دەبێ مل بدەین "رق و نەرمونیانی دژبەیەکن. ئەو کەسەی با دەچێنێت، زریان درەو دەکات و لە توندوتیژی رق و کینە دەڕوێت و لە خۆشەویستیش دۆستایەتی دەچنرێتەوە.”١
دونیای بیر و ئایدیۆلۆژیی و سیاسەت پڕن لە ناکۆکی و دژبەریی.
پڕە لە تاو و لە ئەندێشەی بیر و هزر، لە شەونخونیی و ڕەنج و فیداکاریی، پڕە لە خوێنی پاک و ڕاستگۆیی لەهەمانکاتدا پڕیشە لە ساختەچێتیی و بەرژەوەندیی تاکەکەسیی.
لەو بازاڕی بەرژەوەندییەدا هەندێک کەس دایکی خۆیانیش ناناسنەوە، بەوپەڕی بێویژدانییەوە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر بەرامبەریان دەکەن.
هەموو کار و رەنج و گیانفیداییەک بە جێی خۆی، دەستدرێژیی و دەمدرێژییە ناڕەواییەکەیە کە مرۆڤ ناڕەحەت دەکات و دەپرسێت ئەگەر کاری سەرەکیی مەبەست لە خزمەتی خەڵک و کۆمەڵ بێت، ئەم بێویژدانیی و بێڕەووشتییە لە بەر چی کە برا و خوشکی ئەمڕۆ دەبن بە دوژمنی سبەینێ و بە پێچەوانەشەوە.
ئایا ژنان لە کوێی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزو بارگرانانەدان لە کاتێکدا ژمارەی دەنگیان زۆر کەمتر، کزتر، دۆخیشان زۆر نالەبارتر و مەیدانیان زۆر ناهاوسەنگترە؟ ئەم دۆخە نا سەقامگیرە لە هەرێمی کوردستان کێ دروستی کردووە؟
لە هەرێمی کوردستان با دەچێندرێت یان خەمخۆری و خۆشەیستی بۆ نەوەکانی داهاتوومان؟
*پێشەکی کتێبی لەبارەی توندوتیژییەوە” هانا ئارێنت لا١٣