وەهمی پارە و دەسەڵات و تەمەن !

محەمەد خۆشناو
مرۆڤی ڕاستەقینە بە جوانی و جلوبەرگ و دەوڵەمەندی و پۆست و پێگە نیە ، بەڵکو بە کار و کردەوە و بەخشش و ڕاستگۆیی و خاکەرایی و مەعدەنی پاکە کە لەناخۆشی و قەیرانەکاندا دەبێتە فریادڕەس  ، ئەو مرۆڤەیە کە دەزانێت تەمەنی هەرچەند بێت لەدواجار دەخرێتە ناو قۆڵتێکی حەقیر و خۆڵی بەسەردا دەکرێت .

شتێکی مەزنە کە مرۆڤی دەسەڵاتدار و پارەدار کار بۆ بەختەوەری دەوروبەری خۆی بکات و ، ئەوەندەی پێیبکرێت یارمەتی بدات و ، واز لە گەندەڵی و ستەمکردن بێنێت ، چوونکە دەورانی ژیان هەرچەند درێژ بێت ، لەگەڵ هەموو بەیانیەکی نوێدا لەخاڵی کۆتایی نزیک دەبێتەوە ، مرۆڤ نابێت پلانی خۆی لەسەر تەمەنی درێژ دابنێت ، چونکە ئەمە بەدەست تۆ نیە ، ئەوەی بەدەستتە پڕۆژەکەتە کە بیکەیتە تەمەنێکی فراوان ، تەمەن یادێکە و دەڕوات ، تەمەنی مرۆڤ بەوە ناپێورێت کە تا چەند درێژە و  چەند بەدەستی دێنێت ! ، بەڵکو بەوەی کە دەیدەیت و پێشکەشی دەکەیت و ، بەوەی کە پێش ئەوەی بچیتە ژێر گڵ بەتاڵی دەکەیت ، بەوە دەپێورێت کە تا چەند دەتوانیت خۆشەویستی بڵاوبکەیتەوە و ئەوانی دیکە بەختەوەر بکەیت و ، بەو بەخششە دەپێورێت لە میانی ئەو تەمەنە کە پێشکەش دەکات ، دەشێت لە تەمەنێکی کورتدا گەورەترین بەخشش پێشکەش خانەوادە و نیشتیمان و مرۆڤایەتی بکەیت ، هەریەکە بەپێی ووزە و توانای خۆی .

چەندان دەوڵەمەند و سیاسەتمەدار و کەسی ژیرمان  بینی نەیانتوانی پارەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەنە ژێرگڵ و نەشیانتووانی خزمەتێکی شیاو پێشکەش بکەن و ، نەشیانتوانی منداڵە لادراوەکەی دەرباز بکات و پارە و دەسەڵات سوودی بۆیان نەبوو ، نەشیانتوانی بەو پارە و دەسەڵاتە سوود و خزمەت پێشکەش گەل و نیشتمانەکەی بکات ، کۆکردنەوەی پارە و لەسەریەک دانان و نەشوەی دەسەڵات وەهمێکی گەورەیە .
مادیەکان وەکو تۆماس هۆبز و سوودخوازەکان «النفعیون» وەک نیقۆلا مکیاڤیللی ، پێیان وایە ئەو کەسەی هەندێک لە پارەکەی خۆی بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەوانی دیکە خەرج بکات ، ئەمە ئەحمەقێکە دژی عەقل مامڵەدەکات ، چونکە سامانەکەی بەفیڕۆ دەدات لەجیاتی ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بکات یان بەخۆڕایی و بێبەرهەمهێنان سەرفی بکات ، کەمن ئەوانەی پارەکانیان و خۆیان و کاتیان بۆ کاری مرۆیی و خێرخوازی بەرهەمدار بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیەکانیان و نیشتیمانەکەیان پێشکەش دەکەن .

پارە و دەسەڵات  وەهمە ، بەڵام هەربژی بۆ کار…هەربژی  بۆ خواستی ئاوەدانی و فراوانکردن ، بەمانایەکی تر هەربژی بۆ ئەو وەهمەی کە هەموو شتێک دەجوولێنێت ، لەدواجاردا مرۆڤ نەمر نابێت ، ئەوەی نەمرە کاری خێر و پڕبەخششە و ، ئەمەیە داردەستە سحراویەکەی موسا  ، ئەوەی هەر تەنها بۆخۆی ژیا مردووە لەناو زیندووەکاندا و ، ئەوەی بۆ ئەوانی دیکە ژیا  و مردووە دەژیێت و دەمێنێت .


13/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر