کەرکوک و درۆی کوردایەتی

هیوا حسن

وەک ئاشکرایە بەدرێژایی مێژوو کەرکوک بووەتە چەقی ململانێی نێوان کورد و رژێمەکانی ناوەند، بەڵام لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە زۆر جار ئەم ململانییە لەبری کێشەی خاک فۆرمێکی تری وەرگرتووە ئەویش لایەنە بازرگانیەکەیەتی کە دەسەڵاتی کوردی و حزبەکانیان زۆر بەئاشکرا شەڕی بەرژەوەندیەکانی خۆیان کردووە لەم شارە ، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەیش نزیکەی 15 ساڵ ئەزموونی حوکمڕانی کورد  ئەوەمان بۆ دەرئەخات کە جگە لەتاڵان کردنی سەرخان و ژێرخانی ئابوری ئەم شارە نەیانتوانی یان نەیانویست تەنها بستێک لە خاکی ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێننەوە سەر هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە ئەنجامەکەیمان بینی بەجی شێوەیەک کۆتایی هات.

ئێستاش لەسەرەداوی نزیک بوونەوەی هەڵبژاردن وەک هەموو جارێ دەسەڵاتی کوردی، کەرکوکی وەک کارتێک بۆ بەدەستهێنانی دەنگ ئەخاتە بازاڕی سیاسەتەوە گوایە لەڕێگای دەنگەکانی خەڵکی کەرکوکەوە ئەتوانن ئەو شارە بگەڕێننەوە سەر هەرێمی کوردستان، لێرەوە هەر بەسەر پێیەکەوە چەند پرسیارێک لەو سیاسیە عەبقەریانە ئەکەین؟ ئایا لەماوەی پانزە ساڵی حوکمڕانی بۆ کێشەی ناوچە جێناکۆکیەکانتان چارەسەر نەکرد لەکاتێکدا ماددەیەکی روونی دەستووری عێڕاقە؟ ئەرێ برادەرینە کوا ئەو بەڵێنانەی کە لەپێش هەموو هەڵبژاردنەکاندا  بەخەڵکی ئەم شارەتان داوە ئەویش گەڕانەوەی ئەو ناوچانەیە بۆسەر هەرێمی کوردستان؟ ، ئەمەو سەدان بەڵێنی بێ کردار کە هەر رۆژێک دوای هەڵبژاردن تا چوار ساڵی دیکە لەروتان نایە تەنها جارێکیش باسی بکەن.

بەپێی هەموو لێکۆڵینەوەو دەرناجمەکانی ئەزموونی سیاسەتی ناوچەکەو جیهان ، کێشەی ناوچە دابڕاوەکان نەبەشەڕو نە بە هەڵبژاردن ناگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، چۆن ؟ لەڕووی هێزەوە وەک ئاشکرایە لەدوای هاتنی داعش و بەرگریکردنی جوامێرانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچانە، بینیمان چۆن لە 24 کاتژمێردا لەبەرامبەر سوپای عێڕاقدا هەموو ئەو ناوچانەمان لەدەستدا کە فریای ڕاکردنیش نەئەکەوتین ، ئەمە ئەوە ئەسەلمێنێ کە بەشەڕو هێزی سەربازی ناتوانین ئەو ناوچانە وەربگرینەوە، لەڕێگای هەڵبژاردنیش کە گوایە بەم دەنگانە ئەتوانن کەرکوک بگەڕێننەوە سەر هەرێمی کوردستان ، ئەمە جگە لەخۆڵکردن بە چاوی خەڵکدا هیچ مانایەکی مەنتقی تێدا نییە ، چۆن ؟ جارێ با بزانین ئەم هەڵبژردنە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانە و هیچ پەیوەندی بە چارەنووسی کەرکوکەوە نییە ، هەڵبژاردن لەکاتێکدا گرنگەو دەنگی خەڵک سەنگی مەحەک ئەبێت ، کە بەپێی ماددەی 140 راپرسی بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی ناوچە جێناکۆکیەکان ، نەک هەڵبژاردنەکانی دیکە.

پاشان گریمان کورد هەر 12 کورسیەکەی هێنا ئایا هیچ لە دۆخی ئەم شارە ئەگۆڕێ لەکاتێکدا کورد کەمینەیە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا ک ئەگەر بە تەوافق و لێک تێگەیشتن نەبێ هەرگیز کورد ناتوانێ لە ڕێگای کورسیەکانیەوە لەبەغدا هیچ پرسێک لەبەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە،چجای پرسی کەرکوک، واتا ژمارەی کورسی جگە لەگەوجاندنی خەڵک و جوڵاندنی هەستی نەتەوایەتی بۆ دەسکەوتی حزبی هیچ لە دۆخەکەو لەژیانی خەڵک ناگۆڕێ، نمونەشمان زۆرە لەماوەی پێشوو کورد 6 کورسی هەبوو واتا نیوەی کورسیەکانی کەرکوکی بەدەستەوە بوو ئایا توانی پارێزگارێکی کورد بۆ ئەم شارە دابنێ ؟ ئایا توانی نەختێک لەئازارو مەینەتیەکانی کوردی ئەم شارە کەم بکاتەوە ؟ بێگومان نەخێر .

لەکۆتاییدا ئەڵێم ئەوەی گرنگەو پێمان ئەکرێ جوڵە دبلۆماسیەکان و گرنگیدانە بە سیاسەتی دەرەوە لەسەر ئاستی جیهان و قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانەیە کە لەگۆڕانکاریەکانی ناوچەکەدا لەداهاتوودا دێتە پێشەوە ، نەک بە دروشمی درۆزنانەی کوردایەتی و خاک و نەتەوەوە خەڵکی ئەم شارەی پێ فریو بدەن، چونکە ئێستاو پێشووتریش کەرکوک لەژێر سیاسەت و دەسەڵاتی حکومەتی عێڕاقدا نەبووە ، ئەوە ئەجنداو سیاسەتی ووڵاتەکانی ئەقلیمی و ووڵاتە زلهێزەکانی دونیایە چارەنوسی کەرکوک یەکلایی ئەکاتەوەو بڕیار لەسەر داهاتووی ئەم شارە ئەدات ، نەک قسەی بریقەدارو دروشمی سەردەمەکانی شاخ و درۆی پێش هەڵبژاردن و ژمارەی کورسیەکان.

11/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر