدۆڕێنێ، دەبێت براوەبێت؛ ئەم جەنگە لەگەڵ تارای بوکێنیدا دەست پێدەکات.

  پاڵەوان ئەو ژنەیە یەکجار هاوسەرگیری دەکات و منداڵی زۆری هەیە، لەدوای مەرگی باوک، ئەم دایکە دەبێت بە دیار منداڵانی خۆیەوە پرچی سپی بهۆنێتەوە. لە باری ئاسایی کۆمەڵایەتیدا ئەم دۆخە بۆ باوکان جیاوازە و زۆر ئاسایی دەتوانن وەک مرۆڤێک ژیان بکەن دوای مەرگی ژنەکان هاوسەرگیری چەندەمین جارە ئەنجام دەدەن، بەبێ ئەوەی هێز و قودرەتی باوکایەتی پرسیاری لەسەر دروست بێت، هەر خودی کۆمەڵ داوا و تکای لێ دەکەن  ژن بهێنێتەوە! بەڵام بۆ دایک نا! دایکێک هاوسەرگیری بکاتەوە دوای مێردی یەکەمی لە دایکایەتیی دەشۆرێتەوە تەنانەت لای منداڵەکانیش. زۆرترین و درەوشاوەترین نقێمی تاجی سەری ئێمەی ژنانی کورد ئەوەیە کە پێی دەگوترێت: هەرگیز شووی نەکردەوە! 

ئایا شاعیرانێکمان هەن دڵییان بەوە خۆش بێت دایکیان توانیوویەتی شوو بکاتەوە؟ بیر لە دایکیان بکەنەوە کە ئەویش ژیانێکی هەیە و ژن لە جنسی بەرد و دار نییە و هۆنراوەی بۆ بنوسن؟ دایک هەرگیز  خۆشەویستیی و سۆز و هەستی کەمتر نابێتەوە هەر لە بەرئەوەی  بیر لە ژیانی خۆی، خۆشی خۆی و چارەنووسی خۆی بکاتەوە. 

چەند تامەزرۆی شیعرگەلێکم کە شاعیر هاوار بکات و بڵێت دڵم خۆشە دایکم دووبارە لە ئامێزی خۆشەویستییدا گیرساوەتەوە، دایکم دووبارە هەمان ژنی رەنگاوڕەنگە، دایکم پاش باوکم هەر دەژی و چیدی ڕەشپۆش نییە، دایکم شەرم لە لێدانی قاقای پێکەنین ناکات.


  ئەوە تاوانە دایکان لەبەر ئەوە خۆش بویسترێن کە خودای قوربانییبوونن، هەموو هەناسەیەکی ژیانیان بۆ مێرد و منداڵ دەبەخشن تەنانەت کاتێک لە ژیانیشدا نەمابن. هەزاران دایک لەم ئەدەبیاتە سواوەی نیشتیمانەکەمدا بە پاڵەوان ناوزەند دەکرێن لە کاتێکدا دەبینرێن کە زیندووی بێ ژیانن، بەڵام شاباشکردنیان بە مووروو و بە نقێمی پیاوشۆڤێنیست هەر بەردەوامە!
هاوژین زیبا
2022-07-24

24/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر