ئازادی و پێداویستییەکانی

ئاوات محەمەد

ئازادی تەنھا وشەیەک نییە بۆ بوارێک گونجاو بێت و بۆ بوارێکی تر نەشیاو بێت، ھەندێک چەمک مشتومڕ زۆر ھەڵدەگرێت، لەبەرئەوەی مانایەکی رەھا وەردەگرێت، ئەو چەمکانەی رەھاییان ھەیە، زۆرترین قسەی لەبارەوە ئەکرێت، ھەرکەس بەپێی لێکدانەوە و تێگەیشتن و ژینگەی خۆی پێناسە و لێکەوتەی بۆ دادەتاشێت، لەبەرئەوەی ھەمیشە ترس ھەبووە لەئازادی، لەرەھایی ئازادی، زۆرجار گوێمان لەم رستەیە ئەبێت (باوەڕم بەئازادی رەھا نییە)، لەکاتێکدا خودی چەمکەکە رەھایە و بنەماکانی ھەموو رەھایەک نە دابەش ئەکرێت، نەگۆڕانکاری بەسەردا دێت، نە وێنایەکی دیاریکراوی دەبێت، تەنانەت گرفتی پێناسەکردنیشی بۆ درووست دەبێت، بۆ نمونە دوو وشە ھەن گەورەترین ئاستەنگیان بۆ لێکدانەوەی مرۆڤ دوورست کردووە، ئەوانیش (خودا و ئازادییە)، بەھەموو ئایینەکان نەیانتوانییوە پێناسەیەکی تەواو رەھا بۆ خودا بکەن، وەک چۆن ھەموو فەیلەسوفەکانی بەر لەسوکرات و تا رۆژگاری ئەمڕۆ نەیانتوانیوە پێناسەیەکی رەھا بۆ ئازادی بکەن، لەشوێنێکدا کەوتووەنەتە لێکدانەوەی جیاواز، یەک دنیا ئاستەنگی بۆ تێگەیشتن لەم چەمکە درووست بووە، بەڵام رایەکی جیاواز ھەیە، دەڵێت تەنھا ئازادی ھەبێت لەناو خودی سروشتدا و تێکەڵبوون بەسروشتەوە ھەیە، دیارە باشترین نمونە بۆ ئەم پێناسەیە ژیانی ئاژەڵەکانە، کەمرۆڤ پێی وایە ئەم لەوان باڵاترە، بەڵام بیری چووە، مرۆڤ کۆیلەی ئەقڵ و بیرکردنەوەی خۆیەتی، یاساگەلێکی داناوە بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکانی خۆی.

بەر لەھەموو پێناسەیەک، ئازادی پێش ھەموو شتێک تێڕوانینە vision بۆ گەردوون و وێناکردنی خودی مرۆڤە لەناو ئەو گەردوونە، کاتێک تێڕوانینێکی فراوانت نەبێت بۆ ژیان، ناتوانیت بەرجەستەی ئازادی بکەیت و بیکەیتە کردار act، ئەم تێڕوانین و کردارە پێویستی بە پێدانی بەھا Valueھەیە، کۆکردنەوەی ئەم ھەموو چەمکە لەناو چەمکێکی رەھای وەک ئازادیدا ئاسان نییە لێکدانەوەی بۆ بکەین، ھەموو ئەو پێناسە و لێکدانەوانەی بۆ ئازادی دەکرێت، پێناسەی ئازادی ناتەواوە incomplete freedom، کەئەم پێناسەیە بریتییە لەپەرتپەرتکردنی ئازادی بەپێی شوێن و کات و پێگەی جوگرافی، واتە لەناو چوارچێوەی بیرکردنەوەیەکی دیاریکراودا ئێمە دێین بەشێوەیەکی ھەڵھێنجراوی پێناسە بۆ ئازادی دەکەین، لەسەرەوە باسمان کرد ئازادی پێویستی بەچی ھەیە، خاڵێکی گرنگ ھەیە دەبێت باسی لێوە بکەین، ئەویش ئازادی پەیوەستە بە تاکگەراییەوە individuality، ھۆکارەکەی روون و ئاشکرایە، چونکە ناکرێت لەناو بیرکردنەوەیەکی کۆگەلیدا، لەناو ئایدیایەک زۆرترین رێکەوتنی لەسەرە، هەست بە گرنگی ئەو چەمکە بکەین، ئازادی لەوێدا دەبێتە گاڵتەجار، چونکە دەبێت لەچوارچێوە و سنووری ئەو ئایدیایە دەرنەچێت، ناکرێت لەناو دەسەڵات و بیکردنەوەیەکی خێڵەکیدا، مومارەسەی ئازادی بکەیت، لەبەرئەوەی تاک لەوێدا بوونێکی سەربەخۆی نییە، بەڵکو بەشێکە لەو سیستمە ئایدۆلۆژی و خێڵەکییەی لەناو ئەو کایەدا ھەیە، ھەروەھا ناکرێت پێناسەی ئازادی لەناو بیرکردنەوەیەکی تری رەھادا بکەیت، لەبەرئەوەی دوو رەھا ناتوانن بەیەکەوە بگونجێن، بەڵکو ھەمیشە دوو رەھا روبەڕووی یەک دەبنەوە، بەدرێژایی مێژوو فەیلەسوفەکان بەدوای ھاوسەنگیدا گەڕاون لەنێوان بیرکردنەوەی رەھای ئاینیی و رەھای ئازادی، بەڵام ئەستەم بووە ئەم دوو چەمکە پێکەوە کۆبکرێنەوە و ھاوگونجان لەنێوانیاندا درووست بکرێت.
ئازادی پێداویستی زۆرە، بەڵام گرنگترینیان ئەقڵانیەتە، واتا ئەقڵانییەتێکی رەخنەگرانە، کەخۆی لەقاڵب و کڵێشە باوەکان ببوێرێت و وەڵامە پێشوەختەکان رەتبکاتەوە و ھەمیشە پرسیاری ھەبێت، پرسیار لەخودی خۆی و بوونی ئەو لەو پێکھاتەیەی تێیدا دەژی، ئایا ببێت بەبەشێک لەبیرکردنەوەی کایەی گشتی یان لەدەرەوەی پۆلەوە بۆ خۆی خوێندنەوەی تری ھەبێت، یەکێک لەلێکەوتەکانی ئازادی بریتییە لەوەی ئەوانەی ھەڵیانبژاردووە، تووشی بەرەنگاربوونەوە و بەریەکەوتن بوون لەگەڵ کۆمەڵگای خۆیاندا، لەبەرئەوەی قبوڵکردنی بیروڕای نوێ لەناو ھەموو کۆمەڵگایەکدا قورسە و بەرەوڕووی چەندین قاڵبی ئامادە دەبێتەوە، کەبەرگریکار و لایەنگری زۆرە، بەشێکی زۆر لەمرۆڤەکان ئەو قەناعەتەیان ھەیە، پێویست ناکات بیربکەنەوە، چونکە کەسێک ھەیە لەبری ئەمان بیردەکاتەوە و بڕیاریش دەدات، باشترین نمونە بۆ ئەم رستەیە حیزبی کوردییە، تەنھا سەرۆک بیردەکاتەوە، ئەوانی تر تەنھا پشگیریان لەسەرە، ئەم نمونە بۆ زۆر پێگەی تریش راستە، ھۆکارەکەی ئەوەیە لەناو ئەم جۆرە پێکھاتە و مرۆڤگەلەدا ئەقڵانییەت و بیرکردنەوەی رەخنەیی زۆر لاوازە، ھەموو ئیدە و وێنایەکی نوێ دەبێتە ھۆکاری رەتبوونەوە، ھۆکارەکەی ئەوەیە سەرۆک یان رابەر ئەو بیرکردنەوەی بەدڵ نییە، کەتێی ناگات، لایەنگر و پاشکۆکانیشتی رەتیدەکەنەوە، نمونەی ئەم بابەتەمان زۆرە، ئەو نووسەرانەی بەفتوای گەورەکانیان بریندار و کوژراون، ھیچ کام لەتاوانبارەکان یەک وشەی ئەو نووسەرەیان نەخوێندووەتەوە، تەنھا بڕیاری رابەر یان سەرۆکی جێبەجێکردووە، لەبەرئەوە ناکرێت لەناو کایەکی توندوتیژدا ستایشی ئازادی بکرێت.

ئەوەی مەبەستمە باسی بکەم، ئازادی تەنھا وشەیەک نییە، بەڵکو کردارێکە بەپێی زەمەن و تێگەیشتن و فراوانبوونی بیرکردنەوەی مرۆڤ گۆڕانکاری بەسەردا دێت، شارستانیەتی خۆرئاوا لەوەحشیگەرییەوە گەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئەمڕۆی، کەھەموو بەئایدیا جیاوازەکانمانەوە ھانای بۆ دەبەین، چ وەک بەدەستھێنانی ماف و زانیاری و فەلسەفە و مەعریفە و دەستکەوتە تەکنۆلۆژییەکان، بەڵام خەباتێکی زۆر و قوربانییەکی زۆری ویستووە تا ئەقڵی ئازادی و تێگەیشتن لەئازادی گەیشتووەتە ئەم دۆخەی ئێستا، کە ئەم چەمکە ھەمیشە لەفراوانبووندایە، بەتایبەتی لەئاستی تێگەیشتن لەژیان و پەیوەندییە مرۆییەکان.

بیرمان نەچێت ئازادی و ناتوندوتیژی دوو چەمکن تەواو پێکەوە گرێدراون، ئەستەمە لەیەکیان جیا بکەینەوە، مرۆڤی ئازاد بەسروشت ناتوندوتیژە.


03/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر