دەسەڵاتی ستەمکار پێویستی بەیاسا نییە

ئاوات محەمەد

خستنە رووی یاسای رێکخستنی میدیای ئەلەکترۆنی، مانای بوونی ئەقڵیەتێک نییە بیەوێت کار بکات، جا باش یان خراپ، ئەگەرچی دەسەڵاتی سیاسی کوردی بەھەموو تەمەنی بەس خراپ کاری کردووە، بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان پێش ھەموو شتێک بووە، ھەروەھا یاساکە بەرھەمی ئەقڵی بچوکی مرۆڤێکی گرگنی وەک پەرلەمانتارە رۆبۆتەکان نییە، چونکە توانای بیرکردنەوەی زۆریان دەناسین، کە بیرکردنەوەیان لەحەوشەی ماڵی خۆیان تێپەڕ ناکات، ھەروەھا ئەم کارە لەسۆنگەی ھەستکردن بەبەرپرسیارییتییەوە نەھاتووە، بۆ کایەی گشتی، چونکە دڵنیام زۆریان نازانن کایەی گشتی مانای چی، ئەمە جگە لەوەی لەسەرەتا ھەرە کەمەکانی چەمکی ئازادی ناگەن، ئەو چەمکەی لەسەردەمی رێنیسانسەوە Renaissance ئیشی لەسەر ئەکرێت، کە کۆی بەرھەمی زانکۆکانی ئەوروپا بۆ پێناسەکردنی ئەو چەمکە لەگەورەترین مشتومڕدا بوون، دڵنیام ئەلف و بێ لەو دایالۆگە تێناگەن کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوکرات، لەسەر ئازادی و دەسەڵاتی مرۆڤ، تا رۆژگاری ئەمڕۆ، واتە کۆمەڵێک مرۆڤی ئەقڵ بەتاڵی گیرفان پڕ ھاتوون ئەیانەوێت بەئێمە بڵێن ئەمەیە ئازادی، ئازیزم عێراق کە ئێمە بەشێکین لەو دەوڵەتە ھەشت رێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئیمزا کردووە، واتە عیراق وابەستەیە بەو رێکەوتننامانەوە و نابێت یاسایەک دەرکات پێشێلی یان پێچەوانەی ئەو رێکەوتنامانە بێت، کاتێک بەڕێزت بەھەموو ئەقڵی خاوتەوە دێیت یاسایەک لەگیرفانت دەردێنیت لەقووتی ھیچ عەتارێکدا نییە، بەچ پێوەرێک سزاکانت داناوە، نەفام یاساکەت یەکەم پێچەوانەی دەستووری عێراقە، کەتۆ ھاوڵاتی ئەو دەوڵەتەیت، دووەم پێچەوانەی ھەموو بنەما نێودەوڵەتییەکانە، ئەمە جگە لەوەی جەھلی مورەکەبی جەنابتە نازانیت لەسەر ئاستی جیھان سۆشیاڵ میدیا چۆن رێکخراوە و بەچ یاسایەکی جیھانی بەڕێوە دەچێت، کەچەندین پسپۆڕی جیھانی یاسا و ئاکار و چۆنیەتی بەکارھێنانیان بۆ داڕشتووە، جەنابی نەزان ھاتوویت خۆت لەئەوان بەشارەزاتر ئەزانیت، تۆ ئەوەندە گرگنیت لەسەرەوە فەرمانت پێنەکەن بەیانی ناوێریت لەماڵ بێیتە دەرێ، ئێستا بەو ئەقڵە کاڵ و کرچەتەوە ھاتوویت کۆمەڵگا رێکدەخەیت!، کۆمەڵگایەک ھەر ئەندامێکی بگریت زۆر لەتۆ ئاقڵترە، چونکە تۆ بەھۆی ئەقڵ و تێگەیشتنتەوە نەچوویتە ئەو شوێنە، بەڵکو بەھۆی کۆمەڵێک پێوەر کەلەناو حیزبەکەت پەیڕەو دەکرێت کە گرنگترینیان گوێڕایەڵیتە.

 بۆ ئەوەی یەک تۆز ئەقلتان بکرێتەوە جارجار شتێکی سادە بخوێننەوە، بەتایبەتی کتێبی کۆمەڵناسی پۆلی دە و یانزەی ئامادەیی، ھەروەھا کۆمەڵێک نامیلکەی ئاسانکاری ھەیە بۆ مافی مرۆڤ و ئازادی، تا تێبگەیت بیرکردنەوەی تۆ بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی خۆت نابێت، نەک ئەوەی کۆمەڵگایەک بەڕێوە بەریت.

پرسیارێک بۆ ھەمووتان، بەسەرۆک و ئەندام و راوێژکار و شارەزا و ئەوانی تریشەوە، ئایا ئەوێرن بەئاغاکانتان بڵێن سامانی ئەم وڵاتە چەندە و بۆ کوێ ئەچێت؟. کە دڵنیام نە وێراوتانە و نەئەشوێرن پرسیاری وا بکەن، کەواتە دانیشن چوار ساڵ خەریکی گەنەخۆری و مشەخۆری خۆتان بن، واز لەو فەزا پڕ فەوزایە بێنن، کە بۆ سوودی خۆتان درووستان کردووە، با بەھەمان شێوە بڕوات، ئێمە لەناو دەسەڵاتێکی ستەمکاری نالۆژیکیدا دەژین، واز لەلۆژیکی یاسا و فەلسەفی ئازادی بێنن، دڵنیام ئەقڵی گرگنی ئێوە تێیناگات، چونکە ئەوەی لەم وڵاتەدا ھەیە ئازادی نییە، ستەمکارییە لەبەرزترین ئاستیدا، لەبەرئەوەی تا ئێستا پرسیار لەئایین و سەرکردە و نەتەوە و ھەندێک چەمکی ئێکسپایەری تر، مردنی بەدواوەیە، قوربانییەکان باشترین گەواھیدەری ئەم حاڵەتەن.

لبەر ئەوە دەڵێم ئازادی بەرتەسک مەکەنەوە، چونکە خۆی ئەوەندە بەرتەسکە رۆحی گوشیووین.


19/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر