حیزبە حاکمەکان پێویستییان بە 'موعارزی' جنێوفرۆشە

ئارام رەفعەت

 ئایا تا ئێستا بینیوتانە  حیزبە حاکمەکان کەسێکی بەناو 'موعارز'ی جنێوفرۆش تیرۆر بکەن..؟
یان لانی کەم، تا ئێستا بینیوتانە حیزبە حاکمەکان کەسێکی بەناو 'موعارز'ی جنێوفرۆش بگرن و زیندانی بکەن؟
من دەڵێم نەتانبینیوە و ناشی بینن.
ئێوە تەماشا بکەن..
- ئەگەر ره‌ئوف ئاكره‌یی  'موعارزێک'ی جنێوفرۆش بوایە تیرۆر نەدەکرا.
بەڵام ئەو رابەری رێكخراوی تێكۆشانی ره‌نجده‌رانی كوردستان و ئەهلی فکر و مەعریفە بوو، بۆیە لە ١٩٩٣ لە بادینان تیرۆركرا.
- ئەگەر نەزیر عومەر 'موعارزێک'ی جنێوفرۆش بوایە تیرۆر نەدەکرا.
بەڵام ئەو کادرێکی کۆمۆنیست بوو و وشیاری چینایەتی لەناو کۆمەڵگادا پەرە پێدەدا، بۆیە لە ١٩٩٣ لە دهۆک تیرۆر کرا.
- ئەگەر رێناس (قه‌یس محه‌مه‌د)  'موعارزێک'ی جنێوفرۆش بوایە تیرۆر نەدەکرا.
بەڵام ئەو کادرێکی چالاک و خاوەن پێگەی ئەو سەردەمی حزبی زەحمەتکێشان بوو، بۆیە لە ١٩٩٣ لە دهۆک تیرۆر کرا.
- ئەگەر محەمەد حەلاق 'موعارزێک'ی جنێوفرۆش بوایە تیرۆر نەدەکرا.
بەڵام ئەو رابەری بزوتنەوەیەکی چەپ و نەتەوەیی بوو و ریشەی لەناو خەڵکدا هەبوو، بۆیە لە ١٩٩٥ لە کۆیە تیرۆر کرا.
- ئەگەر فەرهاد فەرەج 'موعارزێک'ی جنێوفرۆش بوایە تیرۆر نەدەکرا.
بەڵام ئەو بەرگریکارێکی سەرسەختی خەڵکی زەحمەتکێش و بێکاران بوو بۆیە لە ١٩٩٨ لە سلێمانی تیرۆر کرا.
- ئەگەر شاپور و قابیل دوو 'موعارز'ی جنێوفرۆش بونایە تیرۆر نەدەکران.
بەڵام ئەوان دەنگ و رەنگی ئاوارەکانی کەرکوک بوون لە کۆڕ و کۆبونەوەکانییاندا سەدان ئاوارە ئامادە دەبوون. بۆیە لە ١٩٩٨ لە هەولێر تیرۆر کران.
- ئەگەر سۆرانی مامە حەمە 'موعارزێک'ی جنێوفرۆش بوایە تیرۆر نەدەکرا.
بەڵام ئەو رۆژنامەنوسێکی بوێر بوو و قەڵەمەکەی شەوە سوورەکانی بەرپرسە گەندەڵەکانی ئاشکرا دەکرد، بۆیە لە ٢٠٠٨ لە کەرکوک تیرۆر کرا.
- ئەگەر سەردەشت عوسمان 'موعارزێک'ی جنێوفرۆش بوایە تیرۆر نەدەکرا.
بەڵام ئەو بەقەڵەمەکەی خەیاڵە میتافۆرییەکانی دەخستە سەر کاغەز و لەو رێیەوە نادادپەروەری و دابەشبوونی چینایەتی ناو کۆمەڵگای باشوری پێ گوتین، بۆیە لە ٢٠١٠ لە هەولێر تیرۆر کرا.
- ئەگەر کاوە گەرمییانی ئەگەر 'موعارزێک'ی جنێوفرۆش بوایە تیرۆر نەدەکرا.
بەڵام ئەو قەڵەم بەدەستێکی بوێر بوو، سەرقاڵی ئاشکراکردنی مەلەفی گەندەڵکاران بوو،  بۆیە لە ٢٠١٣ لە گەرمییان تیرۆر کرا.
- ئەگەر مەلا وشیار ئیسماعیل موعارزێکی جنێوفرۆش بوایە، تیرۆر نەدەکرا.
بەڵام ئەو مەلایەکی خاوەن روئیا و رێبازی خۆی و کەسێکی نەرم و میانرەو بوو، بۆیە لە ٢٠١٦ لەهەولێر تیرۆر کرا.
- لیستی شەهیدانی قەڵەم و فکر لەوە درێژترە...
بەڵام هەرگیز نابینن حیزبە حاکمەکان پەنجە بۆ 'موعارز'ێکی جنێو فرۆش ببەن.
بەهەمان پێودانگ...
ئەگەر شێروان شێروانی و زیندانییانی دیکەی بادینان 'موعارز'ی جنێوفرۆش بونایە زیندانی نەدەکران.
بەڵام ئەوان دەنگ و رەنگی خەڵکی نارازی بادینان بوون، بۆیە خراونەتە گۆشەی زیندانەوە.
دیسان هەرگیز نابینیت حیزبە حاکمەکان دەست بۆ 'موعارزێک'ی جنیوفرۆش بەرن و زیندانی بکەن.
بە پێچەوانەوە، ئەوان کە کەلتوری جنێوفرۆشییان داهێناوە، حەز دەکەن هەرچی دەنگی نارازییە لەبری رەخنە و جەدەلی فکری ببنە 'موعارز'ی جنێوفرۆش.
لەبەختی حیزبە حاکمەکان، بەناو موعارزە جنێوفرۆشەکانی سۆشیال میدیا بازاڕییان گەرمە.
تێبینی: هەرگیز و بەهیچ شێوەیەک مەبەست ئەوە نییە کە بخوازم کەسانی بەناو 'موعارز'ی جنێوفرۆش تیرۆر بکات یان زیندانی بکات. مەبەست ئەوەیە کە ئاگاداری ئەو گەمەیەی حیزبە حاکمەکان بۆ بە کەلتورکردنی جنێوفرۆشی لەرێگای هەندێک بەناو 'موعارزە'وە بین.


26/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر