گەڕانەوە بۆ ژێر سیستەمی ئینتیداب

لەتیف مستەفا

ساڵی ٢٠١٥ لە ھۆڵی کۆلیجی یاسای زانکۆی سلێمانی کۆڕێک بەسترا لەسەر وەزعی عێراق و چی باشە بۆ چاکردنی وەزع ، من مداخەلەیەکم کردو وتم باشترین شت گەڕانەوەیە بۆ نیزامی ئینتیداب ، مامۆستا میوانەکانی جنوب قسەکەی منیان پێ قورس بوو وابزانم بە نەزانیشیان لەقەڵەم دام,ئەو قوتابیانەی کە دەرسی یاسای دەستوریم پێ وتون شایەتن من زۆر دەمێکە باسی سیستەمی ئینتیداب و باشیەکانی دەکەم .

سیستەمی ئینتیداب سیەستەمێکە بۆ راھێنانی گەلانی تازە سەربەخۆ بوو لەسەر چۆنیەتی حوکمڕانی کردن لەلایەن دەوڵەتانی سەرکەوتو لەجەنگی جیھانی یەکەم بەتایبەتی ئینگلتەراو فەرەنسا ، سێ پلەی ھەبوو بەگوێرەی پلەی پێشکەوتنی ھەریەک لەو گەلانە ئەلف و با‌و و جیم .

ئاخر دەلاکی یان دارتاشی یان خەیاتی یان ھەر پیشەیەک پێویستی بە فێربون و راھێنانە ، چۆن دەبێ بابەتی حوکمڕانی کە چارەنوسی ملێۆنەھا خەلکە بدرێت بەکەسانێک کە لەوەوپێش ھیچ شارەزایی و فێربونێکیان نیەو لەجادە یان لەشاخەوە ھاتوون ، ئەگەر لە فەرزێکدا کەسی باشیش بن، لێی نازانن و تێکی ئەدەن گەلی عێراق بە پلەی «ب » واتە مام ناوەند نە زۆر دواکەوتو نە زۆر پێشکەوتو دانراو کەوتە ژێر ئینتیدابی بەریتانی.

حوکمەتی بەریتانیا ھەر لە دیوانی کۆشکی پاشایەتیەوە بۆ سەرۆکایەتی وەزیران و وەزیرەکان و فەرمانگە سەرەکیەکانی دەوڵەت ڕاوێژکاری یاسایی و دەستوری و ھونەری دانا ، ئیشیان ڕاوێژپێدان و فێرکردنی بەرپرسە عێراقیەکان بوو سەبارەت بە چۆنیەتی بەرێوەبردن و حوکمرانی ھەر یەک لە وەزارەت و فەرمانگەکەی خۆی
ئەگەر پاشا یان سەرۆک وەزیر یان وەزیرھەر ھەلەیەک یان دەرچونێک لەیاسا یان دەستور یان ئسوڵی حوکمرانی و ئیدارە ی ھەبوایە راوێژکار ئیشی ئەوە بوو بۆی راستکاتەوەو نەیەڵێ تێپەڕێ.

سەرنجام لەماوەی نزیکەی ٣٨ ساڵ لە سیستەمی ئینتیداب بناغەیەکی پتەوی دەولەتێکی مەلەکی دەستوری دامەزراوەیی ھاتە دامەزراندن ، ھێواش ھێواش کەلتوری حوکمڕانی و دەولەتداری دروست دەبوو ، لە پەنجاکانی سەدەی رابردوشەوە ئەنجومەنێ ئاوەدان کردنەوە دروست کراو لەسایەی دۆزینەوەی نەوت ، دەست کرا بە ئەنجامدانی یەکەم وەجبەی پرۆژەی ستراتیجی وەک بەنداوی دوکان و حەبانیەو سەرسار و کارگەکانی چیمەنتۆو ھتد ،بەداخەوە کۆدێتای رەشی١٤ ی تەموزی ساڵی١٩٥٨ ھەموو ریسەکەی کردەوە بەخوری و ئەو دەولەتە دەستوریە دامەززراوەییەی تێکداو لە جیاتی ئەو سیستەمێکی سەربازی دیکتاتۆری مەزاجی و شەخسی لە جێگا دامەزراند ، ئیتر لەو رۆژەوە عێراق ساڵ بەساڵ ئاڕامی ئیستیقرارو خۆشگوزەرانی لەدەست دەدات و ساڵ بەساڵ کۆدێتا بەدوای کۆدێتاو حوکمەت بەدوای حوکمەت بەرەو خراپتر دەروات.

تەنانەت ھەموو ئەو پرۆژانەش لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسم ئەنجام دران لەسەردەمی پاشایەتی و لەلایەن ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوە بریاریان لەسەر درابوو پارەکەشیان بۆ تەرخان کرابوو ، تەنھا جێبەجێ کردنەکەیان کەوتە سەردەمی عربدولکەریم قاسم ، ئەویش لەبەر روخانی سیستەمی پاشایەتی.


07/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر