چەند سەرنجێک لەسەر قسەکانی سەرۆکی حکومەت

لەتیف مستەفا
بەڕێز سەرۆکی حوکمەت، کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەتم تەماشا کرد، تەنیا چەند سەرنجێک لەبارەی ئەوەی لەسەر دادگای فیدرالی وتت دەڵێم، ئەوی تر دەشێ شارەزایانی بواری ئابوری و دارایی و نەوت قسەی لەسەر بکەن
١- دەڵێی دادگاکە نادەستوریەو بە یاسای برێمەری پێش دەستور دامەزراوەو دەبوایە یاسایەکی تازە دەربچێت لە پەرلەمانەوەو پێک ھاتەی دادگاکەش بگۆڕێ بەگوێرەی ئەو مەرج و پێداویستیانەی دەستور دیاری کردوە، ئەو قسانە سەدی سەد تەواوەو لەگەلتم بەڵام :
یەکەم : ئەوە ئێوە نەبوون وەک کورد بەگشتی و وەک پارتی بەتایبەتی کە خۆتان بە نوێنەری پلە یەکی کورد دەزانن لە بەغداو گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیتان ھەیەو ھەموو سەوداو مامڵەکان لەگەل ئێوە دەکرێت ،ساڵی پار ٢٠٢١ ڕازی بوون بەوەی لەجیاتی یاسای تازە کە پێویستە بەگوێرەی دەستور بە دوو لەسەر سێ دەربچێ یاسا کۆنەکە تان ھەموار کردەوە، کەواتە ئەگەر کەم و کورتیەک لەم ڕوەوە ھەبێ یان دادگاکە بەیاسایەکی نادەستوری دروست بوبێ« کە ئەوە ڕاستە » خۆتان شەریک و ھاوبەشن و ناتوانن خۆتانی لێ بێ بەری بکەن و بیخەنە ئەستۆی ئەوانی دی، ناکرێ تۆ خۆت بەشدار بووبی لەو کردەوەیە ئێستا خۆتی لێ بێبەری بکەی و بیخەیتە سەرشانی بەرامبەر ، بەدلنیاییەوە ئەم قسەیەتان لێ وەرناگیرێ.
دووەم: ئەوە ئێوە خۆتان بوون دوای ھەمواری یاساکە و لەکاتی دوبارە پێکھێنانەوەی دادگاکە ڕازی بوون بە پشکپشکێنە کردنی حیزبی دادگاکە ،  لەجیاتی ئەوەی پێ داگیری بکەن لەسەرئەوەی دادگاکە بەراستی لەسەربنەمای دانانی دادوەرانی بێلایەن و خاوەن ویژدانی دادوەری دابنرێن، ئەی بێگومان تۆ رازی بیت دادگایەک لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبی دابمەزرێنی و خۆت تێیدا کەمینە بیت ھەمیشە دۆڕاوی 
سێیەم : سەبارەت بە بریارەکەی دادگا بەدلنیاییەوە ئەویش خۆتان ھۆکار بوون ، جا بە ئەنقسەت بووبێ یان بەھۆی کەمتەر خەمی و نەشارەزاییتانەوە بوبێت، بەم بەلگانەی خوارەوە
١-ساڵی ٢٠١٢ کە وەزارەتی نەوتی فیدرالی دەعوای تۆمار کرد لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیکانی ھەرێم پشتی بەیاسای نەوت و غازی ساڵی ١٩٧٦ بەستبوو لەو دەاوایەیدا کە یاسایەکی نادەستوریە ، دەتوانراو ئەوکات بەتۆمار کردنی داوایەک لە دادگای فیدرالی لەسەر ئەو یاسایە دەعواکەی وەزارەتی دارایی فیدرال ڕابگرن دوایی پوچەلی بکەنەوە، بۆ لەماوەی چەندین سال نەتان کرد؟
٢- دادگاکە بەکۆی ھەموو دادوەرەکانی دەبێ کۆببێتەوە ، یەک دادوەر ئامادە نەبێ کۆبونەوەکە ناکرێ، باشە بۆ دوو دادوەرە کوردەکە یان ھیچ نەبێ دادوەرەکەی خۆتان سەحب نەکردەوە ؟ خۆ بریارەکە پێش رۆژی جاردانی و بلاو کردنەوەی دەنوسرێتەوە، نەشلێن دادوەری ئتحتیات ھەن لەحالەتی ئامادە نەبونی دادوەرەکەی ئێمە لەشوێنی دادەنران . ئەوە لە حالەتێکدا دەبێ کە پۆستە دادوەریەکە چۆل ببێت بە مردن یان خانەنشین بوون یان دەست لەکار کێشانەوە
دەعوا ھەبوە چەندین دانیشتن بەھۆی نەخۆشکەوتنی یەکێک لەدادوەرەکان چەند دانیشتنێک دواکەوتوە،
جگە لەوە بەگوێرەی ھەمواری یاساکە لەسالی ٢٠١٢ دەبێ دادگاکە نوێنەری ھەموو پێکھاتەکانی تێدابێ ئەگەر وانەبێ پێک ھێنانەکەی لەروی یاساییەوە پوچەلەو ، ئەو کات دەشتان توانی تانە لەشەرعیەت و یاسایی بونی دادگاکە بدەن، نەک ئێستا کە خۆتان بەشێکن لێی 
ئێستا لەروی یاساییەوە دادگا بریارێکی دەرکردوەو بریارەکە ناکرێ تانەی لێبدرێ و مولزەمیشە« سەرەرای تێبینی لەسەر بریارەکە»
ئایا ناکرێ لە جیاتی عینادی و سواری سەری خۆبون ئەم بریارە وەک دەرفەت تەماشاکەن ؟
بەرای بەندە دەکرێ ئەم بریارە بکرێتە دەرفەتێکی زێرین بۆ خۆ رزگار کردن لەو ھەموو رێک کەوتنە نایاسایی و نا بەرامبەرانەی لەگەل تورکیاو کۆمپانیا نەوتیەکان کراون کە لەرێیەوە بەشی زۆری پارەی نەوت بۆ تورکیا و ئەو کۆمپانیایانەو دزی و گەندەلی دەروات، ھەر بە حیسابەکەی خۆشت بێ ھیچی وای لێ نامێنێتەوە
عەقل و لۆژیک پێمان دەلێت ،باشترین بژاردە ئەوەیە کە بجین لەگەل بەغدا لەسەر یاسایەکی باشی نەوت و غاز رێک بکەوین و نەوتەکە لەرێیی فەرمی و یاسایی عێراقەوە بەنرخی جیھانی بفرۆشین نەک ھەرزان فرۆش
ئەو زیادەیەش کە لە زیدکردنی نرخی فرۆشتنی نەوتەکەی ھەرێم لەرێی بەغداوە دەست دەکەویت و دەچێتەوە ناو کۆی داھاتی گشتی دەشێ ئێمەش سود مەند ببینەوە لێی و بەشە بودجەی ھەرێمیشی پێ زیاتر بکرێ، ھیچ نەبێ لەوە باشترە خێزانی حوکمڕانی تورکیا ئەو زیادەیە بەرێت و دژایەتی کوردی لە باکورو رۆژئاواو باشوریش پێ بکات
جگە لەوە ئەگەر ئێمە بەرێژەی بەرچاو بەشدار بووین لە بەرز کردنەوەی داھاتی عێراق ئەوکات مافیشمان دەبێ بزانین بودجەی عێراقیش بەگشتی نەک ھەر پشکی ھەرێم چۆن و بۆ کوێ و بۆ کێ خەرج دەکرێت؟


05/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر