چەند ڕۆژێک لەمەوبەر
بیرمەندی دبلۆماسی هێنری کیسنجەر رایگەیاند : «دەبێت دان بەو ڕاستیە بنێین کە ڕووداوی
گەورە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەن» ، ئێستا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ترسێکی گەورە
چاوەڕوانی دەکات و ، ئێران نزیک بۆتەوە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و ڕێژەی پیتاندنی
یۆڕانیۆمی گەیاندۆتە 60% وەک تەحەدایەکیش بۆ ئاژانسی ووزەی ئەتۆمی 27 کامێرای چاودێری
لابرد ، ئێران هەرچەند لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکتر بێتەوە لێدانی سەربازی لە لایەن وڵاتەیەکگرتووەکان و ئیسرائیل نزیکتر
دەبیتەوە ، لەولاشەوە دۆخی عێراقی بنبەستی سیاسی کە دەکەویتە ناوجەرگەی ڕووداوەکان
بە کشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر قەیرانەکەی قوڵتر و ئاڵۆزتر کرد و ، هاتنی گەرمای هاوینی بێکارەبا
شەقام زیاتر دەکوڵێنێت ، ئەوەی ئاگای لە مێژوو و جوگرافیای عێراقە دەزانێت مانگی تەمووز
یانی چی!! پەیوەست بەم دۆخە دژوارە ، سەرۆکی
هەرێمی کوردستان ترسی لە ئەگەری کەوتنی عێراق بۆ لێواری پشێوی و فەوزا و ناسەقامگیری
و پێشهاتی ترسناک لە ناوچەکەدا خستە ڕوو و ، داوا لە لایەنە کوردستانیەکان دەکات یەک ڕیز و تەبابن ، کە کات زۆر کەمە ، لەناو ئەو دۆخە نالەبارەدا کە
لەوانەیە هەمووی پێکەوە گڕبگرێت ، ئەوەتا پڕۆسەی لێدانی سەربازی لە ئێران بەشێوەیەکی نهێنی و ئاشکرا زۆر زیاد بووە ، شەڕەکە
سایبری بۆ سەر مەنزومەی ئەلکترۆنی و سەربازی و دزینی ئەرشیفێکی گەورەی بەرنامەی ئەتۆمی
و ئیغتیالکردن بووە و دەسەڵات لە تاران
دووچاری گووشاری تووند بۆ پەکخستنی بەرنامەی ئەتۆمیەکەی بۆتەوە ، ئەو نزیکبوونەوەی
ئێران لە چەکی ئەتۆمی وای لە ئیسرائیل کردووە کە ئامادەباشی تەواوی هەبێت بۆ وەشاندنی
گورزی سەربازی لە دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران و ، مانۆڕێکی سەربازی گەورەی لە
قوبرس ئەنجامدا کە بەرزایی و نزمایی خاکەکەی بە لوبنان دەچێت ، لەکن ئیسرائیل و وڵاتەیەکگرتووەکان
بێدەنگی لێکردن لە چەکی ئەتۆمی ئیران قابیلی قبوڵکردن نیە ، ئێران و وڵاتەیەکگرتووەکان
و هەردوولا پابەندن بە هەڵوێستی خۆی و کەس تەنازول بۆ کەس ناکات ، نە ئێران بێ
لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر قبوڵی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی دەکات
، نە وڵاتەیەکگرتووەکان گوێڕایەڵبوون و لابردنی سوپای پاسداران لە لیستەکە دەکات ،
جەنگی ئۆکراینا هەڵوێستی ئەمەریکای قورس کردووە و نایەوێت لەو تەوقیتەدا بەرەیەکی
نوێی جەنگ بکاتەوە کە ئیدارەدانی زەحمەت دەبێت و ، ئەگەر جەنگەکە ڕوویدا ئەگەر هەیە
ئەمەریکا بەشێوەی لۆجستی یارمەتی ئیسرائیل بدات ، بەڵام ئەو جەنگە زۆربەی وڵاتانی
ناوچەکە و ئیسرائیل دەگریتەوە و بەرفراوان دەبێت ، بۆ ئەم مەبەستە ئیسرائیل ئێستا
پڕۆژەی هەیە بۆ دروستکردنی هێزێکی ئیقلیمی و هاوپەیمانی ئاسایش و سەربازی بە پاساوی
بەرەنگار بوونەوەی گریمانەی «ترسناکی ئێران» و پاراستنی ئاسایشی کەنداو و کە ئەمەش ترسناکە ، ئەگەر جەنگ ڕوویدا کۆماری
ئسلامی ئێران-یش کارتی گووشاری کاریگەری هەیە کە جگە لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە
ئەمەریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا ، گەرووی هورمز لەو جادوگەرەی کە پێی
دەڵێن پیترۆل دەگرێت و سەرەتای جەنگێکی ئابووری دەست پێدەکات کە کەس نازانێت کۆتایەکەی
چی دەبێت! ئێران گرەو لەسەر ئەو ترسە ئابووریەی کە بەرۆکی ئەوروپای گرتووە دەکات و
بەربەست لەبەردەم چوونی نەفت بۆ ئەوروپا لە کەندا و دادەنێت تا گووشار بخەنە سەر وڵاتەیەکگرتووەکان
بگەڕیتەوە بۆ ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی بە پێی مەرجەکانی ئێران ، بەڵام ئایا ئەمەریکا و
ئیسرائیل قبوڵی دەکەن نرخەکەی بدەن ؟
ئەم دۆخە
ترسناکەی ئێستا پێویستی بە گڕخستنی چڕی دبلۆماسیەتە بۆ لابردنئ فتیلی تەقینەوەی جەنگێک
کە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە ، بە وڵاتان و نیزامەکان و گەلانەوە