مەترسیەکانی دۆخی کەرکوک

هیوا حسن

لەدوای روداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە کەرکوک لەدۆخێکی ناجێگیرو ئاڵۆزدایە، رۆژ لەدوای رۆژ ئاستەنگە سیاسی و ئیداری و ئابوری ئەم شارە بەرەو تونێلێکی تاریک و بێ کۆتایی گوزەر ئەکات ، ئاماژەکان وهەڵوێستەکانی دەسەڵاتداران زەنگی مەترسی ئەچرپێنێ بەگوێی هاووڵاتیانی ئەم شارەدا بەتایبەتی دەرحەق بە نەتەوەی کورد.

ئێستا کەرکوک لەشارێکی بێخاوەن و دوور لەسیستەمی حوکمڕانی بەدەست چەند بازرگانێک و دەسەڵاتێکی (ئۆپۆرتوونیزم)هەلپەرستەوە گوزەر ئەکات، هەرچی بەغدایە بەهیچ شێوەیەک ئاوڕ لەم شارە ناداتەوە بەجۆرێک وەک بڵێی بەمەبەست نیازی خاپورکردنی هەبێت ، قەیران و نەهامەتیەکانی ئەم شارە کاریگەری خراپی کردۆتە سەر فەرهەنگ و کەلتورو پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی ئەم شارە ، ئەمە جگە لەدەیان قەیران کە ڕۆژانە دووچاری دانیشوانی ئەم شارە ئەبێتەوە هەر لە کەمی کارەبا بەجۆرێک کە دەسەڵاتدارانی کەرکوک خۆیان ئەڵێن کەرکوک خراپترین شاری عێڕاقە لەپێدانی کارەبا،هەروەها زۆری نرخی موەلیدە ئەهلێکان وایکردووە کە زۆری ماڵە هەژارەکانی ئەم شارە توانای پێدانی ئەو بڕە پارەیەیان نەبێت، ئەمە جگە لەخراپی هەموو سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری بەجۆرێک کە ئەم شارەی کردۆتە زبڵخانەیەکی کەم وێنە لەسەر گۆی ئەم زەمینە.

لەروی ئەمنیەوە هەر رۆژەی بەبیانوی پەلاماری داعشەوە دۆخی ناوشار بەجۆرێک ئاڵۆز ئەبێت ئەگەر گوزەرێک بەناو شاردا بکەی وا ئەزانی لەناو سەربازگەیەکی پێشەوەی شەڕی نێوان دوو ووڵاتدای، هەر بۆیە شپرزەیی و تێکچونی دەرونی خەڵک لەئاستێکی زۆر خراپدایە.

بابزانین کورد لەناو هەموو ئەم ئاڵۆزی و کێشمەکێشەی ژیانی هاووڵاتیانی ئەم شارەدا لەچی دۆخێکدا گوزەر ئەکات، بێگومان کورد بەشێکی سەرەکی پێکهاتەی ئەم شارەیە هەر بۆیە لەرووە ئاسایەکەوە تاکی کوردیش وەک هەر تاکێکی ئەم شارە بەدەست هەم ئەو قەیرانانەوە ئەناڵێنێ کە لەسەرەوە باسمان کرد ، جگە لەوە کورد وەک نەتەوەیش بەدەست دەیان کێشەی دیکەوە ئەناڵێنێ کە دەسەڵاتدارە ئیستبدادیەکەی ئەم شارە دەرحەق بە نەتەوەکەمان ئەیکات، هەر لە دەرکردنی جوتیارانی کوردو هێنانی خێزانی عەرەب بۆ داگیرکردنی زەوی و زارەکانیان ، تا دەگاتە ئەوەی رۆژانە پەلاماری گوندەکانی کورد بدەن لەناوچەکانی دبس و پەڵکانەو گوندەکانی خواروی کەرکوک، جگە لەمانەیش رۆژانە هەر جارەی بەڕێوەبەرێکی کورد لەسەر کارەکەی لادەبەن و خەڵکانی دەرەوەی ئەم شارە لەشوێنەکانیان دائەنێن، ئەوەیشی ماوە بەردەوام سوکایەتیان پێ ئەکرێت بەجۆرێک تەنانەت توانای وەڵامدانەوەی فەرمانبەرێکی ئاسایی فەرمانگەکەی خۆیشیان نییە، بەکورتی و بەکوردی کورد لەدۆخێکدایە لەم شارە مەگەر هەر لەکاتی رژێمی بەعس توشی ئەو زوڵم و ستەمە هاتبێتەوە.

رۆڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم:

لە ئێستادا حکومەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ئەم شارەدا نەماوە، ئەوەی ماوە بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی حزب و هەندێ لەبەرپرسە(ماتەریالیزم)ەکانەوەیە ، بازرگانی و تەندەرو دابەشکردنی خێروبێری ئەم شارە چەقی هاوپەیمانیە رانەگەیاندراوەکانی هەندێ لە بەرپرسانی کوردە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری ئەم شارە، هەر بۆیە لەلایەک ئەو بەرژەوەندیانە و لەلایەکی دیکەوە بەرژەوەندیە باڵاکانی دەسەڵاتی کوردی لە بەغدا وایکردووە کەرکوکی قودس و دڵی کوردان پەراوێز    بخرێت و هیچ کەس و لایەنێک ئاوڕی  لێ نەداتەوە هەر ئەمەیش وایکردووە دەسەڵاتی ئیداریی شاری کەرکوکیش بێ شەرمانەو شەلم کوێرم هیچ نابوێرم کەوتۆتە جێبەجێکردنی ئەجندای عەقڵیەتە شۆفینیەکانی هەندێ لە حزبە سیاسیەکان و دەوڵەتانی دراسێ بۆ فشارخستنە سەر هاووڵاتیانی کوردی ئەم شارە تا ناچاریان بکات بە چۆڵکردنی زێدی باو باپیریان.

لێرەوە روی دەمم ئەکەمە هەموو ئەو کەس و لایانانەی کە زەڕەیەک هەستی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتیان تێدا ماوە ئاوڕێکی جددی و دڵسۆزانە لەم شارە بێ نازە بدەنەوە، ئەگەر نا دڵنیابن لەداهاتوویەکی زۆر نزیکدا کەرکوک هەم لەرووی مرۆیی و هەم لەرووی نیشتمانییەوە دوچاری کارەساتێکی زۆر گەورەو چاوەڕوان نەکراو ئەبێتەوە بەجۆرێک بە سەدان ساڵی دیکە راست نابێتەوە.

02/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر