سەنگاپورا و هەرێمی کوردستان

محەمەد خۆشناو
لە سەنگاپورا سزای هەر کەسێک زبڵ و خاشاک یا قونکە جگەرە و دەبەی ئاو فڕەبدات غرامەکەی لە نێوان 1000 دۆلار تا5000 هەزار دۆلارە ، لەگەل ناچارکردنی کەسی سەرپێچیکار کە دەبێت تێکەلی خزمەتگوزاری ناچاری کۆمەلایەتی بێت وەکە هەڵگرتنەوەی دەبەی ئاو و خاوێنکردنەوەی شەقام و ڕێگاکان تا خزم و کەسوکاری بیبینن ، ئەم یاسایە کە «لی کوان یو»ی ڕابەری بوژانەوە و دامەزرێنەری سەنگاپورا دەریکرد و کاریپیکرد.

هەر لە سەنگاپورا سنووریان بۆ بنێشت جووین دانا و ، قەدەخەی فرۆشتنی بنێشتیان کرد ، ئەگەر یەکیکیان دیتبا وا بنێشت فڕەدادات سزایەکی زۆر تووندیان دەدا ، تاکە بنێشت کە ڕێگە پێدراو بوو بفرۆشرێت ئەو بنێشتە بوو کە بۆ بەکارهێنانی پزیشکی بەکار دەهات.

لە سەنگاپورا قەدەخە بوو وێنە و نیگار و نوسین لەسەر دیوار بکێشریت ، ئەگەر یەکێکیان دیتبا وا نوسین یا وێنە لەسەر دیواری سەر شەقام- هەتا لەسەر دیواری ماڵی خۆی- دەکات سزاکەی لێدان بوو بە دار ، لەو ولاتە نێرگەلە و جگەرەی ئەلکترۆنی و گەمەی ئاگرین و خواردنەوە لە شوێنە گشتیەکان و ئازاردانی گیانداران و یا کەسێک گیاندارێکی دەگمەنی هەبێت قەدەخە بوو ، هەرکەسێک سەرپێچی کردبا سزاکەی زۆر تووند بوو ،  لی کوان لە بەرگی دووەمی یادەوەریەکانی بەناونیشانی « لە جیهانی سێیەمەوە بۆ یەکەم ، چیرۆکی سەنگاپورا 1965-2000 » دا دەڵێت: ئەرکی من گۆرینی سەنگاپورا نیە ، بەلکە گۆرینی بیرکردنەوەی هاولاتی سەنگاپوریە تا ئەوان سەنگاپورا بگۆرن.

فەلسەفەی باوک و دامەزرێنەری سەنگاپورا لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە : بڕوابوون بە هێزی بازاڕی ئازاد ، ڕۆلی گەشەپێدان لە لایەن حکومەتێکی مەرکەزی بەهێز و ، سەرلەنوێ رۆشنبیرکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی هاولاتی تەنانەت ئەگەر لەسەر حسێبی ئازادیەکانی شەخسیش بن ، لەوانە بە تاوان و تۆمەتزانینی تف ڕووکردن لە شوێنە گشتیەکان.

ئەگەر ئەمەی باسمانکرد بەراوردی بکەین لەگەل هەرێمی کوردستان ، ئێمە لەکوێ و ئەوان لە کوێ! چەندین جار خۆم بینیوومە لەناو سەیارە دەبەی ئاو و کلینکس و هەرچی کەلوبەلی پیسی ناو ئۆتومبێل هەیە لە پەنجەرەوە فڕەی دەدەنە سەر شەقام و شۆفێرەکەش بە پێکەنینێکی بێمنەتانەی سەرسەریانە تەماشات دەکات ، یا ورە سەیری شۆستەی نێوان هەردوو شەقام بکە کە پڕە لە دەبەی ئاو و قوتووی بیبسی و خواردنەوەی تر و لایلۆن و ئەو شتانە کە  کۆمپانیای خاوینکردنەوە پێڕاناگەت هەلیانگرێتەوە ، جارێ ئەگەر تۆ پێویستت بە ئاودەستخانەکانی مزگەفتەکان بوو بەراستی کارەسات دەبینیت ، بەداخەوە زۆربەی خێزانی کوردستان ماڵی خۆی خاوێن ڕاگرتووە و بەلام ئامادەنیە چەند مەترێک دوور لە ماڵەکەی خاوێن بکاتەوە ، زۆر جار بینیومە حاویەی زبڵ لە تەنیشتیەتی کەچی پاشماوە لەسەر جادە یا لەناو ئەو شوێنەی لێیدانیشتووە فڕەدەدات ، کە سەیری زارکی ئاو و ئاوەڕۆکانی سەر شەقامەکان دەکەیت کە پڕ بووە لە زبڵ و خاشاک و پسایی ، بەدەست خۆت نیە خەفەت دەخۆیت.

ڕابەری بووژانەوەی سەنگاپورا و هاوڕێکانی ، یاسای تف رووکردنیان زۆر بە تووندی جێبەجێکرد و ، حکومەت ساڵی یەکەم 128 کەسی بە تۆمەتی تف ڕووکردن غەرامە کرد و ساڵی 1985 , 139 کەسی دیکە ، بۆیە هەر لەسەرەتای جێبەجێکردنی یاسایەکە تف ڕووکردن لەسەر شەقام و شوێنە گشتیەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کەمتر بووەوە و تا وایلێهات گەلی سەنگاپورا بوون بە مایەی ڕێزگرتن لە ولات و لەیەکتری ، ڕاستیەکەی کارکردنی ئەم پیاوە بۆ ئەوە بوو کە ویستوویەتی لەنێو کلتووری گەلی سەنگاپورادا ، بیرۆکەی پیرۆزی و ڕێزدانانێک لەنێو ژینگەی گشتیدا بخولقێنێت ، یان بیرۆکەیەک لەنێو مێشکی هاولاتیان بچەسپێنێت کە سەنگاپورا ولاتی هەمووانە بۆیە دەبێت رێز لە دانیشتوانەکەی بگرین.

لە ولاتانی دیکەی خۆرهەلاتی ئاسیا هەمان سیاسەتی قەدەخەکردنی تف رووکردنیان لە شوێنە گشتیەکان گرتەبەر ، ئەمەش وەک سیمبولێک بووە بە مایەی جیاکردنەوەی مرۆڤی شارستانی لە مرۆڤی ناشارستانی.

هەق وایە هەرێمی کوردستانیش یاسایەکی هەبێت کە ئەوەی ڕەچاوی پاک و خاوێنی ئاودەستخانە گشتیەکان  نەکات و یا دەبەی ئاو و قووتوی بیبسی و خواردنەوەکانی دیکە فڕەبداتە سەر شەقام و شوێنە گشتیەکان و گەشتیاریەکان سزای گونجاو بە غرامە کردن و ناچارکردنی کەسەکە بە خاوێنکردنەوەی شەقام و شوێنەکانی دیکەی بەسەردا بسەپێنن تا نەبنە مایەی تێکدانی ژینگەی کوردستان.

30/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر