حکومەتی هەرێم و کەوچکە چایەکە

هیوا حسن
ئەگێڕنەوە زەمانی زوو کابرایەک رۆژانە سەردانی یەکێک لەچایخانەکانی بەغدای کردووە ، بەڵام لەگەڵ دەرچونیدا کەوچکی ئەو پیاڵەیەی چای پێخواردووە ئەخاتە گیرفانیەوەو بۆخۆی ئەیبات، رۆژانە ئەم کارە دووبارە ئەکاتەوە، خاوەنی چایخانەکەیش ئەبینێ هەر رۆژی کەوچکێکی کەم ئەکات، بۆیە چاودێری وردی مشتەرێکانی ئەکات، لەئاکامدا  بۆی رون ئەبێتەوە کە کێیە دزی لە چایخانەکەی ئەکات. 

رۆژێک لەکاتی دەرچونیدا دوای کابرا ئەکەوێت و لەدەرەوەی چایخانەکە رایئەگرێت و دەست ئەکات بە گیرفانی کابراو کەوچکەکە دەرئەکات ، پێی ئەڵێت شورەیی ناکەی دزی ئەکەی ، ئاخر خۆ ئەم کەوچکە هیچ بەهایەکی نییەو پارە ناکات، لەبەرامبەردا کابرای دزە ئەڵێ تکایە مەیکە بەهەرا وەرە با ئەم سەربوردەیەی خۆمت بۆ بگێڕمەوە ، من لەتەمەنی لاوێتیمەوە خەریکی دزیکردنم ئێستاش تەمەنم هەڵکشاوەو بڕیارم داوە کە ئیتر واز لەو کارە نابەجێیە بهێنم ،بۆ ئەو مەبەستە رۆژانە دێم لەچایخانەکەی تۆ کات بەسەر ئەبەم ، بەڵام کێشەی سەرەکی من ئەوەیە هەرچەندە خاوەن سەرمایەیەکی زۆرم بەڵام تازە دزی لەناو خوێنمدایەو ناتوانم بەیەکجاری دەستبەرداری ببم،  بۆیە هەم بۆ ئەوەی دزی نەکەم و ویژدانم ئاسودە بێت، هەمیش بۆ ئەوەی ئەو خووە پیسەی ناو خوێنم رازی بکەم، بەناچاری ئەو کەوچکە چایە ئەبەم کە هیچ بەهایەکی نییەو کار ناکاتە سەر گیرفانی تۆش.

گەلی برادەرینە باوەڕ بکەن ئەم حکومەتی هەرێمەش وەک ئەم کابرایەی لێهاتووە دزی لەناو خوێنێتی و تازە ناتوانێ دەستبەرداری ببێت ،  هەرچەندە پارەی زۆر بێت و تەنانەت هەموو بودجەی  عێڕاقێشی بدەنێ ناتوانێ واز لەو خووە پیسەی بهێنێ کە لەدێر زەمانەوە ئالودەی بووە، بۆیە  چاوەڕێی پێدانی مووچەی بێ بڕین لەخاوەن شکۆ مەکەن ، تەنانەت ئەگەر  1%یشی بڕیبێ ، هەر ئەیبڕێ.

05/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر