ڕۆشنگەری ئەوروپا و هاودژی کێشەی گەلانی ستەملێکراو!

محەمەد خۆشناو
مۆدێرنە «الحداثة» ی خۆرئاوا کە داوای پرنسیبەکانی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی دەکات ، کەچی ئەم پڕنسیپانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلانی ژێردەست و ستەملێکراو  بەتایبەتی گەلی کوردستان لە هەموو پارچەکان بەکارناهێنن ؟!

نکۆڵی ناکرێت کە لە واقیعی نێودەوڵەتیدا کێشەی کورد ، کێشەیەکی گەورەیە و لێکەوتەی تراژیدی مێژوویی هەیە ! بەڵام خۆرئاوا هەمیشە بەدووفاقی و بەرژەوەندی خۆی مامڵەی لەگەڵ ئەو کێشەیەدا  کردووە!

چۆن دەبێت  شارستانیەتێک کە بەری ڕەنجی هزروبیری فەیلەسوفەکانە کە هەموو خۆزگەوئاواتیان گەڕان بووە بەدوای ڕاستی و هێنانەدی هەق و دادپەروەری ، کەچی بۆ هەندێک ناوچە پێچەوانە بۆتەوە….ئایا عەقلی ڕۆشنگەری «التنوير » خۆرئاوا خیانەتی لەخۆی کرد و دەسکەوتەکانی خۆی لە ڕزگارکردنی گەلان لە دواکەوتوویی تێکوپێک دا؟!

وڵاتەیەککگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا دەرک بەوە دەکەن کە خاکی کوردستان لەلایەن  هەندێک وڵاتەوە داگیرکراوە و جۆرەها ئازار و ستەم دەچێژێت !! ، مێژوو ئەوەشمان پێدەڵێت کە گەلانی تێنووی ئازادی هەرگیز تەسلیمی ستەمکار نابێت و ، هەموو ژیانی بۆ بەرگری تەرخان دەکات ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە : چۆن ئێمە لێکدانەوە لە نێوان پڕنسیبی نوێگەری و ئەو لادانە لەکن ئەو گەلانە بکەین کە لەژیر سایەی نوێگەری نەشونومایان کرد و لەسەر زەویەکەیان زەردەپەڕی ڕۆشنگەری و مافی مرۆڤ و دیموکراسیەت سەریهەڵدا؟! 

گومان لەوەدا نیە کە نوێگەری خۆرئاوا ، ڕۆشنگەری هێنا کایەوە و ، بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی و مافی مرۆڤی هێنادی ، بەڵام لەڕاستیدا ئیستیغلال و کۆنتڕۆلکردن و دووڕوویشی هێنا ! نوێگەری لەجیاتی ببێتە ڕێگایەک بۆ دەربازکردنی مرۆڤایەتی لە کێشە و تەنگوچەلەمەکانی ، بەداخەوە بۆتە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و ئیستراتیژیەتێکی براگماتی گەورە زلهیزەکان کە بۆ ئیستیغلالکردن بەکاریدەهێنن .

«هابرماس»ی فەیەسوفی ئەڵمانی دەڵێت : ئەزموونی نوێگەری تەئکیدی لەوە کردۆتەوە کە پڕۆژەیەکە تەواو نەبووە ، چونکە ئەم ئەزموونە بەڵێنی فەیلەسوفەکانی ڕۆشنگەری نەهێناوەتەدی و ، هەروەک گشتگیریش نەبووە بەسەر هەموو گەلانی سەر زەوی ، بەڵکە گەلانی ئەوروپی و ئەمەریکی بەری ڕەنجەکەیان لە بوونی دیموکراسی و ئازادی ئایینی و مافی مرۆڤ دووریتەوە ، بەڵام گەلانی تر وەک ئەوەی لەسەردمی چاخی ناوەڕاستی ئەوروپادا بژین وان و ، لەژیر هەژاری و برسێیی و ستەم و ئسوڵیەتی ئایینیدا دەناڵێنن .

بەداخەوە وێڕای ئەوەی باسمانکرد ، دۆخی ئێستای کوردستان لە دابەشبوون و لێکترازان و ناکۆکی و ململانێی نادروست و ، خەڵکیش کە لەنێو جۆرەها کێشە و تەنگوچەلەمەدا دەژیت ، کەچی بڕیاربەدەست و سیاسیەکان لە جیهانێکی دیەکەدان ، بەڕاستی دیمەنێکی نیمچە سوریالیە .

18/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر