٣٠ ساڵە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕابەریی ئەمریکا، بەدەوری کوردو کوردستاندا بوون بە پەرژین. هەرچەندە کوردستان بە دوژمنی سەرسەخت و بەهێز -فارس، عەرەبو تورک- دەورەدراوە, بەڵام نزیکەی ٦٠ دەوڵەتە هەرە بەهێزەکەی دنیا، بەکردەوە نیشانیان دا کە ڕێگە نادەن، کەس، چیتر دەست بۆ کورد درێژ بکات. ٣٠ ساڵە ڕۆژ نەبوە فڕۆکەی شەڕکەری هاوپەیمانان بە ئاسمانی کوردستاندا نەفڕیبێ. لە سەر زەویش هەزاران ڕۆڵە، لە کوڕو کچی ئەم گەلانە، ساڵانی گەنجێتیان لە ناوقوڕو چڵپاوی زستانو تەپوتۆزی هاوینی کوردستان بەسەر برد. ساڵانی پێش داعش، بێ ئەوەی یەک گەنجمان پاسەوانی سنوور بێ، چوار دەوری سنوری پڕ دوژمنمان لەلایەن ڕۆڵەکانی ئەمریکاوە پارێزرا بو. مەسرەفی ئەم پاراستنە تاکو ئێستا، تەنها لەسەر ئەمریکا -لە زاری دۆناڵد ترەمپەوە- پێنج ترلیۆن دۆلار بوە. ڕەنگە تەنها کورد خۆی نەزانێ ٥ ترلیۆن دۆلار پارەیەکی چەند زۆرە. ئەوەی هاوپەیمانان بۆ کوردی عێراق کردیان، لە مێژوی دوای دووەم جەنگی جیهانەوە بۆ کەسیان نەکردوە. وێنەی نیە. لەم نووسینەدا دەمەوێ لە دیدی خۆمەوە باسی بکەم کە هاوپەیمانان بۆچیو چۆن ئەم پەرژینەیان بە چواردەوری کورددا دامەزراند؟ کوردیش سەلامەتیی ناو ئەو پەرژینەی چۆن بەکارهێنا؟ چی بە چی کرد؟ دەمەوێ ئەوەش بەیان بکەم کە لە ئێستادا هاوپەیمانان ئەم پەرژینەیان پێچاوەتەەوە. لەمەودوا کورد دەبێ خۆی پەرژینی خۆی بێت. خۆی خۆی لە دوژمنانی بپارێزێ. ئایا پێی دەکرێ؟
هاوپەیمانان چیان بۆ کورد کرد؟
١. هێڵی پانی ٣٦ی دژە فڕین، لە ١ی مارتی ١٩٩١ بەسەر سەدامدا سەپێنرا. بۆ یەکەمجار لە مێژوی عێراقدا، حوکمەت بۆی نەبو بە فڕۆکەی جەنگی، کوردستان بۆردومان بکات. زۆری نەبرد بەسەدامیان وت؛ دەبێ سوپاکەشت لە کوردستان بکشێنیەوە. ئەویش کردی. ئەمە داکوتینی یەکەم سینگی ئەو پەرژینە بو کە بەردەوام سینگیان بۆ زیاد کرد.
٢. لە دیسەمبەری ١٩٩٦، بە بڕیاری ژمارە ٩٨٦ ی، نەتەوە یەکگرتوەکان، «نەوت بۆ خۆراک» بەسەر حوکمەتی عێراقدا سەپێنرا. بەمە قووتی کوردو توانای برسیکردنی، لەدەست سەدام نەما.
٣. لە ئۆکتۆبەری ١٩٩٨ مادێلن ئۆڵبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمریکا، کاک مەسعود بارزانیو ڕەوانشاد جەلال تاڵەبانی لە واشینگتۆن کردە ژورێکەوە، پێی وتن «هەتا ڕێکنەکەون نەیەنە دەرەوە». کە هاتنە دەرەوە ڕێک کەوتبوون. بەمە شەڕێکی ناوخۆی بێ مەعنای ٣٢ ساڵە، بە ناوبژیوانی ئەمریکا کۆتایی هاتو کورد بو بە یەک دەنگ.
٤. دەستبەجێ، ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، وەک هابیتات، فاو، یونیسێفو هیتر.. ڕژانە کوردستانەوە. بە پارەی نەوت، سەدان ملیۆن دۆلار لە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە خەرج کرا. سەدان قوتابخانە، نەخۆشخانە، مزگەوت، هەزاران کیلۆمەتر ڕێگاوبانو ئاوو ئاوەڕۆ، ئاوەدانکردنەوەی شارو گوندە وێرانکراوەکان، هەموو ئەمانە لەیەک کاتدا دەست بە کار بوون. کوردستان وەک گۆڕەپانی پڕۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوەی زەبەلاح دەهاتە بەرچاو. لە هەمووی دڵخۆشکەرتر ئەوە بوو کە هەموو خەڵک، بە تەندەرو مونافەسەی تاڕادەیەکی زۆر عادلانە، خەریکی کاسبی بوون. ئەو ژێرخانەی کوردستان ئەمڕۆ هەیەتی -مۆڵو باڵەخانەکەی لێ دەرچێ- کاری ئەو ڕێکخراوانەیە. پاشان، کە پارە کەوتە دەست دەسەڵاتی کورد خۆی، هەمووی وەستا.
٥. لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا داوای لە هەموو ئۆپۆزسیۆنی عێراق کرد کە بنکەو بارەگاکانیان ببەنە کوردستان. لە حاکمانی نوێی عێراق، کەسێ نەمابو ماڵێکی لە کوردستان نەبووبێو نمەکی کوردی نەکردبێ. بەمە، پارسەنگی کورد لە عێراقی دوای سەدام زۆر بەهێز بوو.
٦. لە مارتی ٢٠٠٣ کە ئەمریکا لەشکرکێشیی بۆ لابردنی سەدام دەست پێکرد، ڕۆڵی پێشڕەوی دا بە کورد. لەمەوە تورکیاو ئێران زۆر ترسیان لێ نیشت، لەوەی- کورد گوتەنی-، ئەم ماستە مویەکی تێدایە. هەستیان کرد کە ئەمریکا نرخو پێگەیەکی ترسێنەری بە کورد داوە. تورکیا ئەم هەستەی نەشاردەوە، هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئەمریکا واز لە بەهێزکردنی کورد نەهێنێ، ئەوا تورکیا هاوکاریی خۆی لە پڕۆسەی شاڵاوی سەر سەدام ڕادەگرێ. بە مەبەستی زۆرترین کاریگەری، تورکیا ئەم هەڕەشەیەی بۆ دوا چرکەی هێرشەکە -سەعاتی سفر- هێشتەوە. تورکیا ڕایگەیاند کە نەک تەنها لەو هێرشە هاوکار نابێ، بەڵکە ڕێگەش نادات هێزەکانی هاوپەیمانان بە تورکیادا بچنە ناو خاکی عێراقەوە. ئەمریکا، لەباتی ئەوەی مل بۆ داواکەی تورکیا بدا، وازی لە پلانی یەکەمی جەنگ هێنا، کە چەندین مانگ کاری لەسەر کرابوو. بە پەلەپڕوزێ پلانی دووەم -هێرش لە باشورەوە، لە خاکی کوێتەوە- جێبەجێ کرا.
بەم هەنگاوە ئەمریکاو ناتۆ نیشانیان دا کە هاوپەیمانێکی گەورەو بەهێزی وەک تورکیا دەتۆرێنن، بەڵام واز لە پشتیوانیی گەلی کورد ناهێنن. ڕەنگە تەنها سەرانی کورد خۆیان تێنەگەیشتبن ئەم تۆراندنەی تورکیا لەسەر ئەمریکاو ڕۆژاوا، چەند بە گران شکایەوە. دوای بیست ساڵ، هێشتا باجەکەی دەدەن. لەوساوە تورکیا، ڕوو لە ڕۆژهەڵاتو پشت لە ڕۆژاوایە. لە جیاتی دیموکراسیی بە ستایڵی ڕۆژاوا، پیادەی دەمارگیری ئیسلامی، بە ستایڵی خەلافەت دەکا. لە قینی ئەمریکاو ئەوروپا، لە ڕوسیا نزیکبوەتەوە. لە تۆڵەی هاوکاریی ناتۆ بۆ کورد، چەکی S400ی لە ڕوسیا کڕی. بۆ شێواندنی ئەوروپا، کۆچبەر بەکاردەهێنێ، تەنانەت لە ڕقی ئەمریکا هاوکاریو پشتیوانیی داعشیش دەکات. نەشیشاردۆتەوە، تورکیا بە ئاشکرا دەڵێ ئەم پشتیوانییەی ئەمریکاو ناتۆ بۆ کورد هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییان. ڕاستیش دەکات. ئەمریکاو ئەوروپا پێیان وابوو هێشتا دۆستایەتی کورد بە نرخترە لە عادزبوونی تورکیا. بۆ؟ وەڵامی ئەمریکاو ڕۆژاوا ئاوا بوو:
(چونکە کورد گەلێکی ستەمدیدەیە. سەدان ساڵە بەدەست زوڵمی عەرەبو فارسو تورکەوە ناڵاندویانە. لە چیاکان بەولاوە کەس دۆستیان نەبوە. بەشێک لەو دابەشبوونەیان کاتی خۆی خەتای ڕۆژاوابوە. ئەگەرئەمجارە دەستی یارمەتیان بۆ درێژ بکەین نیشانی دنیای دەدەن کە چیان پێیە بۆ مرۆڤایەتی. لە ئەنجامدا هەم ئەوان دەبن بە خاوەن قەوارەیەکی هاوچەرخ، هەم ئێمەش- دنیای دیموکرات- دەبین بە خاوەن دۆستێک لەم ناوچە ئاڵۆزەی دنیا، کە دۆستی ڕۆژاوای بە ئاسانی لێ هەڵناکەوێ. بێگومان کورد قەدری بەهاناوەهاتنیان لا دەبێ. عادەتەن گەلی ستەمدیدە، بەرامبەر ئەوانەی لە ڕۆژی تەنگانە بەهانایانەوە چوون، بە وەفان.)
٧. گەورەترین پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کورد لە دامەزراندنی عێراقی نوێ بوو. بە چاوسورکردنەوەی ئەمان، کورد کرا بە دەمڕاست لە نووسینی دەستووری عێراقو ئەمیش فیدراڵیەکی تۆکمەی بە باڵای خۆی داڕشت. بەمە کورد لە ساڵانێکی شەڕی توند لە پێناو مافی لامەرکەزیو ئۆتۆنۆمیەوە گەیشت بە فیدراڵی. چۆن فیدراڵیەک؟ خۆمان براگەورەبوین. لە کێشە هەرە چارەنوسسازەکانی عێراق، کورد خاوەن بڕیار بوو. هیچ سەرۆک وەزیرێکی عێراق دانەدەمەزرا ئەگەر کورد ئۆکەی نەدابایە.
٨. لە بودجەدا، هەقی خۆمان ٪١٢ بوو، بەڵام ٪١٧ مان بۆ بڕایەوە.. لەبەرئەوەی کورد گوناهە. ساڵەهای ساڵە نیشتیمانەکەی وێران دەکرێ. کیمیاویو ئەنفالی بەسەرهاتوە. ئەمریکا پشتیوانمان بو. بۆمان چوە سەر. پاشان نەوتی خۆشمان فرۆشتو بەدەر لە یاسا بۆ خۆمان گلدایەوە، هەر وتیان قەیناکا کورد گوناهە. کاتی خۆی غەدری زۆر لێکراوە.
٩. بەدەر لە دەستور، بەدوای نەوتدا گەڕاین، دۆزیمانەوە، دەرمانهێنا، فرۆشتمان. پارەکەمان- بە پێی دەستورەکەی خۆمان هۆنیمانەوە،- نەخستە دەخیلە هاوبەشەکەی بەغدا. وتیان قەینا، کورد گوناهە، ئەنفالو کیمیاوی بەسەرا هاتوە. با پارەی هەبێو لە هاووڵاتیانی سەرف بکا .
١٠ . ئەمریکا کۆنسۆڵخانەیەکی گەورەی لە هەولێر کردەوە. بە دوای دا ، ٢٢ دەوڵەتی ئەوروپایی گەورەی تر، وەک فەڕەنسا، بەریتانیاو هۆڵەندا کردیانەوە. دەسەڵاتی هەندێکیان هێندەی باڵوێزخانەیەک گەورەبوو. هەر سەرۆکێکی وڵاتان سەردانی بەغدای کردبا، بەبێ سەردانی هەولێر نەدەگەڕایەوە. هەندێکیان تەنها دەهاتنە هەولێر، بێ بەغدا دەگەڕانەوە. بۆ ئەوەی بە بەغدا بڵێن، هەولێر گرنگە. لە هەولێرەوە ڤیزای زۆربەی وڵاتان دەدرا بە هاوڵاتی کورد. باقیی عێراقییەکان لێی مەحرووم بوون. چونکە کورد گوناهە. ئەگەر پشتیوانی بکرێ، ئەمانیش دەبن بە قەوارەیەکی هاوچەرخو عادل!
١١. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مان کردەوە، بە کوێرایی چاوی تورکیا -کە زۆر ناڕەزایی نیشاندا- ژمارەیەک هێڵی ئاسمانی جیهانیی وەک(لوفتانزا، قەتەریو مەلەکی ئەردەن)، پاشان (تورکی)یش، دەستیان کرد بە گەشت بۆ، وە لە کوردستانەوە، ئیتر هاوڵاتی کورد بۆ یەکەمجار لە مێژوو دا، ڤیزای لە هەولێر وەردەگرتو هەر لەوێشەوە کەوتە فڕین بۆ دنیا. ئەمە بە پشتیوانیی ئەمریکاو کوێرایی چاوی ناحەزەکانمان. چونکە کورد گوناهە، با تامی ئازادی بکات!
١٢. کە داعش سەریهەڵدا، ئاراستەی بەرەو بەغداو دیمەشق بوو. ئەمریکا بەرهەڵست نەبوو. پێم وایە پێشی باش بوو. بۆیە سەرکەوتنەکانی خێراو ئاسان بوون. گەیشتنە گەڕەکەکانی دەوری بەغداو دیمەشق. بە یەک ڕۆژ موسڵیان گرت. تەنها کاتێ گیریان خوارد کە بایاندایەوە بەرەو کوردستان. لە سوریا، لە سەریکانێو لە عێراق لە نزیک مەخموور چەقین. بۆ؟ چونکە ئەمریکا بەهانامانەوە هات. هێزی ئاسمانی بۆ کورد خستەگەڕ. لەسەر زەویش هەزاران سەرباز شان بەشانی شەڕڤانو پێشمەرگە، لە هێڵی پێشەوەی شەڕ، بە GPS نیشانەکانی دوژمنیان دەدۆزێتەوەو دەیاندا بە فڕۆکەکان. ئەمانیش خاپوریان دەکردو پێشمەرگەش دەگەیشتە سەر لاشەکان و- وەک ترامپ گوتی- سێڵفیی بەسەرەوە دەگرتن. ئەمە جوامێری پێشمەرگە ناکات بە سفر. هەزاران کوڕە هەژار لە پێدەشتەکانی سەرێکانی، حەویجەو مەخموورو جەلەولا بە تەنها ڕاوەداعشیان کرد. بەڵام راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە بێ پشتیوانیی ئەرزو ئاسمانیی هاوپەیمانان ئەم ئیشە نەدەکرا.
مەگەر تەنها سەرانی کورد بەهاو نرخی ئەم پشتیوانیەی ئەمریکاو هاوپەیمانانیان لە لا هیچ بێت. ئەگینا لە دوای ڤێتنامەوە گەورەترینو پڕمەسرەفترین کاری سوپای ئەمریکا لەسەرتاسەری دنیا ئەوە بوە کە لە ناوچەکەی ئێمە کردوویانە، ئەوە لە ئەفغانستانیش نەکرا. تەنها بۆ کورد. چونکە کورد گوناهە. قەدری بەهاناهاتنی لایە. بێ وەفا نابێ!
دەبێ بگوترێ کە بە ڕوخانی سۆڤێت، دنیایەکی نوێی بێوێنە هاتەکایەوە. بۆ یەکەمجار دنیا بوو بە تاک جەمسەر. یەک زلهێز، ئەویش ئەمریکا. چی ویستبا، بێ ڕکابەر دەیکردو کردی. بەرژەوەندی ئەمریکا لەوەدا بوو کە دنیا ئاسودەو بێ کێشەیە بێت. بازارو بازرگانی ببوژێتەوە. کلینتۆنو بوش بۆ بەرقەرار کردنی ئابووریی بازاڕ Market Economyو بازرگانیی جیهانگیر World Trade کاری زۆریان کرد . WTA ڕێکەوتنی بازرگانیی جیهان لەدایک بوو.
لە سایەی ئەم سیاسەتەوە ژمارەیەک میللەت لە جەورو ستەم ڕزگاریان بوو. لە کۆتایی هەشتاکان، وڵاتانی ڕۆژاوا پشتیوانیی ماندێلایان کرد، کە هێشتا لە زینداندا بوو. لە ١٩٩٠ ئازاد کرا. بۆ یەکەمجار، ڕەشێک بوو بە سەرۆکی ئەفریقای باشور. لە ٢٠٠١ ڕژێمی تاڵیبان لە ئەفغانستانو لە ٢٠٠٣ ش سەدامی عێراقیان ڕوخاند.
ژمارەیەک نەتەوەشیان کرد بە خاوەن دەوڵەت وەک کروات، بۆسنە مۆنت نیگرۆ و کۆسۆڤۆ.
جێگەی خۆیەتی بڵێین ئەو هیلاکی و مەسرەفەی ڕۆژاوا لە سەربەخۆ کردنی ئەم ٤ نەتەوەیە کردی، بە هەمووی لە هەزارا یەکی ئەوە مەسرەفە نەبو کە بۆ کورد کردیان. کەچی ئێستا کورد لە کوێیەو بۆسنەو کرواتیا…و ئەوانی تر لە کوێن؟!
تەنها دەڤەرێک کە ڕەنجی ئەمریکاو ڕۆژاوای بە هەدەر دا، کوردە. ئەمریکا مەسرەفی کرد، لە ئاکامدا مایە پووچ بو. دوژمنی پەیداکرد، دۆستی پەیدا نەکرد. پێگەی لە ناوچەکە نزم بوەوە، بەرز نەبوەوە. دۆستی گۆڕا بۆ دوژمن -تورکیا-. قەڵەمڕەوی فراوان نەبوو. ئەمریکا لە پای ٣٠ ساڵ ڕەنجو مەسرەف، کورد بە ئیفلیجیو دوژمنەکانی لە جاران بەهێزتر لەدوای خۆی بەجێ دەهێڵێ. دۆناڵد ترامپ سەبری نەماو لە ١٠و ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، بە ئاشکرا وتی« کورد دڕندەن، زۆر لە داعش باشترنین. ترسنۆکن، فڕۆکەکانی ئێمە لە پێشا ئامانجەکان خاپوور دەکەن، ئینجا پێشمەرگە دەگەنە سەر تەرمە لەتوپەتەکانو سێڵفیان بەسەرەوە دەگرن! »وتی «چیتر کوڕو کچی خۆمان ناکەم بە قوربانیی کورد. سوێندمان نەخواردوە هەتاهەتایە کورد بپارێزین». بە یەک ڕۆژ ڕۆژاوای چۆڵ کرد. تورکیا بەناو کەوت. شەڕڤانان -کە لای ڕای گشتی کرابوون بە ئەفسانە- هەموو ئەو شوێنانەیان بە بێ بەرگریەکی ئەوتۆ، چۆڵ کرد. تورکیا توانی بە هەفتەیەک بچێتە هەمو ئەو شوێنانەی دەستنیشانی کردبوو. ژمارەی کوژراوەکانی نەگەیشتە ١٠ سەرباز.
ئەمریکا، بۆ وا لە کورد بێ هیوا بوو؟ وەڵامەکەی لەوەدایە کە دەسەڵاتی کورد ئەم ٣٠ ساڵەی لە ناو پەرژینی ئەمریکاو هاوپەیمانان چۆن بەڕێکرد.
کورد چی بۆ خۆی کرد؟
حوکمی دیموکرات لەسەر سێ کۆڵەکە بینا دەکرێ: ١)حوکمی زۆرینە،٢) بەرقەرار کردنی یاسا و٣) ئازادیی ڕادەربڕین. با بزانین دەسەڵاتی کورد، لەناو پەرژینەکە، بناغەی ئەم کۆڵەگانەی چۆن داڕشت.
١) هەر لەیەکەمین هەڵبژاردنەوە، هەموو حیزبەکان، بۆ زیاد کردنی دەنگ، پەنایان بۆ تەزویر، بەرتیلو هەڕەشە برد. هەر هەڵبژاردنێک، ئەزموونێکی نوێی خستە سەر ئەم کردارە. بەمە، یەکەم کۆڵەگەی دیموکراسی ( حوکمی زۆرینە)، لەسەر بناغەیەکی ڕزیو دانیشت.
٢) تاڵانیی موڵکو ماڵی گشتی: لە پاشاگەردانیی دوای ڕاپەڕین، سەرانی کورد بە تاڵانو ئاودیو کردنی موڵکو ماڵی گشتی دەستیانپێکرد. وەک پڕۆژەی ستراتیژی بەنداوی بێخمە. ئاودیو کردنی هەزاران ئامێری بیناسازی کە لە حوکمەت بەجێمابوو. ملیۆنان تەن کەرەسەی بازرگانیو بیناسازی. کە پاشان کورد خۆی بە سەدان قاتی پارەکە کڕینیەوە.
٣) قۆرخکردنی بازاڕ: لەگەڵ ڕوخانی سەدام، حزبە دەسەڵاتدارەکان، بە بیانوی ئازادبوونی عێراق، توانیان نەتەوە یەکگرتوەکان ناچار بکەن کە خۆیان پارەی نەوتی عێراق بۆ میللەت سەرف بکەن. بەرنامەی « نەوت بەرامبەر خۆراک» نەما. سەرجەم پڕۆژەی ڕێکخراوەکان وەستا. بەمەش خەڵکی کوردستان زەرەرێکی گەورەیان بەرکەوت. قۆرغکاریی کۆمپانیاکانی حزب جێگەی تەندەرو منافەسەی عادلانەی گرتەوە. بەشێک لە سەرانی ئەو پێشمەرگە قارەمانو گیانفیدایانەی شاخ، بەپەلە بوون بە کاسبو نان پەیداکەری حیزب. لە ماوەیەکی کورت دا هەریەک لە پارتیو یەکێتی بوون بە خاوەنی هەزاران کۆمپانیا. لە بواری بازرگانیی قەبەی وەک تێلیکۆمیونیکەیشن، نەوتو وەبەرهێنانەوە بیگرە، تا دەگاتە بازرگانیی جگەرەو مۆز، بگرە تا وەرگرتنی مۆڵەتی شوێنی عەرەبانەی دەستی لە شێخەڵڵای هەولێرو بەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی، هەموی پشکی شێر بۆ کاسبکاری حیزب بوو. ئیتر کەرتی تایبەتو کاسبکاری کورد، دەست خرایە بینیانو خنکێنران. بە ناچاری، بەشێکی زۆریان، وازیان لە کاسبی هێناو بوون بە موچەخۆر، پێشمەرگە، پاسەوان، باخەوانو نۆکەری حیزب. ئەمە لەکاتێکدا کە ئەمریکاو هاوپەیمانان، بەردەوام فڕۆکەیان بە ئاسمانی کوردستانەوە بو، تاکو کورد لەسەر ئەرز قەوارەی ئابوری بازاڕی ئازاد دروست بکاتو ببێ بە کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخی عادل.
هەڵپەی کاسبی بە جۆرێکی لێهات تەنانەت مامەڵەی نەوت لەگەڵ داعش کرا. لە ١٥ی دیسەمبەری ٢٠١٥، ئەو ڕۆژە لە مێژوو دا دەمێنێ کە پوتین خۆیو وەزیری بەرگریەکەی، بە ڤیدیۆی سەتەڵایت، قافڵەی تانکەرە نەوتەکانی داعشی ، هەر لە (حەسەکە)وە تا( ئیبراهیم خەلیل)بەناو هەرێمی کوردستاندا نیشاندا، تا بە ئەمریکا بڵێ؛ ئەمەیە دۆستەکەت؟ کوڕو کچی خۆت بۆ کێ بەکوشت دەدەی؟ تۆ بڵێی لەو ڕۆژەدا ئەمریکاو هاوپەیمانان، چەندێک ئارەقەی شەرمەزاریان ڕشتبێ؟چەن هەستیان بە ڕەنجبەباچوونی خۆیان کردبێ لەگەڵ کورد؟ ئەمان لە ئەرزو ئاسمانەوە کورد دەپارێزن، کوردیش کاسبی لەگەڵ دوژمنەکانیان دەکات. ئەمان مەسرەف دەکەن، کوردیش پارەپەیدا دەکات!
کە نەوتیشی لە کوردستان دەرهێنا، کورد نەوتەکەی بە کێ دەفۆشت؟ بە ئێرانو چینو ڤەنزوێلا ، دوژمنەکانی ئەمریکا. ئەوانەی ئەمریکا حەساری لەسەر داناون! هەر وتیان قەیناکا با کورد ئابوری هەبێتو خەڵکەکەی برسی نەبێ.
٤) پەرلەمان کە جێگەی یاسادانانو چاودێریی حوکمەتە. باڵاترین دەسەڵاتی وڵاتانی دیموکراتە، کرا بە زوڕناژەنی حیزب. هەر ئەندامێک ویستی ڕاێکی جیاواز بخاتە ڕوو، چاوی لێ سوورکرایەوە. تەنانەت ئەندام پەرلەمان لەناو هۆڵی پەرلەمان، لە سەر جیاوازیی بۆچوون، درایە بەر شەق. ئاوا کۆڵەگەکەی دووهەمی دیموکراسی ( بەرقەراریی یاسا)ش لەسەر بناغەیەکی لەرزۆک دانیشت. ئەمە بە بەرچاوی ئەمریکاو هاوپەیمانانە وە کە هەزاران کوڕو کچیان ڕژاندبوە کوردستانەوە. پەرژین بوون تاوەکو ڕێگەنەدەن دوژمنانی دەرەکی، لە پەرلەمانەکانی خۆیانەوە، سوکایەتی بە مافی تاکی کورد بکەن!
٥) ڕۆژنامەنووسان، ئەوانەی زوڕناژەنی دەسەڵات نەبون، دووچاری هەڕەشەو لێدانو نان بڕین کران. بە داخەوە هەندێکیان تیرۆر کران. عبدالستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمانو کاوەگەرمیانی لەسەر کاری ڕۆژنامەگەری کوژران. ئەمە بە بەرچاوی ئەمریکاو هاوپەیمانانە وە کە لای ئەوان ڕۆژنامەگەر زۆر پیرۆزە. ئاواش کۆڵەگەکەی سێهەمی دیموکراسی ( ئازادیی ڕادەربڕین ) لەسەر بناغەیەکی ڕزیو دانیشت.
سەرانی کورد ئەوروپاو ئەمریکایان گەیاندبووە ئەو باوەڕەی کە ئەمانیش گەلێکن دەتوانن ڕێزی بیری ئازادو جیاوازیی فیکر بگرن. گوتبویان؛ ئێمە خۆمان ساڵەهای ساڵ قوربانیی زوڵمی بێئازادیی بوین. ئامانجمان ئازادیی بیروڕایە. ئەمریکا باوەڕی کردبوو.
٦) لێدانو قۆرخکردنی دەسەڵاتی دادوەری؛ حیزبی دەسەڵاتدار، چۆن بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی ، وردەوردە ، گۆڕی بە بەکرێگیراوانی خۆی، ئاوا دادوەری دادگاکنیش پڕکران لە ئەڵقەلەگوێی خۆیان. کاریان ئەوەبوو هەر کەیسێک کە دەگەیشتە بەر دەستیان، بە بەرژەوەندی حیزب، نەک بەرژەوەندیی هاووڵاتی، حوکمی لەسەر بدەن، ، هەتا ئەگەر ناعادلیش بێت. ئیتر خەڵک لە جیاتیی دادگا، کێشەکانی خۆیان بردەوە بۆ دیوەخانو سوڵحی عەشایری. ئاوا کۆڵەگەی ( سەروەریی یاسا) بە ئیفلیجی لەدایک بو.
ئەمە کاتێ ڕووی دەدا کە فڕۆکەو ڕۆڵەکانی هاوپەیمانان پەرژینێکی تۆکمەیان بەدەوری کوردا کێشابوو. تا دادگای بێگانە زوڵمو ناعەداڵەتیمان لەگەڵ نەکا.
٧) زۆر زوو حیزب بینی کە وا ڕۆڵەی نوێ گەورەدەبێ، خوێندنی باڵا تەواو دەکەن. خوێندەواری زۆر بە بڕوانامەی سەنگینەوە لە تاراوگە دەگەڕێنەوە. دەستیان. کرد بە کردنەوەی زانکۆو کۆلێژی ئەهلی، لەڕێگەیەوە بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانێک لە هزرو تێگەیشتنیان ڕووبدات، پاشگری دکتۆرو هەڵگری بڕوانامەیان لکاند بە پێشو پاشی ناوەکانیانەوە. لە ڕاستیدا، هەر ئەو زاتانەی شاخ بە پلەی دکتۆر مانەوە.
٨) ڕێگریی لە بوژاندنەوەی ئابووریی کوردستان: بەتایبەتی سێکتەرەکانی کشتو کاڵ، پیشەسازییو گەشتو گوزار. بە ڕای من، کاریگەریی ئەمەیان لە هەموو تاوانەکانی دەسەڵاتی کورد گەورەترە. چوزکە لە یەکەم بەردەوە، بناغەی ئابوریەکیان دامەزراند کە بریتیە لە مۆنۆپۆل، پشت بەستو بە هاوردە نەک بەرهەمهێنان. بازرگانی، نەک پیشەسازی و کشت و کاڵ. بازرگانیەکەش تەنها بریتی بو لە وەرگرتنی باج و خەراجی خاڵی سنوری . سەدان هەزار کاسبی زەحمەتکێش لە کوردستان فاشیلو مایەپووچ بوون. تەواوی ئەو دڵسۆزانەی کەوتبوونە هەندران و بە نیازی سەرمایەگوزاری گەڕابوونەوە، بە ئەزمون و پسپۆڕی جۆراوجۆر و خەونی سەوزوسور، پۆل پۆل بە مایە پووچی گەڕانەوە.
٩) سەرتۆپی هەمو خوارو خێچیەکانی کورد بەرامبەر بە ڕزگارکەرەکەی، سەرپێچی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو. لە سێبتەمبەری ٢٠١٧. ئەمە ڕەنگە لەهەموو هەڵەکان بەرامبەر بە ئەمریکاو ناتۆ قەباعەت تر بێت. مەسعود بارزانی کە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی تەواو ببو. دوای دوو جاردرێژکردنەوە، دەیزانی دەبێ بڕوا. ویستی بێ هەنگاوێکی مێژوویی لە ساحەکە دەرنەچێت. کارێک بکا مێژویی بێت. ماوەیەک بیرۆکەی سەربەخۆیی کوردستانی تاتەڵە کرد. نەدەکرا .ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، بچوکترین هەنگاو بوو، لەوە باشتر بوو بە دەستی بەتاڵ ساحەکە چۆڵ بکا. بڕیاری دا. ڕۆژی بۆ دەسنیشان کرد. دۆستو دوژمن کەوتنە دەربڕینی هەڵوێستی خۆیان. بۆ کورد گرینگترینیان، هەڵوێستی ئەمریکاو هاوپەیمانان بوو. کەوتنە هوشیاریدان بە مەسعود بارزانی کە کاتی نیە. ئەمان ناتوانن پشتیوان بن. تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمریکا (تێلێرسۆن ) لە نامە بەناوبانگەکەی، پاڕایەوە کە تەنها یەک ساڵ دوای بخات. بەڵام ساڵێک بۆ ئەم زۆر بوو. چونکە ماوەی حوکمڕانیەکەی درێژتر نەدەکرایەوە. نەیکرد. ئەم بێنەو بگرەیە بە ئاشکراو لە ناو ڕاگەیاندنەکان بوو. ملی نەدا. لە ئاخر ڕۆژ، خۆی لە نوێنەرەکەی ئەمرکا (مەگۆرک) شاردەوە. لە بری ئەوە لە گۆڕەپانێکی دهۆک قسە مەشهورەکەی کرد « مادام ئەوان موعارەزە دەکەن، منیش هەندە حسابی بۆ ڕەئیا هیچ بەشەرا ناکەم. » . ئەم هەڵوێستە هێندە ڕاستەوخۆبوو، خەڵکانێک پێیان وابوو، ئەمە تەنها بۆ ڕاگەیاندنە، ئەمریکاو ئەوروپا بە دڵنیاییەوە زەمانی پشتیوانیان بە مەسعود بارزانی داوە. دەنا کێ سەرکێشی ئاوا دەکات!
ئەمانە هەمووی کرا بەبەرچاوی ئەمریکاو تەواوی هاوپەیمانەکانیەوە. ٢٣ وڵات کۆنسڵخانەیان لە هەولێر هەبوو. ئاگاداری ڕەفتاری حوکمی کورد بوون. ڕۆژانە ڕاپۆرتیان بۆ حوکمەتەکانیان دەناردەوە. کە ڕۆژنامەنووسێک ئەزیێت دەدرا، دەیانبینی. کە کۆمپانیای حیزبی قۆرخکاری و ڕاوڕوتی بۆ حزب دەکرد، دەیانبیست. کە پەرلەمانتار لە هۆڵی پەرلەمان درایە بەرشەق، بینیان. ئەمان کوڕ و کچی خۆیان نەخستبۆ مەترسیەوە، هەزاران ملیار دۆلاریان سەرف نەکردبوو تا دوو حیزب، دوو خێزان لە کوردستان ببن بە ملیاردێرو لەبەرچاوی دنیاوەو لەژێر سێبەری فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمانەوە زوڵم لە خەڵک بکەنو خۆیان دەوڵەمەند بکەن.
ئەمریکا و ئەوروپا، لە پاراستنی کورد زۆر مایەپووچ بون. ئەمان مەسرەفیان کرد، سەرانی کورد خۆیان پێ دەوڵەمەند کرد. ئەمان ڕۆڵە و سامانی خۆیان کرد بە پەرژین تا بێگانە زوڵمی لێ نەکا، کورد خۆی زوڵمی لە خۆی کرد. ئەوان بوون بە پەرژین تا بێگانە سەروەتو سامانی وڵاتەکەمان تاڵان نەکا، کەچی دەسەڵاتی کورد خۆی وڵاتی تاڵان کردو کوردیشی برسیو بێ کەرامەتو نەخوێندەوارو بێ ئابوری کرد.
ئەمریکا دەبینێ لە پڕۆژەی پشتیوانیی کورد قۆڵی بڕاوە. ڕەنج بەخەسار بوە. کورد نەبو بەو مەڵبەندەی دیموکراسیو ژیانە مەدەنیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. نەبوو بەو ئەزمونە سەرکەوتوەی ئەمان لە جیهاندا شانازیی پێوەبکەنو وەک یەکێ لە دەستکەوتەکانیان یادی بکەنەوە. بۆیە، کە جاران سەرانی وڵاتان دەهاتن بۆ یادی هەڵەبجە. ئێستا نایەن. جاران سەرۆکی هەر وڵاتێک سەردانی بەغدای کردبا بێ سەردانی هەولێر و نەدەگەڕایەوە. ئێستا نایەن. دەمێکە ئەمریکا تێگەیشتوە کە لە پرۆژەی کورد دا فێڵی لێکراوە، بەڵام سەرۆکێکی دەم هە راشی وەک تڕامپی دەویست تا بیدرکێنێ. ترامپ درکاندی.
دەرئەنجام
١) کورد ئەگەر هەقی بێت لەوەی زلهێزەکانی دنیا لە دابەشبوونو بندەستیی خۆی بە خەتابار بزانێ، گلەیی بکا کە ساڵی ١٩٢٠ لینین وەڵامی نامەکەی شێخ مەحمودی نەدایەوە. لە ١٩٤٦ سۆڤێت پشتی لە کۆماری مهاباد کرد. لە ١٩٧٥ ئەمریکا ئاشبەتاڵی بە شۆڕشی کورد کرد. ئەمجارە هەقی نیە. خەتابار، دەسەڵاتی کورد خۆیەتی. سەرجەم هێزەکانی دنیا کە لەسەر هەموو شتێک ناکۆک بوبن، لەسەر پشتیوانیی کورد کۆک بوون. ڕوسیاو چین، کە هەردووکیان لە ئەنجومەنی ئاسایش، خاوەن مافی ڤیتۆن، لە هەمو پرسکا پێچەوانەی ئەمریکان، لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، تەنانەت یەک جاریش ڤیتۆی بڕیارێکی ئەمریکایان نەکرد کە لە بەرژەوەندیی کورد بوبێ. هەتا ئەگەر بەزەرەری ئەمانیش شکابێتەوە. بۆ نموونە، لە سوریا، ڕوسیا بەرگری نەکرد لەوەی کورد لەناوچە کوردیەکانی خۆی زیاتریش داگیر بکات، دەست بەسەر نەوتی سووریا دا بگرێت، حوکمی خۆجێیی دروست بکات. ئەمانە هەمووی بە زەرەری پێگەی ڕوسیاو حوکمەتی سوریای هاوپەیمانی شکایەوە، کەچی لەبەر خاتری کورد ڕێگر نەبوون.
ئەمجارەیان ئەوەی غەدری لە کورد کردوە، دەسەڵاتی کورد خۆیەتی. دەرفەتی زێڕینی لەکیس داوە.
٢)نەک تەنها کوردستان، بەڵکە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لای ئەمریکا، بایەخی جارانی نەماوە. ئەمەش لە ئەنجامی سێ گۆڕانی گەورە کە لە دنیا ڕوویانداوە. یەکەم؛ جاران ٪٦٠ی نەوتی جیهان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەفرۆشرا. بەڵام ئێستا، هەم سەرچاوەی تری وزە -با، هەتاوو هیتر..- پەیدا بوە، هەمیش لە شوێنی تر نەوتی زۆر دۆزراوەتەوە بە تایبەتی لە کەنەدا بە شێوازی ( Fracking) و ئەمریکا. بۆیە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرینگیی جارانی نەماوە. دوهەم؛ بەم دواییە ئەمریکا دوچاری ململانێیەکی ترسێنەر هاتوە. مەترسیی دوژمنێکی نوێی کەوتۆتە سەر. هەڕەشەی خستۆتە سەر تەواوی کیانی. بۆ ئەو ململانێیە، پێویستە تەواوی توانای سەربازیی، ئابوری، دیبلۆماسی خۆیو هاوپەیمانەکانی تەرخان بکات. ئەم هەڕەشەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە. لە ڕۆژهەڵاتی دوورە. وڵاتی چینە. شەڕی ئەمریکا لەگەڵ چین، شەڕی مانو نەمانە. ئەمریکا ئامادە نیە چیتر سەرنجو مەسرەف لە پڕۆژە فاشیلەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەرف بکات. دەستی کردوە بە کشانەوە لە کوردستانی سوریا، لە ئەفغانستانو لە عێراق. سێهەم؛ ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەندێ زلهێزی ئیقلمی وەک تورکیاو ئێران پەیدابوون. شەڕکردنیان وەک جاران هەرزانو ئاسان نەماوە. تەماعی پەلهاویشتنیان هەیەو چالاکانە ئیشی بۆ دەکەن. ئەوەتا هەموو دنیا مۆڕەو هەڕەشە لە ئێران دەکا کەچی نەیانتوانیوە لە یەمەن، سوریا، عێراقو لوبنان پاشەکشەی پێ بکەن. تورکیا، بەهەمان جۆر، پەلی هاویشتۆتە ناو سوریا، عێراق و لیبیا. ئەمریکا ناوچەکەیان بۆ چۆڵ دەکا چونکە ئەم شەڕەی پێناکرێت.
بۆیە، کوردستان ئەو بەهایەی نەما. ئیتر کورد دەبێ بە ڕەنجی شانی خۆی و بە بازویی ڕۆڵەکانی خۆی و بەو ئابوریی خۆی و بە حیکمەت و دڵسۆزیی ڕابەرەکانی فیدراڵیەکەی بپارێزێ. کەس چیتر بەکرێگیراوی کورد نیە. ئەم کاتەت باش کوردستان، ئەگەر بەخەبەری!