ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا
جۆن بایدن ، دوای کۆبوونەوەی سەرۆکاتیەکەی لە کۆشکی سپی کە تایبەت بوو بە گفتووگۆکردن
لەسەر پلانی کەمکردنەوەی نرخ و ، کاتێک پەیامنێری تۆڕی فۆکس نیوز-ی نزیک کۆماریەکان
پرسیاری لەسەرۆک کرد و گووتی:« ئایا وەڵامی پرسیار لەسەر هەڵاوسان دەدەیتەوە؟ ئایا
لەوبڕوایەدای کە هەڵاوسان بەرپرسیارێتیەکی سیاسیە…؟ بەڵام سەرۆک وەڵامێکی زۆر نامۆی
دایەوە : ئەمە بەهایەکی مەزنە…زۆر لە هەڵاوسان..ئای لەو گەمژەی کوڕی سۆزانی! دیارە
بایدن ئەم جنێوەی لەبن لێواندا دا ، بەڵام مایکرۆفۆن کراوەبوو و تۆماریکرد ، هەر
دوای ئەوە بایدن تەلەفۆنی بۆ پەیامنێرەکە کرد و داوی لێبووردنی لێکرد.
لەڕاستیدا ئەم شێوازە وەڵامدانەوەیە لە کۆنگرەیەکی
ڕۆژنامەنووسیدا ئەو هەستە دوژمنکارانەیە بەرانبەر ڕۆژنامەگەری بەگشتی ئاشکرا دەکات
، ئەمە ئەوە دەردەخات کە جۆن بایدن لە جەوهەردا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە زۆربەی مەسەلەکاندا
جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە ، هەتا تێڕوانیان لەسەر ڕۆژنامەگەریش وەکو یەکن ، لەشێواز
جیاوازن بەڵام لە ڕێباز یەکن.
تڕەمپ بەئاشکرا دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ زۆربەی
دامەزراوە گەورەکانی ڕۆژنامەوانی نیشاندا و ، دەیگووت ڕۆژنامەنووس درۆزنە و ڕۆژنامەکان
«دوژمنی گەل»ن و ، داوای لە هەوادانی دەکرد ڕۆژنامە نەکڕن و سەیری ئەو کەناڵانەش نەکەن
کە ئەو رقی لێیانە ، بەڵام بایدن بەئاشکرا ستایشی ڕۆژنامەگەری دەکرد لە ڕۆلی بۆ پتەوکردنی
دیموکراسیەت ، کەچی لەبنەوە دوژمنایەتی دەکردن
و قسەی سووک و زبری پێدەوتن.
ڕاگەیاندن و بەهەموو ئامرازەکانیەوە داینەمۆی
بنچینەیی و بەهێزترین ئامرازە بۆ کاریگەرکردنە سەر خەڵک و پەخشکردنی هەموو ئەوەی پەیوەستە
بە ژیانیان لەهەموو بوارەکاندا ، هەروەها ڕۆلێکی بەرچاو دەبینێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری
و تەئکیدکردنەوە لەسەر بەها ئەخلاقیەکان و جوانی و چاندنی ئینتیما بۆ دەروونی نەوەی
گەنج.
لەکن سەرکردەکان ڕۆژنامەگەری بایەخێکی گرنگ و
تایبەتی هەیە ، « خرۆتشۆف»ی سەرۆکی پێشووتری سۆڤیەت ، ڕۆژنامەی بەوەدانا کە «چەکێکە»
بۆ ئەو شەڕەی یەکێتی سۆڤیەت بەرەوڕووی دەبێتەوە و ، «گۆبڵز»ی وەزیری پڕوپاگەندی هیتلر ، رۆژنامە وادەبینێت کە«تۆپهاوێژە» بۆردومانی
کۆمەڵگە بەئامانجکراوەکان دەکات و هێرشی ماددی خاودەکاتەوە و توانای بەرگریکردن کەمدەکاتەوە…
هەروەها زۆرێک لە سیاسەتمەدارە گەورەکان دوژمنایەتیەکی تووندیان بەرانبەر ڕۆژنامەگەری
پێشانداوە ، لەم ڕووەوە کاتێک سوڵتان عبدالحمید دووردەخرێتەوە و لەوێ دەڵێت : ئەگەر
بگەڕێمەوە یەڵدز ، هەموو نوسەری ڕۆژنامەکان دەخەمە ناو کورەیەک لە کبریت ، هەروەها
نیکۆلای قەیسەری دووەم دەڵێت: ئەی پێنووس تۆ چەند جوانیت ، بەڵام لە مەملەکەتەکەی
مندا لە شەیتان ناشیرین تری ، ناپلیۆن پۆناپارتی فەرماندەی ئەفسانەیی فەڕەنسا دەڵێت
: ترسی من لە سێ ڕۆژنامە زۆر بەترسترە لە سەد هەزار سەرە نێزە « حربة».
ڕۆژنامەگەری بۆتە ژینگەیەکی
ترسناک بۆ سەرکردە و سیاسەتمەداران و کەسایەتی
گشتی ، جا ئەگەر ئەو قسە سووکەی بایدن بە ڕۆژنامەنووسەکەیدا لە کوردستان یا هەر وڵاتێکی
ئەو دەڤەرە ڕوویدابا ، دونیا دەبۆوە قیامەت
و سەرەوژوور دەبوو و ، لە کن هەندێک کەسانی
لووتبەرزیش بە پێکەنینێکی گاڵتەئامێز بەدواکوتوو و خێڵەکی وەسفدەکرا و وتاری وایان دەنووسی کە ئەم هەرێمە ستەمکارە ئازادیەکان کپ دەکات و ، پێشێلی مافەکانی مرۆڤ
دەکات و دەیان تۆمەتی تر.
لێکۆلەری ئەمەریکی«تیفی تروی» پێی وایە ، ڕۆژنامەگەری
دەستنیشانی ئەوە ناکات کە ئایا ئەو سەرۆکە سەرکەوتووە یان نا ، دەستکەوت لەسەر خاک
دێتەدی و بەهەمان شێوە فەشەلیش ، بەڵام شێوازی مامڵەی سەرکردەکان لەگەڵ ڕۆژنامەگەری
ئەوە ئاشکرا دەکات کە چۆن بەروەڕووی گوشارەکان دەبنەوە ، سوعبەتکردن لەگەڵ ڕۆژنامەڤانان
هەتا ئەو کاتەی کە رەخنەش دەگرن ڕەنگدانەوەی ئەوەیە تاچەند مەعریفە و متمانەی بەخۆی هەیە ، هاوارکردن بە ڕوویان و بەگاڵتەوەرگرتنی
پرسیارەکانیان پەیامێکی نائیجابی دەداتە خەڵک.