گفتووگۆ و ئاشتەوایی ناوخۆ زامنی کوردستانێکی بەهێزە!

محەمەد خۆشناو
ماوەیەک لەمەوبەر و هەروەها چەند لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ، هەرێمی کوردستان گیرۆدەی سەرئێشەی ڕاپرسی لەسەر ئاییندەی هەرێم و ، هەندیک ووتاری رەخنەی تێکدەرانە لەسەر داڕمانی قەوارەی کارتۆنی و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەفتی هەرێمی کوردستان و دڕدۆنگبوونی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بووەوە ، بەداخەوە ئەم شاڵاوە بووبوە جێگای خۆشحاڵی هەندێک میدیا و کەمتیارەکانی سۆشیالمیدیا کە بەشاگەشکەییەوە بڵاویاندەکردەوە ، بڕواناکەم هیج کوردێکی دڵسۆز دڵی بەوەخۆشبێت کە حەزبکات تاکە قەوارە تاقانەکەی بڕووخێت کە بەری ڕەنجی «100» ساڵی قوربانیدانە ، بەڵام هەندێک گەنجی خێرلەخۆنەدیووی خوێن گەرم کە ناتوانن کۆنتڕۆلی غەریزە و سۆزەکانیان بکەن ، لە تووڕەییان لە دەسەڵات نەک بڕوای تەواویان ، داوای داڕمانیان بە کۆمێنتەکانیان دەکرد ، کە لەوبڕوایەدام ئەوانیش کە ئەگەر داواکاریەکانیان لە بوونی هەلی کار بێتەدی ئەو داوایە ڕەتدەکەنەوە …..لەکۆتاییدا قەوارەی هەرێمی کوردستان ئێمەین ، دەستکەوتەکانی دەسکەوتی ئێمەیە ، زەرەرەکانیشی زەرەری ئێمەن ، دەسەڵاتیش دەبێت بەوپەڕی سینگ فراوانیەوە ئەو ڕەخنانە بەجیدی و بەهەند وەربگرێت کە لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان  ئاراستەی دەکرێن ، دیارە ڕەخنەکانیش بونیاتنەرن بۆ چاککردنی شیوازی ئەدای دەسەڵاتە کە ئەمەش بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتنە .
بێگومان هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئابووری و جیۆپۆلەتیک و زۆر بواری تر جێی بایەخی زلهێزەکانە بەتایبەتی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، ئەم بایەخە لەبەر خاتری خۆشەویستی بۆ کورد و ئەو زۆڵم و ستەمەی بەدریژایی مێژوو لێیکراوە نیە ، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خۆیەتی ، کەواتە ئێمە چۆن بتوانین ئەو بەرژەوەندیانە باشتر بخەینە ناو ستراتیژیەتی ئەمەریکا و لەخزمەتی ئەودابێت بکەین ؟! و کە دەبێت لەوەوە دەستپێبکەین کە هەرێمی کوردستان لەو چەقبەستووە سیاسی و ناکۆکی حزبەکان و کزبوونی متمانەی جەماوەر بە دەسەڵات و حزبەکان دەربهێنین ، کە ئەمانە وێنەی هەرێمی کوردستانی ناشیرین و لاواز کردووە !  .
ئێمە دەبێت دان بەوە بنێین کە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە حالەتێکی ترسناک ، کە ئەویش تووشی نەخۆشی ئایدزی سیاسی بووە ، حاڵەتی لاوازبوونی بەرگری یا مەناعەی سیاسی  کە نیشانەکانی بریتیە لەوەی کە : دەتوانرێت ڕووخسارەکەی بەو فەشەلانە بۆ بەروەڕووبونەوەی تەحەدیاتەکان دەستنیشان بکەین ، بەگوزارشتێکی وورتری ستراتیژی واتە حالەتی داڕمانی مەناعە خوودیەکانی زۆرێک لە حزبەکان بەرانبەر دۆژمنان و ناحەزان ، کە بەهۆی پەرتەوازەیی و لاوازی ڕیزەکان و دابەشبوون و نەمانی متمانەوە دروستبووە ، کە هەمیشە دۆستەکانمان هۆشداریمان دەدەنێ و ووریامان دەکەنەوە لە دەرئەنجامە خراپەکانی ئەو نەخۆشیەی کە بەرۆکی کوردستانی گرتووە .
ئەوڕۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بەچەترێکە تا هەمووان بە حزب و لایەنەکان و  دەسەڵات و ڕاجیاوازەکان لەژێریدا بە دایەلۆگ و گفتووگۆ کۆببنەوە بۆ ڕەسمکردنی ستراتیژیەتێک و نەخشەڕێگایەک بۆ هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغی ئاییندە ، بۆ ئەوەی لەو قەیرانانەی کە هەرێمی کوردستان لەناوخۆ و دەرەوەدا پێیدا تێپەڕ دەبێت دەرچین ، ئەم کێشە و گیروگرفتانەی کە ئێستا لەناوخۆدا هەیە دابەشبوون و ململانێی قوڵتر کردووە و ، وای لە هەندێک کردووە کە لەسەر حسابی کێشەی کورد پەنا بۆ ناحەز ببات و تەنازول بکات  !! بەڵام بۆ وایلێبکرێت و لەبەرچی تەنازول بۆ یەکتری نەکەین ؟! هەندێک پێیان وایە کە بەو عەقلیەتەی ئێستا گفتووگۆ و دایەلۆگ کۆتایی هاتووە ، یا لەباشیرین حالەتدا چۆتە ناو بەفرگرێکی زۆر سارد کە هەرگیز بەزیندوێتی نایەتە دەرەوە ، چونکە قەبارەی کێشە و جیاوازیەکان زۆرن و  دووری متمانە فراوانە ، بەڵام کێیە ئەو کەسەی دەتوانێت کە هاودژەکان بە موعارەزە و پشتگیریکار ، نزیک و دوور ، بەهێز و لاواز کۆبکاتەوە و ، هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبێت کە پەیوەندیەکان بپچڕێن ، چونکە سیاسەت هەروەکو ئەرسۆ دەڵێت بریتیە لە : زانستی سەرۆکایەتی ، لە قسەیەکی تردا سیاسەت بریتیە لە : هونەری سەرۆکایەتی…و پێویستە بڕیاربەدەست دەرگە و پەنجەرەکانی تا ئەبەد کراوەبن ، پێم وایە و بەشاهێدی زۆرینە ئەو هونەرە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆبۆتەوە ، «ئەو» پێی وایە هەڵەیەکی مێژووییە تۆ دەرگا بەروەڕووی ئەوەی موخالیفی ڕەئی تۆیە دابخەیت کە ئەمە زۆر لەسەرت دەکەوێت ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک پزیشکێکی دایەلۆگ و گفتووگۆ کە ئەزموونی نەشتەرگەری سەرکەوتووی لە ئارامکردنەوەی دۆخی نالەبار و چارەسەرکردنی کێشە و تەنگوچەلەمەکان هەیە ، دەتوانێت هەرێمی کوردستان لەو پەتا و ڤایرۆسە کوشندانە بپارێزێت کە هەڕەشە لە داڕمانی هەرێمی کوردستان دەکات و ، چەندین جاریش داوای کۆبوونەوە بۆ گفتووگۆ و دایەلۆگ لە هەموو لایەنێک کردووە بۆ وەلانانی ئەو ترسناکیەی کە بەروەڕووی کوردستان بۆتەوە و ، ئەمە داواکاری هەموو کوردێکی دڵسۆز بووە .
ئەوڕۆ تاکە چەکی سەردەم گفتووگۆ و دایەلۆگە کە کلتوورێکی ناسکیشە کە کوردستان بەهێز دەکات ، هەرێمی کوردستان بەیەکگرتویی لەناوخۆدا هەرگیز ناتوانرێت شکستی پێبهێنریت ، کە دەفرێک لەبنەڕەتدا پڕبوو ناتوانرێت بەشتێکی تر پڕیکەیتەوە ، تەنها ئەگەر بەتاڵی بکەیتەوە ، کۆمەڵگەیەک کەسانی ئیلهامبەخشی هەبوو ناتوانرێت لە تاقیکردنەوەکانی فشاری دەرەکی بکەوێت .

01/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر