کلتوری نوژەنکردنەوە«الصيانة»
یا چاکردنەوە لەکن کورد و لە کوردستان زۆر سست و لاوازە و ڕەگداکوتاو نیە لەناو
دابونەریتمان ، جۆرەها نۆژەنکردنەوە هەیە ، نوژەنکردنەوە لە بواری بیناسازی و دەزگا
بەکارهاتووەکان ، نۆژەنکردنەوەی بواری بایەلۆژی و نۆژەنکردنەوەی عەقل کە کورد لەهەموو
کات زیاتر پێویستی پێیەتی و یەکێکە لە هۆکارەکانی
شکست و دواکەوتوویی ئەم گەلە.
نوژەنکردنەوە
واتە پێدانی تەمەنێکی نوێ بە ژیانی خۆت و هەموو دەزگا و دامەزراوەکان و پاریزگاریکردن
لێی ، خەڵکی کوردستان لەسەر کلتووری نۆژەنکردنەوە ڕانەهاتوون :
یەکەم : نۆژەنکردنەوەی
بواری بیناسازی ، تاکی ئێمە بیست ساڵ زیاتر لەناو خانوەکەی خۆیەتی هیچ گۆڕانکاریەکی
لێناکات و نۆژەنی ناکاتەوە هەتا دەڕزێت ، بۆ ئامراز و دەزگاکانی کەلوپەلی ماڵیش بە
هەمان شێوە و لەهەموو شتێک ئیهمالە ، عەقلیەتێکی فێرخوازی نیە کە هەست بەوە بکات
ئاو بەفیڕۆ نەدات و ، زۆر بەکاربەرە بەتایبەتی لەخۆراک و فڕەدانی و ، یەکێک لە ڕێساکانی
ژیانمان بریتیە لە : «فەرهەنگی بەکاربەر-ثقافة الاستهلاك» ئەو فەرهەنگە وایلێکردوین
هەموومان بەتەواوی شتەکان پشتگوێ بخەین .…دەسەڵاتیش بەهەمان شێوە باڵەخانە و ڕێگاوبان
و زێراب و بۆڕی ئاو و پاڕک و باخچە و جوانی ناو شار…هتد تا تێکنەچێت بەلایدا
ناچێت و چاکی ناکاتەوە و دەزگاکانی سیانە ناکات.
بەکورتی
کلتووری نۆژەنکردنەوە لە دەرەوەی موفرەداتی فەرهەنگی ڕۆژانەمانە و زۆر بە تووندی
کاری نۆژەنکردنەوە فرامۆش دەکەین و ، دەیان ساڵ دەڕوات بێ ئەوەی گۆڕانکاریەک ڕووبدات
و ، بێئەوەی ئاگامان لەخۆ بێت نوێ دەگۆڕێت بۆ کۆن و توانای ئەوەی نابێت هەروەکو خۆی
بمێنێتەوە .
دووەم : نۆژەنکردنەوەی
بایەلۆژی یان کێشە و نەخۆشیەکانی کۆئەندامەکانی جەستەمان ، زۆربەی تاکی ئێمە کاری
پشکنینی گشتی تەندروستی ساڵانە ناکات بۆ دڵنیا بوون لە سەلامەتی جەستەی و ، تا کەریگەریەکی
خەراپی لێنەکات سەردانی پزیشک ناکات ، دەتوانم بڵێم کە کورد لە پێشەنگترین گەلە لە
فرامۆشکردنی تەندروستی ، هەر بۆیەش لە پێشەوەی گەلانی جیهانین لە تووشبوون بە نەخۆشی
شەکرە و فشاری خوێن و دڵ و گوێ نادەینە هیچ ، ئەوە حاڵی ئێمەیە فرامۆشی هەر شتێک دەکەین کە پێویستی بە جۆرێک لە جۆرەکانی
نۆژەنکردنەوە بێت ، ئێمە وای دەبینین کە مادام کۆئەندامەکان کار دەکەن و کاران و لە
ڕواڵەتدا هیچ خەوشێکی نیە و وا بەڕێوەدەڕوات و ئاستەنگی وا نایەتە پێش ، ئەوە ئێمە
زۆر باشین تا کاتێکی نادیار ئەوسا دەبینین لەهیکران کارەکە پێچەوانە دەبیتەوە! ئەوە
بەسەر خۆم هاتووە لە بواری تەندروستیدا و ئەو فرامۆشیە زەرەری پێگەیاندم .
سێیەم : نۆژەنکردنەوەی
عەقل و هزر و بەهاو پڕنسیپ و هەستەکان و ئینسیانیەتەکانمان ، عەقلی ئێمە لەگەڵ گۆڕانی
سەردەم خۆی نوێناکاتەوە ، نۆژەنکردنەوەی عەقل
واتە مەشقپێکردنێکی گرنگی مێشک لەسەر نوێکردنەوە و رێکخستن و مەشقپێکردن ، بەهەمان
عەقلی کۆن بڕیار دەدات و ئایندە دیاری دەکات و ، بەمەش شکست دەدورێتەوە ، عەقلی ئێمە
عەقلێکی چەقبەستووە پێویستە خۆی نوێ بکاتەوە و لەو چەقبەستوویەی دەربێت و لەگەڵ سەردەمدا
بڕوات ، نوێبوونەوە مانای ئەوە نیە لە سفرەوە دەستپێبکەین ، نوێبوونەوە بریتیە لە
خاوێنکردنەوەی عەقل لە خڵتوخۆڵی شیکردنەوەی هەڵە و دانانی لە چوارچیوەیەکی سەردەمیان
کە ڕێگە بە ئێمە بدات و ، بڵێین تێگەیشتنی عەقل-مان نوێکردەوە…. هەروەها نۆژەنکردنەوەی
عەقل واتە ڕێگە نەدەین عەقل و هزری کۆمەڵگەکەمان بکەوێتە کاریگەری کۆمەڵەکەسێکی
دواکەتوو لەڕووی عەقلیەوە بە هێمنانە کۆنتڕۆلی کۆمەڵگە بکات بە پلەیەک زهنیەتی کۆمەڵگا
بکاتە زهنیەتێکی توونڕۆ کە جیاوازی ڕاستەقینە قبوڵ نەکات و پاساو بۆ قبوڵکردنی کەلەگایی
و گێچەڵ و ڕەگەزپەرستی بێنێت .
سوودەکانی نۆژەنکردنەوە
زۆرن ، پارێزگاری و تەمەنێکی زۆرتر بۆ بواری بیناسازی و بایەلۆژی و عەقل دەکات و ،
دەبێتە مایەی دۆزینەوەی هەر خەلەلێک کە پێش ئەوەی کێشەکە گەورە بێت و چاککردنی
قورس بێت ، ڕێگە دەگرێت لە بەفیڕۆدانی پارەی زۆر و کاتی زۆر کەمدەکاتەوە ، پاریزگاری
لە هەر دەزگایەک دەکات بەر لەوەی لەکاتێکی ناخۆشدا بوەستێت و ، بەدوورگرتنی ڕاوەستانی
لەهیکڕای هەر هەر ئامرازێک لە کاردا و لەئەستۆگرتنی خەرجی مادی فەوری بۆ کڕینی…هتد.