لە رۆژی کتێبدا، پشکی خوێندنەوەی تاکێکی کورد چەندە؟

محەمەد خۆشناو
یۆنسکۆ رۆژی ٤/٢٣ی بە رۆژی جیهانی کتێب داناوە ، لەو رۆژەدا«شەکسپیر» ی مەزن دەمرێت و ، هەر لەو رۆژەدا« میگێل دی ثیربانتس»ی خاوەنی شاکاری نەمر « دۆن کیشۆت» دەمرێت... کتێب کۆگای مەعریفەیە و ، خوێندنەوەی هەر بۆ خۆرۆشنبیرکردن و بونیاتنانی مەعریفە نیە ، هەروەها بۆ خۆشیش نیە ، خوێندنەوە دەرمانێکە بۆ نەخۆشیەکانی دەماغ و دەمار و زاکیرەیە ، باشترین ڤاکسینە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکانی عەقل.

 بیرمەندی فەرەنسی « جان پۆل سارتەر» دەلێت :- واپێدەچێت هەموو ئەوەی لە ژیانمدا دەیزانم ، لە کتێبەوە فێری بوومە ، لە راپۆرتێکدا خوێندمەوە  ، کە سالانە ، تاکێکی ئەمریکی«١١»کتێب دەخوێنێتەوە و ، بەریتانیەک«٧» کتێب ، لە جیهانی عەرەبیدا سالانە«١٦٥٠» کتێب بلاودەکرێتەوە ، لە ئەمەریکا سالانە«٨٥» هەزار کتێب بلاودەبێتەور ، هەر ملیۆنێک عەرەب «٣٠» کتێبی بەردەکەویت ، «١» ملیۆن ئەوروپی«٨٥٤» کتێبی بەردەکەویت ، دەبێت لە هەر ملیۆنێک کورد لە هەرێمی کوردستان چەند کتێبی بەربکەویت؟!

لە ووتارێکی«احمد الصراف»ی نووسەری کوێتیدا هاتووە ، کە « علاء الاسواني» پزیشک و رۆمانووسی میسری ، کە خاوەنی« بالەخانەی یەعقوبیان» و« شیکاگۆ» و چەندان رۆمانی بەناوبانگە ، سیمینارێکی بەنرخی پێشکەش کرد بەناونیشانی« بێئەدەبی لە میسر- قلة الادب في مصر» ، ناونیشانەکە بەپێی ئەو چەمکە باوە ، پەیوەست نیە بە بێ رەوشتی ، بەلکە بەو زەرەرووزیانە گەورەیەی کە دووچاری عەرەب بۆتەوە ، لە پشتگوێخستنی خوێندنەوەی ئەدەبی بەراورد بە جۆرەکانی تری خوێندنەوە.

ئەسوانی دەلێت: ژمارەکانی یۆنسکۆ ، کە لایەنێکی جیهانیە و ، تایبەتە بە کلتوور و هونەر و ئەدەب ، دەریخستووە کە پشکی خوێندنەوەی سالانەی تاکی عەرەب لە ولاتانی عەرەبیدا بریتیە لە «چارێگە لاپەرەیەک» ، ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەل پشکی تاکی ئەمەریکی«١١» کتێبە لە سالێکدا ، ئەدی دەبێت لە هەرێمی کوردستان چەند بێت؟!

تراژیدیای راستەقینە لای ئێمە ئەوەیە ، کە دۆخی رۆشنبیری کوردستان زۆر خەراپە ، لە کن ئێمە هۆکاری ئابووری بۆ نەخوێندنەوەی کتێب بوونی نیە ، نرخی کتێبێک ناگاتە فنجانێکی قاوە...دۆخی کلتووری کوردی لە دیدی کلتووریەوە بەرەولێژبوونەوەیە ، لە رووی کۆمەلایەتیش زۆر هەژارە ، نەوەی  سالی هەشتاکان و پێش ئەو سەردەمەش ، کوردستان خوێنەرێکی زۆری کتێب هەبوو ، کتێب ئەو دەست و ئەو دەستی دەکرد ، گۆڤاری وا هەبوو ئەگەر سرەت نەگرتبا ، بەبەرت نەدەکەوت و ، رۆژنامەکانی ئەوان رۆژێ خوێنەرێکی زۆری هەبوو... رژێمی ئەو کاتی هێشتا نەگەیبووە قۆناغی دیکتاتۆری تەواو ، بایەخی بە فێربوون دەدا و ، نەیدەهێشت پیاوانی ئایینی داوای خوێندنەوەی کتێبە ئایینیەکان بکەن و ، لەراستیدا نەیدەهێشت بەشێوەیەکی هەرەمەکی کتێبی ئایینی چاپ و بلاوبکرێتەوە.

من لە هەولێر و ، هەروەها لە سلێمانی و شوێنەکانی تریش ، پرسیارم لە چەندان کتێب فرۆش کردووە سەبارەت ئاستی فرۆشتنی کتێب و کەمی کریار ، هەندێکیان ناچار دوکانەکانیان کردۆتە قرتاسیە و ، سەندەویچ و ئەو شتانە...لێم پرسیون زیاتر چی دەفرۆشێت؟ گووتویانە ، ئەوەی رەواج و کریاریان هەیە کتێبی چیرۆکی سێکسی و ، ئەو کتێبانەی کە مۆرکێکی ئایینیان هەیە.

لە جەندان پیشانگای نێودەولەتی بۆ کتێب لە هەولێر و ، ئەو کتێب فرۆشانەی سەردانم کردوون ، هەندێک ناونیشانم بینی ، بزانە ئەمە چ جۆرە کتێبە داخوازیان لەسەرە!! ئەمە ئاستی تێگەیشتن و رۆشنبیری ئەم میللەتەمان بۆ روون دەکاتەوە ، ئەوسا دەزانین کە حالەتەکە چەند کارەساتاویە! زۆربەی ئەم ناونیشانانە عەرەبین.

- مردوان لە گۆردا و پرسیاری ناو گۆر!

-چارەسەری خودایی بۆ دەستوەشاندی شایتان.

-بەرلەوەی بچیتە حەمام چی دەلێیت.

- بنەما تەندروستیەکانی سێکسکردن.

- چۆن جنۆکە لە جەستەدا دێتە دەرەوە

-چارەسەرکردنی کەسانی تووشبو بە شەیتان.

- ئازارەکانی ناو گۆر.

ئەمە جگە لەوە ئەم پیشانگایانە ، بەهەرەمەکی کتێبی ئایینی ترسناکی تووندرۆوە ئیسلامیەکانیان هێنابوو ، کە بە بیروبۆچوونی ژەهراوی ئاودرابوون و قەرەبالغیەکی زۆر لەسەر کرینی ئەو کتێبانە بوون ،  لە رۆژی کتێب ئەمە دۆخی خوێندنەوە و کتێبە لە کوردستان ، ئەمە جگە لەوەی کە بەداخەوە لە بێجەدوایی نووسین لە لای ئێمە دەیان نووسەر خۆیان دوورخستەوە  لە کتێب و دابران ،  کە ئەمەش جێگەی داخە. 

23/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر