گۆڕینی ئاشتیانەی فۆرمی حوکمڕانی

هیوا حسن
سەرەتا:  ئەم بابەتە تەنها ڕای خۆمە ،ئەکرێت دڵسۆزان و رۆشنبیران و حزب و لایەنە سیاسیەکان بەدەسەڵات و ئپۆزسیۆنیشەوە گرنکی بەم بابەتە بدەن و فۆرمێکی نوێی حوکمڕانی بدۆزنەوە کەجێی ئەم  شێوازی حوکمڕانیە شکستخواردووە بگرێتەوە، ورژاندنی ئەم بابەتەیش لەئێستادا تەنهاو تەنها هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لەهەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ کە لەئێستادا ئەگەری رودانی زۆر بەهێزترە.

ناوەڕۆک:

هەرچەندە بەناو یەک حکومەت و ئیدارەمان هەیە بەڵام لە واقعیدا هەرێمەکەمان بەسەر دوو ئیدارەی ڕانەگەیەنراوی دژبەیەک دابەش بووەو رەنگدانەوەیشی بەئاشکرا لەدام و دەزگاکانی نێوان ئەو دوو زۆنەدا هەست پێ ئەکرێت بەتایبەتی لەبواری خزمەتگوزاری و پێدانی مووچەو هتد..  بەجۆرێک ئیدارەی زۆنی سلێمانی لە پەک کەوتن نزیک بۆتەوە، هەروەها لەروی سیاسەتی نێوخۆیی و ناوچەیی و دەرەکی زۆر بەئاشکرا هەست بەجیاوازیەکان ئەکرێت و هەر لایەک لەبەرەیەکی ئەقلیمی دژ بە بەرەکەی دیکە لەسەنگەردایە و هەر رۆژەو خەڵکی کەم دەرامەتی کوردستان دوچاری قەیرانێکی دیکە ئەکەنەوە لەگەڵ بەغداو یاری بە قوت و بژێوی ژیانی هاووڵاتیانەوە ئەکەن و هەر ماوەیەک بەشێک لە خاکی کوردستان لە دەست ئەدەن و ئارامی و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانیان خستۆتە بەردەم مەترسیەکی گەورەوە، تازەترین قەیرانیش هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەو گەمە ناشریینیەی کە بۆ بەدستهێنانی   پۆستی سەرۆک کۆمار ئەکرێت و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم .

کەواتە ئەوەی هەیە دوو عەقڵی جیاوازو دژ بەیەکە لەچوار چێوەی یەک ئیدارەدا، هەموو فەلسەفەی حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتەش بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەیە یان بە تاڵان بردنی سامانی ووڵات ، یان هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیە  .

هەر بۆیە ئەکرێت سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی وەک ئەلتەرناتیفێک بۆ دەرباز بوون لەم مەترسیانەی رووی لەهەرێمەکەمان کردووە پیادە بکرێت، ئەویش چەند ڕێگایەکە کە ئەکرێت بوێرانە کاری لەسەر بکرێت .

1ـ شۆڕبوونەوەی دەسەڵاتەکان لەسەر شێوازی لامەرکەزی کە دەسەڵاتی تەواو بدرێت بە یەکە ئیداریەکان وەک دامەزراندن و دروستکردنی هەلی کارو تەواوی خزمەتگوزاریەکان،بەمەبەستی ئەوەی چیتر هیچ ناوچەیەک پشتگوێ نەخرێت و گرنگی بەناوچەیەکی دیکە بدرێت و بەشێک لەداهاتی ناوچەکانیش بۆ بوژانەوەی شارو شارۆچکەکانی خۆیان بەکار بێنن .

2 ـ ڕێگای دووەم ئەم رێگایە ڕەنگە تاڵ بێت بەڵام من پێم وایە باشترین چارەسەرە بۆ ئێستا ئەویش سیستمی دوو ئیدارەییە چونکە بەپێی ئەو ئەزمونەی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا هەمانە ،خاڵی یەکەم بەم عەقڵیەتەو بەم نەوە سیاسیەی ئێستا دەسەڵاتی بەدەستە ئاستەمە بتوانن جێبەجێی بکەن هەر بۆیە سیستەمی دوو ئیدارەیی بواری بەدیهێنانی زیاترە هەم لەبەر ئەوەی پێشتر تاقیکراوەتەوە هەم بەرژەوەندیەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ئەخوازێت ئەو هەنگاوە بنێن .

 بابزانین لەئەگەری دوو ئیدارەیی چی لەدۆخەکە ئەگۆڕێ واتا ئەکرێت هەنگاوەکان لەخراپەوە بگۆڕین بۆ باشتر؟ 

بێگومان گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی بەشێوازێکی ئاشتیانەو دوور لە توندوتیژی و لەڕێگای گفتوگۆی سیاسی و یاساییەوە ئەتوانین ئەم قۆناغە ترسناکە تێپەڕێنین و هەرێمە دوو ئیداریەکەمان بەرەو کەناری ئارام بەرین .

من لای خۆمەوە هەندێ لەخاڵە ئەرێنیەکانی دوو ئێدارەیی دێنمە بەرباس و لێکۆڵینەوە ، بەو هیوایەی رێگایەکی گونجاو بێت بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە.

١ـ‌ لەئەگەری دوو ئیدارەییدا  لانی کەم کۆتایی دێت بەو مونافەسە ناشەریفانەی لەنێوان ئەو دوو حزبەی دەسەڵاتدا هەیە لەهێنانی دەستی دەرەکی و فرۆشتنی خاک و سڵ نەکردنەوە لەهەر تاوانکارییەک کە بۆ شکاندنی لایەنی بەرامبەر ئەیگرنەبەر.

٢ـ هەریەکەو هەوڵی خزمەتکردنی زیاتری دەڤەرەکەی خۆی ئەدات بەمەبەستی بەدەستهێنای رەزامەندی خەڵکی ، نەک وەک ئێستا هەردوولا زۆرینەی داهاتی نەوتی و نا نەوتی بۆ خۆیان حەڵاڵ کردووەو دەرەنجام خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان بوونەتە قوربانی ئەم ناکۆکیەی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵات.

کەواتە ئەتوانین بڵێین لەئێستادا ناکۆکیەکان گەیشتۆتە دوو ئاستی مەترسیدار، یەکەم تەقینەوەو هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ ، دووەم گوزەران و بژێوی ژیانی خەڵکی لە خراپترین ئاستدایە کە لەماوەی سی ساڵی حوکمڕانی کوردیدا نەگەیشتۆتە ئەم ئاستە خراپە، بۆیە ڕاگەیاندنی سیستەمی دوو ئیدارەیی هەم کوردستان لەشەڕی ناوخۆ ئەپارێزێ ، هەمیش بژێوی ژیانی خەڵک بەرەو باشتر ئەڕوات و هیچ نەبێت بۆ ماوەیەک ئیستقلالی سیاسی و ئابوری باڵ بەسەر هەرێمەکەمان ئەکێشێ.

هەندێ پێیان وایە لە حاڵەتی راگەیاندنی دوو ئیدارەیی هەرێمەکەمان ئەکەوێتە بەر مەترسی و ئەگەری لەناوچونی قەوارەی هەرێم نزیکتر ئەکاتەوە، من پێم وایە ئەوەی قەوارەی هەرێمی پاراستووە نە هێزی خۆمانەو نە ئەو بەناو یەک ئیدارەییە کە هەمانە،بەڵکو ئەوە سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەکانیانە لەناوچەکە کە هەرێمی لەسەر قاچێک ڕاگرتووە.

کەواتە مانەوەی هەرێم بەم فۆرمە حوکمڕانیەی ئێستای کە لێوان لێوە لەقەیران، زۆر خراپترەو ئەگەری لەناوچونی زیاترە لە دابەش بوونی راستەوخۆی بەسەر دوو ئیدارەدا کە ڕەنگە ئەوکات ناکۆکیەکان بەم شێوازەی ئێستا نەبن و هەر یەک لەزۆنی خۆیدا سەرقاڵی خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بن هیچ نەبێ بۆ سومەعەت و جوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان ، هەروەها بۆ پاراستنی سنوری ژێر دەسەڵاتی خۆیان هەردوو لایان بەهەموو توانایانەوە بەرگری ئەکەن لە پاراستنی سنوری ئیدارەی خۆیان، بەم جۆرە هەم سنوری قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراوتر ئەبێت و هەم خەڵکی کوردستانیش بۆ ماوەیەک بە ئاسودەیی و ئارامیی ژیان بەسەر ئەبەن ، هەروەکو پێش ساڵی 2005 ی سەردەمی دوو ئیدارەیی دۆخی کوردستان زۆر لەئێستا باشترو ئارامتر بوو ، هەرچەندە لەو حاڵەتشدا نابێ ئەوەندە دڵ خۆش بین کە ووڵات ئەبێتە شامی شەریف و ئیتر کوردستان ئەبێتە ئەو هەرێمەی کە هەموومان خەونی پێوە ئەبینین ، بەڵام کێبڕکێی ناتەندروست و مل شکاندنی بەرامبەرو هێنانی دەستی بێگانە بۆ دژایەتی لایەنی بەرامبەر کەمتر ئەبێتەوەو هەر لایەو سەرقاڵی خزمەتکردنی زۆنەکەی خۆی ئەبێت.

12/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر