ھێزی ترسنۆک دەست بۆ ھەموو ئەگەرێک دەبات

ئاوات محەمەد

ئەوەی لەماوەی سی ساڵی رابردوو ئەم دەسەڵاتە ناشرینە پێمان ئەڵێت، سڵ نەکردنەوەیە بۆ دەستبردن بۆ ھەموو شتێک، چونکە لەبنەماوە ھەر بەترسنۆکی و خوێڕیەتی ھێناوییانە، باشترە بڵێین ھەر خۆی لەبنەمادا ترسنۆک بوون، بۆیە سڵ لەوە ناکاتەوە ھەرچی ھێزیان ھەیە بەکاری بھێنن، ئەگەرنا بەچ پێوەرێک ئەو ھەموو ھێزە دەھێنرێتە سەر شەقام و بەچەکی جەنگیی (الاسلحە الحربیە) لەخۆپیشاندەر دەدرێت، نمونەی ئەم ئەقڵیەتە ترسنۆکە تاوانکارییە زۆر بەروونی لەوتاری سەرکردە نەخوێنەوار و بێمەعریفەکانماندا دیارە، لەبچوکترین کاردا ئەوان ئەچن بۆ توندترین کاردانەوە، بۆ نمونە لەپای دزینی سامانی ژێر و سەر زەوی لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەغداد پارە نانێرێت بۆ ھەرێم، سەرکردە گەمژەکان دەڵێن ئاویان لێبگرنەوە با لەتینودا بخنکێت، گەمژەیەکی تر دەڵێت توندترین رێوشوێن بەرامبەخۆپیشاندەر بگرنەبەر، کۆمەڵێک بێسەوادی تر ئەڵێن دەستبردن بۆ بارەگاکانمان توندتیرین کاردانەوەی ئەبێت، ئێوە سی ساڵە قوتی خەڵک ئەدزن، رۆژنامەنووس ئەکوژن، خۆیشاندەر خەڵتانی خوێن ئەکەن، راوڕووت ئەکەن، ھەموو پیشەتان بووە بەچەتەگەری، ھاوڵاتی لەسەر شەقامەکان دەفڕێنن، ئەشکنجەی ھاوڵاتی دەدەن، نەوت ئەدزن و ھیچ کارێکی نەشیاو نەماوە نەیکەن، ئەتانەوێت خەڵک فزەی لێوە نەیەت و بڵێن سەمعەن و تاعە.

 

ئەم دەسەڵاتە پێداچوونەوەیەک بۆ شێوەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن نەکات، قۆنای داھاتووی سەختر دەبێتەوە، بەرەوڕووی بەرەنگاری سەختر دەبێتەوە، کورد وتنەی ستەم و زوڵم لەئەستووریدا ئەپچڕێت، ئەوانەی لەڕابردوودا روویدا، سەلمێنەری یەک شتن، ئەویش ئەوەیە زۆر خێڵەکیانە و ھەمەجیانە دەسەڵات بەڕێوەبراوە، ھیچ دامەزراوەیەک نییە قسەی لەقسەی سەرۆک خێڵ گەورەتر بێت، شتێک نییە لەم ھەرێمە ناوی دامەزراوەی فەرمی بێت و لەژێر کۆنترۆڵی سەرۆک خێڵدا نەبێت، کەئەمەش وا دەکات کەمینەیەک یاری بەچارەنووسی ھەموومانەوە بکەن و ئەمەش تائەبەد بۆیان ناچێتە سەر، لەوەش دڵنیام سەرۆک خێڵەکان لەبەردەم دوژمنە گەورەرکەیاندا لەنزمترین ئاستدا ئەجوڵێنەوە، تا دوائەندازە ئەچەمێنەوە، ئەوەندە خۆیان بچووک ئەکەنەوە تا ئەو ئەندازەیەی ھێندەی مشکێکیان لێبمێنێتەوە.


09/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر