ئازادی ژن گەوهەری دیموکراسییە

هاوژین زیبا

ئازادی ژن روحی سەردەمە، کە دەڵێین ڕۆحی سەردەم ، مەبەستمان لە ئەقڵییەتی باو و جیهانبینیی گشتییە لەوقۆناغەدا کە تێپەڕاندنیان مەحاڵە. هەر لەبەر ئەمەیەکە بیرمەندە هەرە بەرناوبانگەکانی مێژووش نەیان توانیوە لە کۆت وپێوەندەکانی ڕۆحی سەردەمەکانی خۆیان بەتەواوی دەرباز ببن. بۆ نموونە: فەیلەسوفێکی گەورەی وەک ئەرستۆ ، لە ژێر کاریگەریی گیانی سەردەمەکەی خۆیدا باوەڕی وابووە ئەوە سروشتی تایبەتی ژن و کۆیلەیە کە ئەو پێگە کۆمەڵایەتی یە دیارکراوەی پێ بەخشیون و پیویستە تەنها کاری ناو ماڵ بەن!

خۆشبەختانە سەردەمی ئێستا ڕۆحێکی جیاوازی هەیە.. ڕۆحێک کە بەرهەمی دەستکەوتە زانستی و تەکنەلۆجیییە مێژوویەکان، زادەی شۆڕشەکانی پیشەسازی و دۆزینەوە گەورەکانە و سەردەمی شۆڕشی زانیارییە. بۆیە  ئەمڕۆ هاوڕایی لە سەر یەکسانی ومەحکومکردنی چەوساندنەوەی ژن  بوونەتە سیمایەکی گشتیی بیری مرۆڤایەتی .. هەندێک ڕێباز و هزری بەجێماوی سەدەکانی ناوەڕاستی لێ دەربچێ،هیچ کەس و لایەن و ڕێبازێک  نابینرێ بەرگری لە کۆیلایەتی و لە چەوساندنەوەی ژن بکات.. ئەمە دەستکەوتێکی بەنرخە و دەبێت ددانی پێدا بنێین کە دیموکراسی و لیبرالیزم ، لە ڕوانگەی نرخاندنی تاکگەراییەوە،  ڕۆڵی گەورەیان لەم  دەسکەوتەدا گێڕاوە.

فاشیزم  و نازیزم بە سیستمە دیوکراسییەکانی سەدەی بیستەم بەراوەد بکەین ،تێ دەگەین کە یەکسانی ژن و پیاو، لە نەمانی ستەمی جێندەری چەند قەرزارباری دیموکراسیین و بزووتنەوە فیمینیستیش چەند پێویستیان بە فراوانکردن و چەسپاندنی دیموکراسی هەیە.

لە كوردستاندا، خەبات بۆ نەهێشتنی پاشماوەی بە كۆیلایەتی ژن و ئازادی ژن و پێشەنگایەتی ژن تا رادەیەكی باش پێشکەوتووە. لە بواری رۆشنبیریشدا هەوڵدەدرێت كە بنەمای فكری ئەم خەباتە پتەوتر بكرێت و ژن بە هۆشیاریەكی زۆرترەوە، بتوانێت  ئەم مافە بۆ خۆی دەستەبەر بكات. پلاتفۆرمی دابڕان ناونیشانی یەكێكە لەم خەباتە ڕۆشنگەرییانە، كە بە ڕاگەیاندنی فێمینیزمی رۆشنگەری هەوڵ دەدات هۆشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی ژنان بەرەوە پێشەوە ببات. 

بەڕێز "مەلا بەختیار" سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان لە مەراسیمی کۆبوونەوەی ژنان بۆ ئامادەکاری بەستنی چوارەمین کۆنفرانسی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری لە ڕۆژی ١٤/٦/٢٠٢١ دا لە ووتارەکەیدا  تێزێکی نوێی بە ناوی(ژن گەوهەری دیموکراسییە) ڕاگەیاند و وتی لەم سەردەمەدا، لەسەردەمی جیهانگیری، کە دەمانەوێت رۆشنگەری بەدیبهێنین، فێمێنیزمێکی نوێ پیادە بکەین، بەم گەوهەرە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نوێوە کە ژن گەوهەری دیموکراسییە، بنەمای دیموکراسییە لەوڵاتانی دواکەوتوو، بەم گەوهەرەوە سیاسەت و چالاکییەکانی خۆمان پەرەپێدەدەین و بەردەوام دەبینن لەخەباتی ڕۆشنگەری.

ئەگەر بەوردی لەم قسانە بڕوانین ئەوا دەبینین كە ئازادی ژن وەكو داینەمۆی خەباتی دیموكراسی دەستنیشانكراوە، لەم پێناوەشدا فێمێنیزمی ڕۆشنگەری بە شێوازی جیاواز کاردەکات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئازادییە و چەسپاندنی دیموکراسی ڕاستەقینە کە ئەمە جیاوازی دەکات لە کارکردنی ڕێکخراوەکان لە ناو پرسی ژناندا. فێمێنیزمی ڕۆشنگەری تێدەکۆشێت  بۆ ڕۆشنگەری ژنان و گەرانەوەی ئەو بەهاو پێگانەی ژن لە ژیاندا کە لێی سەندراوەو داگیرکراوە لەلایەن سیستەمی خۆپارێزی سەرمایەداریی ودواکەوتووی نەریتی پیاوسالارییەوە .


04/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر