ئەو شۆڕشە گەورەیەی ژن کە بەڕێوەیە!

محەمەد خۆشناو

 گێچەڵکردن بەشێکە لەبەکارهێنانی ستەم و تونووتیژی و دیاردەیەکی ناڕەوشتیە ، گێچەڵ ئاشکراکردنی ئەخلاقی کەسەکەیە و جۆرەهایە: گێچەڵی سێکسی ، گێچەڵی وەزیفی ، گێچەڵی خێزانی ، ئەمە ئەوەیە کە کەسەکە پێگەی خۆئ بۆ دەستدریژیکردنە سەر ئەوەکەی دیکە بەکاربهێنێت و ئەو پێگەیە لەوانە دەسەڵات یا توانایی بێت ، پێگەی وەک سەرۆکی خێزان کاتێک گێچەڵ لەمیانی بەکارهێنانی توندووتیژی دژ بەئەندامانی خێزانەکەی بکات یا جاری وا هەیە کوڕەکان گێچەڵ بەرانبەر باوکیان دەکەن لەمیانی ناردنیان بۆ خانەی بەساڵاچووان ، ئەمانە هەمووی بە بەکارهێنانی ئەو پێگە و دەسەڵاتە دەبێت کە کەسەکە هەیەتی…مەسەلەی ڕەوشت جیاناکریتەوە لە تەنگوچەلەمەکانی ژیان وەک: پاروەنانی ژیان ، جیاوازی چینایەتی ، ترس و دلەڕاوکێ لە ئایندە…هتد ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ گێچەڵکردن.

 

پەتای گێچەڵ ترسناکترە لە کۆڕۆنا و شێرپەنجە چونکە هەرەسی ڕەوشتی و ئایینیە ، ئێستا گەورەترین کێشە و گیروگرفت کە ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی گیرۆدەی بووە بریتیە لە گێچەڵی سێکسی ، ئیستا ترس لە ئافرەت بۆتە نەخۆشیەک لەگەڵ زۆربەی پیاوانی ئەو سەردەمە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دایە ، ئیمڕۆ ئەگەر گیچەڵ بە ژنێک بکەیەت و سکاڵات لێبکات چارەنووست بەندینخانەیە.

 

لەکۆندا خانمانی ئەمەریکا و ئەوروپا دووچاری چەندان جۆری گێچەڵ دەبوونەوە ، ئەوان لەترسی شەرم و ناوبانگی خۆیان بێدەنگیان هەڵدەبژارد ، بەڵام لەناکاو ئەو ئاراستەیە بەتەواوی گۆڕا.

 

لەو جیهانەی ئێمەدا چەندان شۆڕشمان بینی یا خويندۆتەوە ، شۆڕشە میللیەکانی وەکو شۆڕشی فەڕەنسا و بەلشەفیەکان لە ڕوسیا و ئیسلامی لە ئێران ، کە ئەمانە ڕژێمەکانیان لە پاشایەتی گۆڕی بۆ کۆماری و ، دەیان کۆدەتای سەربازی ئەمەریکای باشوور و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی ڕوویدا کە ڕژێمەکانیان گۆڕانکاریان بەسەردا هات ، دوا شۆرشی میللیش بەهاری عەرەبی بوو کە ماڵویرانی و کارەساتی بەدواداهات ، بەڵام شۆرشی ئەمجارە شۆڕشێکی سپیە کە ژنانی وڵاتەیەکگرتووەکان و ئەوروپا بەرپایانکردووە و تەختوتاراجی چەندان سومبولی سیاسی و هونەری و راگەیانکاری ناسرا و بەناوبانگ-یان هێناوەتە خوار ، پێش هاتنی کۆرۆنا «کیفن سبییسی»ی ئەکتەری بەناوبانگی هۆلیۆد بەهۆی تێوەگلانی لە گێچەلی سێکسی پیشاندانی فیلمەکانی لە هەندێک پێگەی بەناوبانگی ئەلکترۆنی قەدەخە کران و ڕیسوایانکرد ، هەر چەند ساڵیک لەمەوبەر سەرۆکی بانکی نێودوڵەتی بەهۆی گیچەڵی سێکسیەوە لەکار لابرد ،  لەکاتی هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەمەریکا لە ویلایەتی ئەلاباما کە لە نەوەدەکانەوە بەئیمتیاز ویلایەتی کۆماریەکان بووە و وێرای هەموو هەوڵەکانی ترەمپ ، پالێوراوی دیموکراتەکان بردیەوە چونکە پێشبڕکێکەرەکەی بە گێچەڵی سێکسی تاوانبار کرابوو ، سێ ساڵ زیاتر لەمەوبەر « جان کڵۆد ئەرنۆ»ی فەڕەنسی تەمەن ٧٢ ساڵ کە ئەندامی لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ بوو ، لە لێژنەکە دەریانکرد لە ترسی ناوبەنگی خەڵاتەکە چونکە بە گێچەڵی سێکسی تاوانبار بوو ، «ولیەم کوزی» کە باشترین کۆمیدی وڵاتەیەکگرتووەکان بوو بەهۆی ئەوەی چراگە سەدەیەک لەوەوپێش کارێکی ئابڕووبەرانەی بەتۆبزی لەگەڵ ژنێکدا کردبوو لە تەمەنی«٨٠» ساڵیدا بەکەلەپچەکراوی خرایە بەندینخانە کە لەوانەیە تا دواهەناسە ژیانی لەوێ کۆتایی پێبیت ، ژنان بەشانازی و دڵنەوایی سەیری ئەو حوکمەیان کرد  ، هەروەها دەیان لە کەسایەتی دیکە بەدەیان ملیۆن دۆلار سزا دران و خرانە بەندینخانە.

 

مەبەست لە گێچەڵ بریتیە لە قۆستنەوەی لاوازی قوربانیەکە و ئیبتیزازکردنی تا ئەوکاتەی بە ملکەچی بۆ سەرۆکەکەی کۆتایی دێت ، هەروەها بریتیە لە قۆستەنەوەی ئەو بارودۆخەی کە سنوورێک بۆ توانای رەتکردنەوە و بەرهەڵیستیکردنی کچەکە یان ژنەکە دادەنێت.

ترسناکترین شت لە گێچەلیپێکردن ئەوە کە پاساو بۆ گێچەڵفرۆش بێنیەوە لەژیر پەردەی شاردنەوە و ئابڕوچوون ، هەروەها ئەو شیزۆفرینیا ئایینیە ڕەگوڕیشە داکوتاوەی مێژوو گەورەترین کارەساتە کە ڕەوایی بە گێچەڵکردن و دەستدریژیکردنە سەر ئافرەتانی ئایننەکانی دیکە دەدات ، لێرەوە کەسی گێچەلکار بریتیە لەو دەردراوی بیر و بەرهەمی فتوای تێکدەر و خاپورکەر و پێشێلکاری عەقلەکان و گێچەڵکردنە بە ویژدان و سۆز و هەموو پیرۆزیەک ، یا پاساوی خۆرزگارکردن لەو تاوانە بە هێنانەوەی نەخۆشی دەروونی دێننەوە ، ئەمانەی ئەم پاساوانە دێننەوە زۆر تاوانبارترن لەو کەسانەی گێچەڵیان کردووە.

 

ژن بەهەموو جوانی و ڕەسەناتیەوەی : دایک ، بەخێوکار ، هاوژین ، کچ ، خوشک لەزۆربەی کۆمەلگاکاندا بەجیاوازی کلتووری دووچاری ئیهانە و توندووتیژی و پەڕاوێزخستن دێت…ئێستا ژنان لە ئەوروپا و ئەمەریکا ئابڕووی گێچەڵکەری سێکسیان بردووە و لەسەر کار لایانداون.

 

لەسەر ژن پێویستە ئەگەر دووچاری ستەم و گێچڵ بێت بڵێت«نا» چونکە ژن بوونەوەرێکی لاواز و پشتگوێخراو نیە بەڵکە زۆر بەهیز و زیاتر بەپیتە ، ئافرەت بەخشش و ئارامگر و پەروەردەکارە ، جێگەی ڕێز و ڕێزلێنانی بێمەرجە و ، نابێت ئێمە وایلێبکەین پشتی لە دیوار و زۆڵم و توندووتیژی و سایکۆلۆجی بکات.

 

ئێمە ڕۆژانە ئەو ئابڕونردنانە دەبینین کە سەدان هەزارن بەروەڕووی  گەورە سیاسەتمەداران و هونەرمەندان و بزنسمان و ڕاگەیانکار لەسەرانەسەری جیهاندا بە کوردستانیشەوە ، ئەوانەی گێچەڵیان کردووە یا دەستدریژی سێکسی و لاقەیان کردووە ، تەدمیری ژیانی ئەو بەستەزمانانەیان کرد و ،   بەداخەوە توانیان بە زەبری سامان و نفوز و دەستڕۆیشتنیان یا بەهەڵپەرستی پارێزەرەکانیان ڕێگەی دادگاییکردن و لێپرسینەوە بگرن ، تاکە چارەسەر بۆ ڕوبەڕووبونەوەی دیاردەی گێچەڵکردن و بچووکردنەوەی بریتیە لە ئاشکراکردن و ڕاشکاوی و ڕوونی ، کە تێیدا مافی قوربانی بەتەواوەتی پاریزراو بێت.

 

ئەی ژن… جوانترین بونەوەری سەرزەمین! وەک شاژنێک بیر بکەوە لە ترس و شەرم و فەشل مەترسە ، با هەنگاوەکانت بەرەو نەبەردیت ببات ، سڵاو هەموو سڵاو بۆ ئەو ژنەی کە ئابڕووی ئەو نامەردە گێچەلفرۆشە دەبات و تەختی دەلەرزێنێت، سڵاو بۆ ئەوانەی  کە ناترسێن و نایشارنەوە و لێناگەڕێن کێشەکە بەداخراوی بمینیتەوە…چونکە ئەمە قەیرانێکە هەڕەشە لەژیانی ژن دەکات.



04/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر