فۆکۆیاما و جەنگی ئۆکراینا

محەمەد خۆشناو

دوای کەوتنی دیواری بەرلین لە ساڵی 1989 و دروستبوونی پشێوی لە ئەوروپای  ڕۆژهەڵاتی سۆشیالستی و داڕمانی یەکێتی سۆڤەیەت لە ساڵی 1991  فەیلەسوف و بیرمەندی سیاسی ئەمەریکی بە بنەچە ژاپۆنی کتێبێکی لەسەر دۆخی ئەوان ڕۆژان بەناونیشانی« کۆتایی مێژوو و دوا مرۆڤ» دانا و تێیدا دەڵێت : ئەوەی ئەوڕۆ دەیبینین هەر تەنها کۆتایی هێنانی جەنگی سارد یان چوونی ماوەیەکی دیاریکراو لە میژووی دوای جەنگ نیە ، ئەمە کۆتایی مێژووە ، ئەمە خاڵی کۆتایی پێشکەوتنی ئایدیۆلۆژیای بەشەری و سەرەتای عەولەمەی دیموکراسی لیبڕاڵە  وەک شێوەی کۆتایی بۆ حکومەتی ئینسانی…فۆکۆیاما هەندە بەپلەیەکی لووتبەرز و خۆبەزلزان متمانەی بەوە هەبوو ، کە ئەمە سەرکەوتنی کۆتایی و هەمیشەیی خۆرئاوایە بە سەرکردایەتی ئەمەریکا و سەرکەوتنی بیری لیبڕالیەی دیموکاراسیە بەسەر بیری دیکەی سیاسی و ، ئەو بیرە لیبڕالیەی کە دەستەبەری پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری ئەو وڵاتانە دەکات کە پەیڕەوی دەکەن ، هەروەها ناوبراو کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت بە کەوتنی بیری سوشیالستی و ئایدیۆلۆژیەکەی پەیوەست دەکات و دادەنێت کە هەر لە شۆڕشی بەلشەفی کە یەکێتی سۆڤیەتی لەسەر دامەزراوە و ، پاشان جەنگی سارد و ململانێی ترسناکی سیاسی کە هەڕەشە بوو لەسەر ئایدۆلۆژیای خۆرئاوا پەیڕەوی دەکرد.

فۆکۆیامای ئەکادیمستی ئەمەریکی ووشەی« کۆتایی» لەسەردیری کتێبەکانیدا زۆر بەکارهێناوە ، کتێبی کۆتایی میژوو و کۆتایی ڕیگانیزم«نهایە الریجانیە» کە رەخنەگرتنە لە لیبڕالیەتی نوێ و داوای سیستەمێکی دادپەروەری زیاتر دەکات ، ماوەیەکیش لەمەوبەر باسی « کۆتاییەکی نوێ» لە ئیکۆنۆمیست  بڵاویکردەوە کە باس لە ئایندەی هیزەکانی ئەمەریکا  دەکات کە وێنەی وەک ئاوابوونی مێژووی بەریتانیای مەزن دەشوبهێنێت، و باسی وێنە تۆقێنەرەکەی هەڵاتوانی ئەفغانیەکان بۆ فرۆکەخانەی ئەو وڵاتە دەکات و ئەمە بەلووتکەی کۆتایی هێنانی قۆناغی ئەمەریکا دادەنێت .

فۆکۆیاما لەسەروبەندی دەسپێکی قەیرانی ئۆکراینادا پێی وایە کە شەڕ لە ئۆکراینا بۆ فراوانکردنی پەیمانی ناتۆ و چونەپاڵی ئۆکراینا بۆ ئەم پەیمانە نیە ، بەلکە جەنگە لەنێوان هیزگەلی دیموکراسی و ئازادی کە ئۆکراینا نوێنەرایەتی دەکات و خۆرئاواش پشتگیری دەکات بەرانبەر هێزگەلێکی پۆپۆلیستی و سوڵتەوی کە ڕوسیا نوێنەرایەتی دەکات و ، ئاماژە بەوە دەکات کە ترسی سەرەکی ڕوسیا لەوەوەهاتوە کە دەوڵەتێکی دیموکراسی گەشەسەندوو لەسەر سنوورەکەیەتی کە لەوانەیە وا لەهاوڵاتیانی ڕوس بکات کە هەمان داوای وەکو ئەو دەوڵەتەیان هەبێت بۆ وڵاتەکەیان ، هەروەها فۆکۆیاما پێشبینی ئەوەی کردبوو کە ڕوسیا بەرەو شکستی ئاشکرا لە ئۆکراینا دەڕوات و ڕوسیا تووشی داڕمانێکی کارەساتاوی لەناکاوی سەربازی دەبێت .

بەکورتیەکەی بیرە کۆنەکانی فۆکۆیاما زۆر جیاوازیان لەگەڵ بیرە نوێیەکانی نیە و ، کۆتایی مێژوو  ، بەڵام موستەحیلە مێژوو بگاتە کۆتایی ، هەموو ڕۆژێک ژیان سەرەتایەک لەهەر بوارێکدا بخۆوە دەبینێت ، ڕوداوەکانی ساڵانی دوایی سەلماندی کە لەوانەیە بزووتنەوەی میژوو پێچاوپێچ بێت و ، لەوانەشە بۆ دواوە بڕوات و ، دەشێت کە پڕۆژەی لیبڕالیی دووچاری نوشووستی ناخۆ بێت لەزۆربەی وڵاتانی خۆرئاوا و ، بزاڤی مێژوو لەجولەدایە و لە حالەتی بەرز و نزمی بەردەوام دایە و ، ئەو ململانێ و کێبڕکێیەی کە ئێستا لە جیهان دەگوزەرێت بریتیە لە دەنگی هاتنی قۆناغێکی نوێی مێژوویی کە بەتەواوەتی بەرهەڵستە لەگەڵ ئەوەی فۆکۆیاما خستبوویەڕوو … پێشبینی سیستەمێکی نوێی نێودەوڵەتی دەکرێت  و ، وڵاتەیەکگرتووەکان بەو ئاسانیە تەنازول لە سەرکردایەتیکردنی سیستەمی جیهانی ناکات و بەهەموو هێزەوە بەرگری دەکات ، ماوەیەکی دیکە جیهان بەرەو فرەجەمسەری دەڕوات ئەوەتا چین و ڕوسیا و هیندستان هاتونەتەپێش و ، ئەو جەنگەی ئۆکرانیا و ململانێی چین و وڵاتەیەکگرتووەکان بریتیە لە : ژانی دروستبوونی جیهانێکی نوێ کە وڵاتەیەکگرتووەکان دەیەوێت لەباری ببات بەڵام ناتوانێت بیوەستێنێت .

23/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر