کورد و ئازادی ئۆجەلان

هاوژین زیبا
فکر بەهێزبێت ئازادی درەنگیشبێت هەر دەگات. ئەم راستییە لە وڵاتانی داگیرکراودا وەکو ئاڵایاکی شەکاوەیە، لەبەرئەمەیە کاتێک وڵاتێک داگیردەکرێت مەترسی هەرە گەورە مەرگی مرۆڤ نییە، بەڵکومەرگی فکرە. چونکە مرۆڤ بە فکرو بیرکردنەوە دەژی کاتێک فکر نەبێت مرۆڤ بۆخۆی مردووە. چالاکی بەرهەمی فکرە ئەگەر فکرو بیرکردنەوە نەبێت هەروڵاتێک وەک گۆرستانێکە گەرچەکی بەهێزیشنەبێت حکومکردنی گۆرستان ئاسانە، بەڵام کاتێک لەبەرامبەری داگیرکەر مرۆڤێکی بیرکەرەوە هەبێت  چەکی بەهێز ناتوانێت بێ زیان بێت. بۆیە هێزی داگیرکەر کاتێک وڵاتێک داگیر دەکات دەزانێت ئەگەر لەو وڵاتەدا فکرێکی نوێ دروست نەکەن و فکری رابردوو لەناو نەبەن رۆژێک شکستدەهێنن ئەو راستییە لە شەری هیتلەر و جولەکەدا بیندرا.
 
لە وڵاتی ئێمەش ئەم راستییە هەیە. دەوڵەتانی داگیرکەر ئەم وڵاتەیان دابەشکردووە بۆ چواربەش و چوار سنوریان بۆ کێشاوە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانییوە فکری کوردبوون و ئازادی لەناوبەرن ئەمە راستییەکی ئێمەی کوردە.  داگیرکەران لەبەر ئەوەی ناتوانن  فکری کوردبوون لەناوبەرن بۆیە دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن هاوشێوەی خاکەکەمان هەوڵدەدەن سنور بۆ بیرکردنەوەو هەڵوێستمان دروستبکەن. کوردێکی باکوری ناتوانێت بەدڵی خۆی بچێت  بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان کوردێکی باشوریش ناتوانێت بەدڵی خۆی بچێتە باکوور یان رۆژئاوای کوردستان چونکە ئاسایشی هەر سنورێک لە ژێر دەستی حزبی دەوڵەتێکدایە. ئێستا ئەو سنورە جوگرافیایە لەسەر فکری کوردانی ئازادی خوازیش دروستبووە بۆیە دەبینین لەهەر چوار پارچەی کوردستان هەرکوردێکی ئازادی خواز کاتێک باسی کوردستاندەکات بەداخەوە لە کۆتایی  قسەکانیدا وشەی (بەڵام) دادەنێت کاتێک بۆ کوردێکی رۆژهەڵاتی باسی ئازادی باشووری کوردستان دەکەیت دەڵێت(بەڵام ئەوێ باشوورە) ئەرێ باشووورە بەڵام خاک خاکی کوردانە، پاشان دەڵێت(ئاخر حزبەکانی ئەوێ جیاوازن) ئەم راستییە بەرامبەر بە ئازادی کوردستان کێشەیەکی زۆر گەورەیە ئەمە خزمەتی کورد و کوردبوونناکات.
 
وزەی پارچەکراو وەک وزەی دابەشنەبوو بە هێز نییە. کوردستانیش وایە بۆئەوەی بەرهەمێکی سەرکەوتووهەبێت پێویستە وزەی ئازادیخوازی هەرچوارپارچەی کوردستان کۆببنەوەو ببن بەیەک، ئەگەر تا ئێستا داگیرکاری بەردەوامە هۆکاری ئەو راستییەیە کە ئەقڵی حزبی بەرامبەر ئەقڵی نیشتمان لاوازە پێویستە ئەقڵی نیشتیمانی لە سەرەوەبێت کامە حزب دەبێت جیاوازی نییە گەر پارتی، یەکێتی، گۆران یان پەکەکە بێت ناوی حزب وشەخس لە کوردستان گرنگتر نییە تواناو سیاسەتی گشتی پێویستە ئەمەش بە گۆنگرەیی نەتەوەیی دروستدەبێت، بەڵام ئێمە لە ئاستێکداین کە پارتی کارێکی باشبکات لەبەر ئەوەی پارتییە ئەو باشییە نابینین کاتێک یەکێتی شتێکی جوان بکات لەبەر ئەوەی ناوی یەکێتییە ئەو جوانیییە نابیندرێت دیسان کاتێک پەکەکە کارێکی جوان بکات لەبەر ئەوەی ناوی پەکەکەیە ئەو جوانییە نابیندرێت بۆچی نابیندرێن چونکە وەک وڵاتەکەمان فکریشمان سنوربۆکێشراوە.

بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان وەک کوردێکی ئازادی خواز ٥٠ ساڵە بۆ ئازادی کوردستان تێدەکۆشێت تا ئێستا توانای ئەو لە هەر چوار پارچەی کوردستان وجیهان کاریگەری لەسەر ملیۆنان کورد ومرۆڤی ئازادی خواز دروستکردووە لەهەمانکاتدا لەسەر فکرو رامانی ئەو ئارتەشێکی مەزن پێکهاتووە لەگەڵ ئەم ئارتەشەدا پارادیگمایەک دروستببوە چونکە ئێمە دەزانین بۆ ئازادکردن و بەرێوەبردنی وڵاتێک تەنها هێزی چەکداری بەسنییە، دەبێت قوتابخانەو روانگەی ژیانیش هەبێت بۆیە نزیکەی ٥٠ ساڵە دەوڵەتانی داگیرکەرو ناتۆ ناتوانن بەرامبەری سەرکەوتووبن.

بەرێز عەبدوڵائۆجالان لەبەر تواناکانی خۆی ٢٢ساڵە لە ئیمراڵی زیندانی کراوە و گۆشەگیرییەکی گرانیان بەسەردا سەپاندووە. بۆمن ئەو تەنها شەخسێک نییە بەڵکو ناسنامەی کوردە ئێستا لەجیهاندا بە سەدان هەزار کوردی وەک من ئەو راستییە دەبینن و بۆئازادی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان دەنگی خۆیان هەڵدەبڕن لەگەڵ ئەوەشدا گەلێک زانا، فەیلەسوف و سیاسەتمەداریش بۆ ئازادیی ئەو دەنگیان هەڵدەبڕن بەڵام بەداخەوە لە باشووری کوردستان ئەو دەنگە زۆر بەرز نییە بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەو باکوری و رێبەری پەکەکە یە حزبەکانی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵگا وادەڵێن( ئەوان باکورین و خەریکی کاری خۆیانن وازیان لێبێنن) ئێستا خەڵکی باشوور بۆ باکور ئاوا بڵێن و دەنگیان هەڵنەبڕن باکور بۆ رۆژ هەڵات دەنگی هەڵنەبرێت و رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا نەیەتە دەنگ کوردستان چۆن ئازاد دەبێت؟

05/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر