کەلتوری قۆپێ کردن

هیوا حسن


چەند رۆژێکە بابەتی قۆپێکردنی قوتابی زۆربەی دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیای  بەخۆوە سەرقاڵ کردووەو بووەتە بابەتی گەرمی رۆژ ، لێرەدا پێویست ئەکات هەندێ ورتر لەو بابەتە بڕوانین و زیاتر بچینە نێو مەغزای قۆپێ کردن و دەرەنجامە خراپەکانی، لێرەدا ئەپرسین ئایا قۆپیکردن هەر لە سێکتەری پەروەردەدا خۆی ئەبینێتەوە ؟ واتا لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا هەر قوتابی قۆپێ ئەکات ؟ بێگومان نەخێر قۆپێ بووەتە بەشێک لەکەلتورو کاری رۆژانەی هەر تاکێکی ئەم میللەتە جا هەر یەکەو بەپێی کارو شوێن و پێگەکەی رۆژانە ئەو پرۆسەیە ئەنجام ئەدات، بەتایبەتی کەسایەتیە سیاسیەکان.

تەماشاکەن هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشەوە بەناوی کوردایەتی و دابینکردنی ئازادی بۆ کۆمەڵگا ، بەدرێژایی ئەو مێژووە تاکو ئەمڕۆ بزانە هەڵگرانی ئەو دروشمانە چی قۆپێیەکیان لەخەڵکی بەش مەینەتی ئەم ووڵاتە کردووە، ئەوەی لە شاخ و لە دروشمەکانیان بانگەشەیان بۆ ئەکرد ڕێک پێچەوانەکەیان پیشانی خەڵکی کوردستان داوە، ئایا ئەوە قۆپێ کردن نییە کە سیاسیەکانی کورد لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا لە میللەتەکەیان کردووە؟.

جگە لەوە ئایا ئێمەی مەحکوم بە سیستەمێکی سەرتاپا بەحزبی کراو و گەندەڵ و داماڵڕاو لە ئەخڵاقی سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی رۆژانە چەندە گوێبیستی درۆو چەوشەکاریەکانی دەسەڵات ئەبینەوە لەلایەن بەرپرسانی ئەم هەرێمەوە، ئایا ئەمە جۆرێک نییە لەقۆپێ کردن بەرامبەر بە راستیەکان؟.

ئایا دزینی سامان و بەهەدەردانی ژێرخانی ئابوری ووڵات بەناوی ئابوری سەربەخۆو هێنانی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک لەلایەن هەندێ لەبنەماڵەو حزبەکانەوە کەپاشان بە نەهامەتی و ماڵ وێرانی شکایەوە، ئەمە قۆپێ کردن نییە لەم نیشتمانە ئەکرێت؟ئەگەر زیاتر شۆڕببینە خوارەوە، کاتێک فەرمانبەرێکی ئاسایی یان هەر مەئمورێکی دەوڵەت رۆژانە کەمتەرخەمی ئەکات لەکارەکەی و ئیشەکانی بە جوانی ڕایی ناکات، ئایا ئەمە قۆپێ کردن نییە لەو ئەرکەی لەسەریەتی ئەنجامی بدات؟ ئایا کادرێکی حزبی بە (قبول خاص) لەلایەن حزبەوە ئەچێتە باشترین بەشی زانکۆوە و بڕوانامەی باڵا بەدەست دێنێ ،ئەی ئەمە ناچێتە خانەی قۆپێ کردنەوە؟ .

ئەمانەو دەیان نمونەی تری زیندوو هەن  ئەوەمان بۆ ئەسەلمێنێ کە قۆپێ کردن بووەتە بەشێک لەکەلتوری ئێمەو رۆژانە بەشێوەیەک لەشێوەکان هەر یەکەمان لە کارەکانی خۆمانەوە  ئەنجامی ئەدەین.


01/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر