میدیای نا پیشەیی

زانا تۆفیق بەگ
لە دوای ڕاپەڕینەوە هەرێمی كوردستانو کورد خاوەنی  دەزگایەكی میدیای سەربەخۆ نیە، كە تەعبیر بێت لە دروستكردنی میدیایەكی ئازاد و شەفاف. 

دونیای ڕۆژنامەوانی كوردی وەكو بازاری عوكازی عەرەبی لێهاتووە، لەم بازاڕەدا ئەگەر خودا پێداو  بێت دەتوانی مامەڵە بەهەموو دەزگاو كارمەندەكانیەوە بكەیت بەخواست و ئارەزووی خۆت ئاڕاستەیان بكەی، بێ گوێدانە عورفی كۆمەڵایەتی و ئادابی گشتی و ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی كۆمەڵایەتی .

چركەساتی خۆ سوتاندنی گەنجێكی كوردی ڕۆژهەڵات  لەبەردەم چەند مایكێكی كەناڵی ڕاگەیاندنی حیزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان، جارێكی تر بەڵگەی ئەوەیە كە ،  كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا وەكو بازاڕی شێواوی لێهاتووە بەهۆی زۆری پارەی نامەشروع و ململانێى نا ئەخلاقی لایەنە سیاسیەكان لەڕێگای ماسك میدیاوە ئەوە دەرئەنجامەکەیەتی.

ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان بەرهەمی ئەو بێ پرنسیپ و بێ مۆڕاڵییەی  میدیاو  پەیامنێرانی ناپرۆفیشناڵە كە بوونە هۆی هاندانی خۆسوتاندنی ئەو گەنجە.

تا ئەم چرکە ساتە ڕووداوێکی كورت و ئاسایی نیە، واتە تەنها كاڕێكی خۆكوژی نیە، چونكە ئەمە یەكەم جارمان نیە لەسەر كەناڵەكانی میدیاى (بیستراو، بینراو، خوێنراو) ئەم كارەساتانە ببینین، واتا چركەیەك تێناپەڕێت بەریەككەوتنێكی بەردەوامان نەبێت، لەگەڵ ئەم جۆرە ڕووداوە تراژيدیانەدا. لەدوێنێدا كوشتن و سوتاندنی سێوان، پاشان كوشتنی پیاوێك بە چەقۆ لەلایەن  ژنەكەیەوە لە شارەزوور....هتد، دواتر هەموو ئەمانە دەگوازرێتەوە بۆ سەر توڕەكۆمەڵایەتیەكان بەشێوەیەكی گشتی هەموو كەس و ئەوانەی لەخوار هەژدە ساڵانەوەن ئەم بابەتە دەبینن کە بەپێی یاسا قەدەغەیە چۆنکە هۆکاری نەرێنی لەسەر بیرکردنەوەی نەوەجەوانان بەجێ دێهڵێت.

بەداخەوە بەشێكی پەیامنێران و رۆژنامەنووسان بۆ  بەرژەوەندی تایبەت و خۆدەرخستن ئەم  كورتە ڤیدۆو وێنانە بلآودەكەنەوە یان ئەوەی لە هە مووی کارەساتبارتر ئەوەیە لەکاتی مەرگی کەسێکدا بەمایکێکو کامێرەیەکەوە دەچێتە بەردەم خاوەن پرسەکە دەڵێ شعورت چیە ؟
هەموو ئەم كارەساتانەی كە ڕۆژانە بەبێ خواستی خۆمان لەسەر شاشەى تیڤیەكان دەیانبینین بەبێ سانسۆر،جۆرێكە لەو پاشا گەردانیە كە دونیای  ڕۆژنامەوانی و میدیای كوردی گرتۆتەوە . بنەمای  میدیا لە هەرێمی كوردستاندا ئێجگار قەیران ئامێزە پڕە لە گرفتی جۆربەجۆر.

كۆمەڵگای كوردی تەنها لە كایەی سیاسیدا تووشی داڕمان نەبووە بەڵكو لەگشت سێكتەرەكانی ژیاندا تووشی داڕزانێكی گەورە هاتووە، ئەم كۆمەڵگایە خاوەنی هیچ چەكێكی خۆپاراستن نییە لە بەرامبەر دوژمنەكانیدا، وە بەشێكی شێواندنی كاری میدیا و  ڕاگەیاندن جگە لە بێ توانای خۆیی ، دەگەڕێتەوە بۆ دوژمنەكانی كورد كە دەیانەوێ بە هەموو جۆرێك لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە كۆمەڵگای كوردی لە بنچینەوە هەڵتەكێنن،  بەدەیان سایت و دەزگای مەشبوهیان دامەزراندوە، بۆ كڕینی ویژدانی چەندین خەڵكی خاوەن كەفائەت لە پێناو تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگای كوردى  .  بەهۆی ئەم میدیا نا پیشەیانەوە تا ئێستا توانیویانە ئەنجامێكی گەورەبەدەستبهێنن بەتایبەتی لە ڕووی تێكشاندنی سایكۆلۆجیەتی تاكی كوردەوە،  ئەوەش بەهۆی  ڕووماڵکردنی لەم جۆرە پەخشانە  لەڕێگای دەزگاى ڕاگەیاندنەکانەوە  ، بوونی خەڵكانی نا پیشەیی لەناو دەزگاكاندا بەتایبەتی کاتێك کە ڕووماڵی ڕووداوێك دەکەن  نازانن تاچ ئەندازەیەك ئەركی و پیشەی ئەوانە یان نا .

باشترین نمونە کەیسی ئەو گەنجە بوو  کە زۆر خەم ساردانە ، بەبێ ئەوەی بەشێك لەوانەی كە لە شوێنی ڕووداوە  خۆكۆژییەكەدا وەستابوون  هیچ بەرگریەك یان هەوڵی ڕاگرتنی ئەو گەنجە بدەن كە ئەو كارە نەكات . یان بە دروستكردنی دەیان كەسی بەكرێگیراو لە هەرێمی كوردستاندا بۆ  تێکدانی پەروەردەی کۆمەڵگا لەڕێگای سیستەمی تەکنەلۆجیاوە کە کورد هەتا ئێستاکە لە قۆناغەکانی سەرەتایدا یە. 

بەداخەوە كۆمەڵگای كورد خاوەنی هیچ زانست و مەعریفەیەك نیە تا بتوانێت بیكاتە كەرەستەی بیركردنەوە بۆ   بەرگری لە خۆی بەتایبەتی دژی ئەو تەکنیکەی کە  دوژمنەكانی لە بەرامبەر  تێکدانی فەرەنگە و پەروەردەیی تاکدا بەکاری دەهێنن. کوردهەموو تواناکانی خۆی خستۆتە خزمەت ناشرینکردن  و بێ هێزکردنی یەکتری کە ئەمە بەشێکی کێشەکە. 

19/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر