گەڕان بە دوای چارەسەردا

زانا تۆفیق بەگ
قۆناغی چارەسەری سیاسی لە  عێراقدا ، پێویستی بە  گوڕانکاری لە میتۆدی فیکری بەشێکی زۆری هێزە عەرەبیەکانی ناو دەسەڵاتی  سیاسیدا هەیە . 

ئێستای عێراق بریتیە لە کەلاوەیەکی سیاسی و دەسەڵاتێکی ئیفلیجکراو ، بەردەوام پلان داڕێژەری دروستکردنی  بڕیاری سیاسی لەناو هەڕەمی دەسەڵاتی عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەلێ دەزگای هەواڵگریی دەرەکی . بۆیە لە ئێستادا ئەستەمە کۆمەڵگای عێراقی چاوەڕێی دروستکردنی بڕیارێکی هاوبەش لە کۆی هێزو دامەزراوە سیاسیەکان عێراقدا بکرێ .

ئایندەی عێراق ڕووبەڕووی ترسناکترین دۆخی سیاسی دەبێتەوە  لە داهاتوویەکی نزیکدا، هاوشێوەی دۆخی ووڵاتی لوبنان . چونکە هەر فیگەرێکی سیاسی لە ناو کایەی دەسەڵاتدا  خاوەنی ئیرادەو هێزێکی مەعنەوی و سیاسی خۆی نیە .  بەتایبەتی ئەو هێزانەی سەرمایەی سیاسیان پەیوەندارە بە ئەجندای  دەزگا هەواڵگریەکانەوە. نمونەی ئەو هێزانە وەک چواڕچێوەی هاوئاهەنگی شیعە و ڕەوتی سەدر . 
هەندێ بۆچوونی سیاسی دەلێن ڕەوتی سەدر توانای  بەردەوامی لەو ڕێکەوتنە سیاسیەنەدا  نیە چونکە هێزێکی نهێنی لەپێشت بڕیارە سیاسیەکانی ڕەوتی سەدرەوەیە هەر لەوڕوانگەیەوە خاوەنی بڕیارێکی سیاسی  تۆکمە نین، لەگەڵ  هیچ هێزێکی سیاسی تردا.  بەپێی هەندێ  زانیاری دزەپێکراو  لەناو ڕەوتی سەدردا نیازێکی شاراوە بەدی دەکرێت لەنێوان سەرۆکی ڕەوتەکەو هەندێ  لە ووڵاتانی کەنداو دا  بەتایبەتی هەردوو ووڵاتی سعودیە وئیماڕات وە هەرجارە و یەکێک لەو ووڵاتانە بەپێ بەرژەوندی خۆیان ڕێڕەوی سیاسی بۆ سەدریەکان دیاری دەکەن.  ئەمە گەورەترین فاکتەری سلبیە کە ناتوانی ستراتیژیەکی دیاری کراوی هەبێت  لەگەل هاوپەیمانەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام هەر جارەو گوتارێکی سیاسی جیاوازی هەیە. 

هێزە جیاوازەکانی تری شیعە وە بەشێک لە کورد لە ڕێگای کۆمەڵی ڕێکەوتنی نهێنی لەگەڵ ئێراندا . بەهەمان شێوە ئاڕاستەی بڕیاری سیاسیان بۆ دیاری دەکرێ بەڵام بە میکانیزم و شێوازێکی تر ، کێشەی سەرەکی ئەم میحوەرەی کورد و هێزەکانی شیعە بریتیە لە ناکۆکیەکانی ناخۆی دەزگاکانی ئێراندا . بۆ نمونە بەشێک لە دیارکردنی ئاڕاستەی هاوکێشە سیاسیەکان لەلایەن دەزگا هەواڵگریەکانەوە دەستنیشان دەکرێ بەجیاوازلە بەشەکەی تری لە ڕێگای هێزەکانی پاسدارانەوەیە تا دەگات بە ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیەکانی ئێران ، ئەگەر بەووردی نمونەیەک بۆ ئەم ناکوکیە باس بکەین کاندیدکردنی سەرۆکی کۆماری عێراقە کە بەشێک لە دەزگاکانی ئێران پشتگیری دەکەن بەشەکەی تری دژی کاندیدکردنی بەر بژێرەکەی یەکێتین بۆیە ناکوکێکانی ده زگاکانی ئێران بەڕوونی لەسەر هێزەکانی شیعەو کورد زۆر بە ئاشکرای دیارە وە ناتوانرێ ستراتیژیەکی یەکگرتوو بۆ هاوپەیمانەکانی  شیعەکان کورد لەلایەن ئێرانەوە دیاری بکرێ. 

چارەسەری دۆخی عێراق پابەندە بە کۆمەڵی ڕێکەوتنی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا و ئێران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و کێشەی سوریا وا پێدەچێت ئیدارەی بایدن لە ڕێگەی ئەو دایشتنە نهێنیانەی ڤینا لە نەمسا ڕێگەی بە ئێران دابێ لە دەستنیشانکردنی چارەسەری کێشەکانی عێراق ڕوڵی سەرەکی ببینت بە واتایەکی تر پێشنیارەکانی ڕەوتی سەدر لەدوای کشانەوەی ڕەوتەکە لە کایەی سیاسیدا ناتوانێ ببێتە هێزی یەکلاکەرەوەی دۆخەکە ،  ئەم دیدگایە لە ئایندەیەکی نزیکدا لێکەوتەکانی بە ڕوونی دەبینێرێت واتا کلیلی چارەسەری دۆخی عێراق لە تاران دەبێ نەک لە حەنانە.

12/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر