مەترسیەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک؟

هیوا حسن
لەدوای پرۆسەی ئازادی و دوای ئەوەی خوێندنی کوردی لەکەرکوک کرایەوە هەزاران خێزان بەجۆش و خرۆشەوە مناڵەکانیان ناردە بەر خوێندنی کوردی و ساڵ بەساڵ بەرەو زیاترو ئاستی خوێندنیش بەرەو باشتر هەنگاوی ئەنا، بەڵام بەداخەوە لەم ساڵانەی دوایی هاوکێشەکە پێچەوانەوە بوو ساڵ بەساڵ قوتابیانی خوێندنی کوردی روو لەکەمی ئەکات ، بۆ راستی و دروستی ئەم قسەیەیش تازەترین ئامار کە پەروەردەی کەرکوک بۆ قوتابیانی پۆلی نۆیەم واتا سێی ناوەندی بۆ خوێندنی عەرەبی و کوردی تورکمانی بڵاوی کردەوە مایەی دڵخۆشی نییە بۆ خوێندنی کوردی،ئێمە زۆر هەوڵماندا ژمارەی تێکڕای قوتابیانی شاری کەرکوک بۆ هەموو نەتەوەکان وەرگرین بەڵام بەداخەوە بەردەستمان نەکەوت، بەهەرحاڵ ئەم ئامارەی پەروەردەی کەرکوک بەڕێژە وەریگرین ئەوەمان بۆ ئەسلمێنێ کە قوتابیانی خوێندنی کوردی ڕوو لە کەمییە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

قوتابی خوێندنی عەرەبی27568

قوتابی خوێندنی کوردی 5769

قوتابی خوێندنی تورکمانی 515

ئەمە لەکاتێکدایە ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە شاری کەرکوک زیاتر لەنیوەیە ،ئەم ئامارە ئەوە ئەسلمێنێ کە هاووڵاتی کوردی ئەم شارە زیاتر هانا بۆ خوێندنی عەرەبی ئەبەن لەبری خوێندن بەزمانی دایک، دیارە ئەمیش هۆکارو بانگراوندی کۆنی هەیە کەخۆی لە فاکتەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دۆخی خراپ و نالەباری ئەم شارە ئەبینێتەوە،هەموو ئەمانە وای کردووە خەڵکی پشت لەخوێندنی کوردی بکەن کە ئەمیش مەترسیەکی دوور مەودای گەورەی ئەبێت بۆسەر زمان و کەلتوری کوردی لەم شارە ،پێم وایە دیارترین هۆکار خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە ئەبینێتەوە:

1ـ دۆخی سیاسی:

آـ لەدوای روداوەکانی ریفڕاندۆم و 16 ئۆکتۆبەر و نەمانی دەسەڵاتی ئیدارەی کوردی لەم شارە وایکردووە خەڵکی جۆرێک مەترسی دەرونی لا دروست ببێت کە رەنگە لەماوەیەکی کەمدا دەسەڵاتی ئەم شارە کۆتایی بە خوێندنی زمانی کوردی بهێنێت بۆیە پەنا بۆ خوێندنی عەرەبی ئەبەن.

ب ـ بێ ئومێد بوون لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی کورد بۆ ئەم شارە فاکتەرێکی دیکەی باوەڕنەبونی خەڵکە بە خوێندنی کوردی.

ج ـ کۆچکردنی خێزانی کورد لە کەرکوکەوە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان هۆکارێکی دیکەی کەمکردنەوەی رێژەی قوتابیانی خوێندنی کوردیە.

2 ـ لایەنی پەروەردەیی:

آ ـ وەک ئاشکرایە خوێندن لە زانکۆ بەزمانی عەرەبییە کاتێک خوێندکاری کورد ئەچێتە زانکۆ هیچ پێشینەیەکی زمانی عەرەبی نیە بۆیە رۆژانە ئاستەنگی زمان دێتە پێشی و زۆر بەقورسی قۆناغەکانی زانکۆ تەواو ئەکات،ئەمیش فاکتەرێکی گەورەی بێ هیوابونی خوێندکاری کوردە لەخوێندنی کوردی.

ب ـ هۆکارێکی دیکە خودی مامۆستایانی خوێندنی کوردیە کە زۆرینەی مامۆستایان مناڵەکانیان خستۆتە بەر خوێندنی عەرەبی ،ئەمیش وایکردووە خەڵکی بڵێ مامۆستا خۆی بڕوای بەخوێندنی کوردی نەبێ ئیتر مناڵی ئێمە بۆ بەکوردی بخوێنێت

ج ـ زۆربەی بەرپرسە کوردەکان مناڵەکانیان لەخوێندنی عەرەبییە.

د ـ کردنەوەی دەیان خوێندنگای ئەهلی بەزمانی عەرەبی لە گەڕەکە کوردیەکان بە بڕێک پارەی کەم .

هـ ـ ئەو پرۆگرامەی لەخوێندنی کوردیە هەمان ئەو پرۆگرامانەن کە لەهەرێم ئەخوێندرێ ، لەکاتێکدا لەهەرێم سیستەمی کۆردساتە بەڵام لەکەرکوک لەبەر ئەوەی تاقیکردنەوەکانمان سەر بە ناوەندە  بەسیستەمی کۆردسات نیە بووەتە بارگرانی بۆ قوتابیان .

ئەمانە ئەو مەترسیانەن کە روی لە خوێندنی کوردی کرووە ئەگەر رێگری لێ نەکرێت بۆ چەند ساڵێکی دیکە مەترسێکە ئەچێتە هێڵی سورەوە.


02/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر