من ئامادەم ژیانم بکەمە قوربانی بۆ بەرگریکردن
لە دیدوڕایەک کە لەگەڵیدا جیاواز بم.
ڤۆلتێر
جیاوازی دیاردەیەکی سرووشتیە لە هەمەڕەنگیی
مرۆڤ و شێوازەکانی ئادەمیزادەوە هاتووە ، جیاوازی بریتیە لە جیاوازی ڕا نزیک لە دایەلۆگ ، جیاوازی هەستێکی
ئیجابیە و خووی سلبی و ئیرادەی دوژمنکارانەی تێدا نیە ، واتە مرۆڤ بەمانا فرەییەکەی
و هەمەڕەنگیەکەی جیاوازن بەڵام لە هەردوو چرکەساتی لەدایکبوون و مردندا وەکو یەکن
، لەنێو کۆمەڵگەی ئێمە و دەسەڵاتدا کلتووری جیاوازی لە پاشەکشەدایە و هەستی ڕقێنەیی
کە سەرچاوەکەی گوتاری ڕقلێبوونەوەیە زیادیکردووە و ، دەستەواژەی قبوڵکردنی ئەوەکەی
دیکە و بونیاتنانی دایەلۆگ لاوازە و پێویستیمان بە پتەوکردن و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی
جیاوازی هەیە.
جیاوازی هەمەڕەنگی لە ڕاوبۆچوون زیندوێتی دەبەخشێتە
ژیان بەڵام لەکن ئێمە بەربەست زۆرن و ، هەمیشە هەوڵ بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی وەکیەک
نەک پێکەوە گوونجاو دەدەین ، کۆمەڵگەی ئێمە هەمووی نوسخەیەکی فیتاوفیتی فتۆکۆپیە نەک
هەمەڕەنگی کە بەرەو هاڕمۆنیەتی دەبات ، ئەو فۆتۆکۆپیەی کە بەرەو وەکیەکیمان دەبات
وەک ئەوەی ئێمە بە جەستە و مێشکمانەوە بچینە ناو ئامێری وێنەگەتن و بەهەمان ڕوخسار
و سیما لێیدەرچین ، بۆ نموونە تووندڕۆیی بەهەموو جۆرەکانیەوە کە لەلایەن تاک یان
حزب یان رێکخراو و لایەن بەکار بێت، هۆیەکەی ئەوە نیە کە پەسندی ڕەئیەکی جیاواز بکەیت
یان بیر و بۆچوونێک پێچەوانەی بیری من بێت ، توونڕەوی بریتیە لەو خواستەی کە دەتەوێت
بیری خۆت بەسەرمدا بسەپێنیت و لەمێشکمدا بەتۆبزی و زۆری بیئاخنیتە ناو مێشکم ، مافی
خۆتە بڕوا بەخۆت بهێنیت کە ئەوە بۆچوونەکانە وادەکات بچیتە بەهەشت یان ببێتە فردیادڕەس
، بەڵام مافی ئەوەت نیە بەتۆپزی وا لەمن بکەیت کە لەگەڵ تۆدا سوواری شەمەندەفەری بیروبۆچوونەکانت
بم بۆ گەیشتن بەهەمان ویستگە….ئەمانەی باسمانکرد نیشانەیەکە لە نیشانەکانی نەخۆشی
«عەقلیەتی تاکلایەنە» ، کە بریتیە لە : ئەگەر لەگەڵ من بیت ڕێگەی ژیانت پێدەدەم ،
بەڵام ئەگەر جیاواز بیت لەگەڵمدا تۆ دوژمنی سەرسەختی و دەبێت شوێنت لێرە نەبیتەوە
، بەڵام لەنێوان «لەگەڵمی» یا « دوژمنی» ملیۆنەها بۆچوون هەیە ، ئەگەر من لەگەڵ تۆدا
جیاواز بم بۆ دەبێت سەرکوتم کەیت و کپم بکەیت و بێدەنگم کەیت؟! بۆ دەبێت هەر بڕیارێک
بدەین باڵادەستی خۆتەوە بەسەریەوە بێت ؟
ئێمە لەبنەچەدا لەناو ژمارەیەکی بێکۆتا لە
دوانەی هاودژ «ثنائيات المتناقضة» دا دەژین ، هەر لە «خێر و شەڕ» و « ڕووناکی و
تاریکی» تا دەگاتە « گەرم و سارد» و ملیونەها دووانەی دیکەی دێتەسەر ، ئێمە پێویستیەکی
زۆمان بە ڕای جیاواز هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانمان و دەرچوون لە تەحەدی
و قەیرانەکان ، چونکە بەکۆکردنەوەی ئەو هەموو
بیربۆچوونە جیاوازانە دەتوانین ئەو ئامانجەی دەمانەوێت بهێنینەدی بەجوانی و باشی بپێکین و ، پێویستە پانتایەکی فراوان لە
ئازادی بۆ فرەیی بۆچوون و گەورەکردنی جیاوازیەکان دابنرێت ، بەمە تۆ دەتوانیت
گونجاندن لەنێوانیاندا بکەیت بۆ دەرچوون بە ڕوئیایەکی هەمە لایەن کە ئیجابیەکان گەورە
بکات و سلبیاتەکانیش گچکە و کەمبکاتەوە.
\
هەر کەس و سەرکردە و حزب و لایەنيک ئەگەر بیەوێت
بڕیارێکی باش و تۆکمە دەربکات تایبەت بە ژیانی یان کارەکەی یان بەرنامەکەی پێویستی
بە گوێگرتن لە دیدوبۆچوونی جیاواز هەیە ، مەرج نیە ڕای ئەوەی دیکە بەووردودرشتیەوە
وەربگریت ، بەڵام سوود لەگەڵ ئەوەی جیاوازە لەگەڵتدا وەربگرە تا بڕیارەکەت زۆر
وورتر و شمولی تر بێت.
ترسناکترین شت لەو هەڵانەی کە پێی هەڵدەستین ئەوەیە کە گشتاندنی حوکم لەسەر
لایەنێک یا کەسێک یا هەر جیاوازیەک دەکەین ، جیاوازی و گشتاندن دوو چەمک و دەستەواژەی
دژ بەیەکن ، گشتاندن جیاوازی ڕەتدەکاتەوە بەمەش زەرەرەکانی بێسنوورن.