سەرەتایەکی نوێ بۆ کار و چالاکیەکانی فێمینیزمی ڕۆشنگەری

هاوژین زیبا

فێمێنیزم پرۆژەیەکە بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و بزوتنەوەیەکیشە بۆ کۆتایی هێنان بە سەرکوتکردنی ژنان. بە سەرنج دان لەم دوو لایەنە، فێمێنیزم بەردەوام وەک تروسکەیەک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بوونی هەبووە، هەربۆیەش فێمینیزم هەوڵدانە بۆ دەستکاریکردنی ئەو نۆرمە داسەپاوە کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و کولتوریانەی کۆمەڵگە جیاوازەکان، کە ژن بە پلە دوو هەژماردەکەن و ژێردەستەیی دەکەنە تەنها چارەنوس بۆ ژن. لێرەوە بزوتنەوەی فێمێنزم خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە قوربانی و سەرکەشییە،بەردەوامیش خەباتی لە دژی ئەو بنەما کۆمەڵایەتیانە کردووە، کە ژێر دەستەیی ژنانیان بە ئاسایی لە قەڵەم داوە.

لە هەرێمی کوردستانیش وەک ئاشکرایە ژنان لە دۆخێکی نایەکسان و نا دادپەروەریدا ژیان دەکەن. لەگەڵ بوونی زۆرێک لە رێکخراو و گروپی جیاوازی تایبەت بە مافەکانی ژنان بەڵام، نەتواندراوە ببنە وەڵامێک بۆ کۆتایی هێنان بە جیاوازی ڕەگەزی و ژن کوژی و توندووتیژیی بەردەوامکە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، لەلایەن ئەو کەسانەی هەڵگری ئەقڵیەتی کۆنەپارێزی و پیاوسالاریین. 
فێمینیزمی ڕۆشنگەری، لە ٢٢/٥/٢٠١٧  لە سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پلاتفۆرمی دابڕان لە شاری سلێمانی خۆی ڕاگەیاند. لێرەوە وەکو پڕۆژەیەک لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری کە لە گۆڕینی عەقڵی باوكسالاری‌و نەریتگەرایی‌و سەلەفیەتدا خۆی دەبینێتەوە، کەوتۆتە کار و چالاکی.فێمێنیزمی ڕۆشنگەری لەسەر پێشنیاری سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان، بەرێز مەلا بەختیار، دامەزراوە.

فێمێنیزمی ڕۆشنگەری، بڕوای وایە کە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری بۆ ژنانی کورد هاوشێوەی یەکترە لە ژێر ستەمی دەسەڵاتی پیاوسالاریدا ،کە ژن بە کەمتر و بێ شوناس دەبینێت لە ژیاندا.هەرچەندە ڕەنگە جۆری کێشەکان لە ڕواڵەتدا جیاوازبن، بەڵام لە یەک سیستەم و ئەقڵیەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە جیاوازی ناخاتە نێوان خوێندوارو نەخوێندەوارەوە، تەنها هۆکاری ستەمەکەش ژن بوونمانە.
فێمینیزمی ڕۆشنگەری، پلانی درێژخایەنی داناوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.. بێگومان ئەوەش دەزانین لە کۆمەڵگای کوردستاندا کە تا ئێستاش بەناوی شەرەف و نامووسەوە ژنان دەکوژرێن، ئەم کارە ئاسان نابێت.بەڵام ئێمە هەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە لە هەموو بوارەکاندا، بۆ نمونە هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی میدیاکان، سۆشیاڵ میدیا، بەرنامەی ڕادیۆیی، پەیجی فەیسبووک، هەروەها بەشێک لە ناو سایتی دابڕان کە تایبەت بە فێمێنیزمی ڕۆشنگەریە، هۆشیاری بلاوبکەینەوە سەبارەت بە فێمینیزم. بەهەمان شێوەیەش پلانمان هەیە لە داهاتوودا سایتی تایبەت بە فێمێنیزمی ڕۆشنگەریمان هەبێت. لە هەمان کاتدا کاری مەیدانی و خولی پەروەردەیی بە گرنگ دەزانین و لە هەر ناوچە و شارێکی کوردستان نوێنەرمان هەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەکانمان دەستپێدەکات، کە بریتین لە بڵاوکردنەوەیهۆشیاری و دروستکردنی هاوپشتی ژنانە. بۆ وەرزی نوێی خوێندن لە پلانماندایە لە ناوەندەکانی خوێندن چالاکانە کار بکەین لە رێگەی بڵاو کراوەو خول و سمیناراتی تایبەت بە کچان و کورانی تازە پێگەیشتوو. تا ئێستا دوو خولمان بۆ ژنانی خانەقین و دەربەندیخان کردۆتەوە کە لە ناوەندی چاودێر بەرێوە چوون. هەروەها لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە خولێکی پەروەردەیی فێمینیستیمان بە هاوبەشی لەگەڵ (پڕۆژەی کولتور-کولتور مەگەزین) کردەوە،کە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو، کە لەلایەن بەرێز هۆزان مەحمودەوە وانەکان دەوترانەوە.هەروەها لە تۆری کۆمەڵایەتی کلوب هاوس، کلاپی تایبەت بە فێمێنیزمی ڕۆشنگەریمان کردۆتەوە و چالاکانە پرسی ژنانمان خستۆتە بەرباس. لە ئێستاشدا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ شەشەمین کۆنفرانسی دابڕان و چوارەمین کۆنفرانسی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری کە وا بڕیارە لە ٢٤-٢٥/١٠/٢٠٢١بەرێوە بچێت.

لەگەڵ هەموو هەنگاوێکماندا داوا لە ژنانی کوردستان دەکەین بەبێ جیاوازی ئەوەی کە لە هەر کایەیەکی کۆمەڵایەتی، حزبی یان خویندن و ناوەندەکاندان، هاوکارمان بن لە بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری، کە برەو دانە بەهزر و هۆشیاری ژنانە لە بەرامبەر ستەم و نادادپەروەری ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵی کوردەواریدا. لێرەوە ئێمە دڵنیاین لەوەی کە بە هاوکاری و یەک گرتنی ژنان ئەم خەباتە سەرکەوتوو دەبێت.


20/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر