رێککەوتننامەکەی سەدر-حەلبوسی-بارزانی

ئارام رەفعەت
رێککەوتننامەکە لەسێ بڕگە پێک هاتووە.  زمان و چەمک و تەعبیری هەر سێ بڕگەکە ئاشکرا هی سەدرن. بەهەمان شێوەش روئیای سەدر بۆ عێڕاق، بۆ حکومەتی مەرکەزی، بۆ سیادە و سوپای عێڕاقی لەهەر سێ بڕگەکەدا دیارن. جێپەنجەی بارزانی بەگشتی و خواست و روناگەی کوردستانی لە رێكکەوتننامەکەدا بەتەواوی غائیبە. ئەم غائیبییە بەرادەیەکە، بۆ یەکەم جارە لە رێککەوتننامەیەکی نێوان "هێزێکی کوردی" و عێڕاقیدا چەمکگەلی کورد، هەرێمی کوردستان، هەرێم، فیدراڵی بە یەکجاری غائیبن.

بڕگەی یەکەم تایبەتە بە ناساندنی رێبەر ئەحمەد وەک کاندیدی هاوپەیمانییەتییەکە بۆ سەرەک کۆمار. لەم برگەیەدا دوو خواستی سەرەکی سەدری تێدا جێگیرکراوە، ئینقازی نیشتیمانی و حکومەتی زۆرینە. لە ئینقازی نیشتیمانیدا، شتێک نامێنێتەوە بەناوی نیشتیمانی کوردستان و لە حکومەتی زۆرینەشدا، پایەیەکی سەرەکی ستاتۆی هەرێمی کوردستان وەک ستاتۆی فیدرالی دەروخێت.

بڕگەی دووەم تایبەتە بە کاندیدکردنی ئامۆزا و ژنبراکەی سەدر. لەم بڕگەیەدا دوو روئیای سەدر جێگرکراون. یەکەمیان رێرەوی چاکسازی. سەدر ساڵانێکە بەم چەمکە خۆی وەک رابەری چاکسازی لە عێڕاق وێنا کردووە و لە ئێستادا حەلبوسی و بارزانی خزاندۆتە ناو ئەو رێڕەوە.

روئیای دوەمی سەدریش گێڕانەوەی سیادە و سەربەخۆیی عێڕاق و رێگری لە دەستتێوەردانی دەرەکی. تەبعەن سیادە و سەربەخۆیی عێڕاق بێ گەڕانەوەی سوپا و سیادەی عێڕاق بۆ هەرێمی کوردستان بێ مانایە.

لە بڕگەی سێیەمدا کەرەستەکانی گێڕانەوەی سیادە و سەربەخۆیی عێڕاق دەخرێنە روو کە سوپایەکی بەهێز و یەکگرتووە. لەوە مەترسیدارتریش رێککەوتننامەکە خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی گەلی کوردستان، کە خواستی نەتەوەیەکی ژێردەستە و خاک داگیرکراوە دەخاتە قاڵبی تائیفی و قەومییەوە.

ئەگەر رێککەوتننامەکە بەو نەفەسەی پێی نوسراوە سەر بگرێت و جێبەجێ بکرێت ئەوا خەون و روئیا جەهەننەمییەکانی سەدر بەرجەستە دەبن. بەرجەستەبوونێک لەدوور مەودادا باشوری کوردستان دەگێڕێتەوە گۆشەی یەکەم. گۆشەی پێش ئەنفال و کیمیاباران و سوتماک و رژانی روبارێک خوێن و دەریایەک فرمێسکی ئەم نەتەوە بەدبەختە. گۆشەی پێش پێش فیدراڵی و راپەڕین و تەنانەت بەیاننامەی ١١ی ئازاریش.

26/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر