ژن، ژیان، ئازادیی

هاوژین زیبا


"چەپڵە و هەلهەلەی کیژان، تۆڵەی هەزار ساڵانە!" 

"ژن، ژیان، ئازادیی" تەنیا دروشمێکی سادە نییە بۆ خۆپیشاندان، بەڵکو جیهانبینیەکە گوزارش لە نیوەی کۆمەڵ دەکات کە تا ئێستا لە مێژە لە زۆربەی مافەکانی مرۆڤ بوونی بێ بەشە. بە و هۆیەشەوە تەواوی کۆمەڵگا یەخسیر دەکرێت.
ژن، هاوواتای ژیان پێکەوەن بۆ ئازادی تێدەکۆشن.
 ئازادبوونی ژن، لە چوارچێوەی کەم پۆشین و زۆر پۆشیندا نییە، پەیوەندیی بە دەستکەوتی مەتریاڵییەوە نییە، بەڵکو ئازادبوونیەتی وەکو مرۆڤ، هەبوویەکی ئاقڵ خۆی بڕیار بدات و لە دروستکردنی ئاییندەدا بەشدار بێت.
ژیان، واتە نەفرەت لە مەرگ، لە مەرگی کۆیلایەتیی، دووڕوویی. واتا ژیان لە مانای تێکۆشان و کاری دڵسۆزانە و خۆبەخشانەدا.
ئازادیی، واتە لابردنی ئەو سنوور و میچانەی مرۆڤ بە کۆیلە و ئەڵقە لەگوێیەکی ساویلکە دەکەن، لابردنی بەرهەڵستان کە ناهێڵن مرۆڤ بە رەوتی سرووشتیی خۆیدا گەشەبکات، ناهێڵن دژەکان لە مەیدانێکی دیموکراسیی شەفافدا دیالۆگ بکەن، ناهێڵن من و تۆ بدوێین، ناهێڵرێت گوێمان لێ بگیرێت، سانسۆر لە سەر هەموو پیتێکی سەر زارمان دادەنێن، پێش ئەوەی لەدایک بین پۆشاکێکی ناسنامەیان بۆ ئامادە کردوین و لەگەڵ پێستماندا دەیدوورن، بۆمان نییە بپرسین، بۆمان نییە پرسیاری قورس بکەین، بۆمان نییە گوماندار بیین، بۆمان نییە ئاماژە بە چارەسەرێک بکەین.
ئازادیی واتە منێکی مرۆڤ، منێکی هاووڵاتیی لە جیهانی خۆمدا سەروەر و بەرپرسی خۆم بم. 
ئێستا ئێمەی ژن داوا لە ئێوەی پیاوان دەکەین پێکەوە، بۆ خەباتی ئازادیی هەردووکمان هاوشانمان تێبکۆشن! 
بەڵێ بۆ جیهانبینیی: ژن، ژیان، ئازادیی! 
بەڵێ بۆ هاوپشتیی لە شۆڕشی سپی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەراست! 


10/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر